كەشتییەكەی سیسیۆس

گەشتێك بەناو دەریای فەلسەفەدا

01:37 - 2024-06-06
ئەدەب و هونەر
947 جار خوێندراوەتەوە

ئاوات ئەحمەد سوڵتان
(3)


بیرەکەی تێلیس
من لەبارەی فەلسەفەوە دەنوسم، کەژاڵ ئەحمەدی هاوڕێم لە ئەدەب و هونەر بڵاوی دەکاتەوە، ئەمە بیرۆکەیەکی پێدام: دوو بەش خەریکی کاری تیۆری دەبم و بەشی سێهەم یەکێک لە چیرۆکەکانی فەلسەفە دەگێڕمەوە. سەرەتا با بڵێم مەبەستم لە " بیر" ەکەی تێلیسە کە چاڵاوێکە، نەک "بیرە" کە جۆرێکە لە خواردنەوە. چیرۆکەکە ئەمەیە : ئێوارەیەکیان تێلیس بەڕێگادا دەڕوات و سەری بەرزکردۆتەوە و سەیری ئاسمان دەکات، لەناکاو دەکەوێتە ناو بیرێکەوە (هەندێک دەڵێن دەکەوێتە ناو نافورەیەکەوە). لەوکاتەدا کچە خزمەتکارێکی تراخیایی هاتبوو بۆ ئاو هەڵکێشان، کە ئەمە دەبینێت، دەداتە قاقای پێکەنین و دەڵێت: "ئەم پیاوە شارەزای ئاسمانەکانە، کەچی بەرپێی خۆی نابینێت"! 
بەڵام بوەستە، مەسەلەکە ئەوەندەش پێکەنیناوی نییە. تێلیس یەکەمین فەلەسوف و یەکەمین زاناشە لە مێژووی بیرکردنەوەی خۆرئاواییدا.،ئەو سەیری ئاسمانی دەکرد، خەریکی لێکۆڵینەوەکانی بوو، ئاگای لەخۆی نەمابوو، بۆیە کەوتە ناو بیرەکەوە. تێلیس یۆنانیە، بەڵام لە یۆنان نەژیاوە. ئەمە چۆن؟ ئەو خەڵکی شارێکی کەنار دەریای ناوەڕاستە ناوی مایلیتوس، یان مێلیتوسە، دەکەوێتە ناو تورکیای ئێستاوە. ئەمە یانی چی؟ مانای ئەوەیە کە یۆنانی دێرین هەمان ئەو یۆنانە نیە کە ئێستا هەیە. نەخێر، ئەوان لە شارەکانی خۆیانەوە بەڕێکەوتوون و شوێنانی دیکەیان ئاوەدان کردۆتەوە (یان داگیرکردووە) و کردوویانە بە کۆڵۆنی خۆیان. لە لایەکی دیکەشەوە دەتوانین بڵێین فەیلەسوف (بێگومان بە شێوەیەکی ڕەها نا) بە پرسە گەردونییەکانەوە سەرقاڵە، بۆیە زۆر کاری بەم ژیانەی ئێرە نیە. یانی! ئەمە زۆریش ڕاست نیە، چونکە فەیلسوفی پراکتیکی وەک مارکسیشمان هەیە، کە قسە نێودارەکەی کردووە: تا ئێستا فەیلەسوفەکان خەریکی لێکدانەوەی جیهان بوون، بەڵام کاتی ئەوە هاتووە بیگۆڕن." بەڵام با شتێکی خۆشی دیکەشتان بۆ بگێڕمەوە: ڕۆژێکیان فەیلەسوفی ئەڵمانی فریدریک نیتچە پیاسە دەکات، لەناکاو خۆی دەکێشێت بە مانگایەکدا ! کڵاوەکەی دادەگرێت و دەڵێت: " ببوورە خانم! "، کەمێکی تر دەڕوات و ئەمجارەیان خۆی دەکێشێت بە ئافرەتێکدا و بە تووڕەییەوە دەڵێت: "دیسان مانگاکە هاتەوە!"
با لەوە گەڕێین. تێلیس هەروا لەخۆوە سەیری ئاسمانی نەدەکرد، بەڵکو لێکۆڵێنەوەی لە شوێنی مانگ و ئەستێرەکان دەکرد و بیری لە دیاردە گەردونییەکان دەکردەوە. پێتان سەیر نەبێت ئەگەر بڵێم تێلیس پێشبینی خۆرگیرانێکی کردبوو کە  لە ڕۆژی 28 ی مایسی ساڵی 579 پ.س دا ڕوویدا. هەروەها ئەستێرەی ورچە گەورەی دۆزییەوە و دەریاوانان کردیان بە ڕێنمای خۆیان لە گەشتە دەریاییەکانیاندا. جگە لەوە ڕاشیگەیاندبوو کە خۆر ٧٢٠ ئەوەندەی زەمین دەبێت. ئەم ژمارەیە گەرچی نادروستە، بەڵام بۆ ئەو سەردەمە کارێکی نائاساییە. چونکە ئەگەر بەچاو سەیری بکەیت، خۆر زۆر لە زەمین بچووکترە و پێشتر کەس بیری لەوە نەدەکردەوە کە ڕەنگە لە زەمین گەورەتر بێت. تۆ سەرنج بدە دوو هەزار ساڵ زیاتر دوای تێلیس، هێشتا لای خۆمان خەڵکانێک هەن باوەڕدەکەن کە خۆر لە بیرێکی سەر زەمیندا ئاوا دەبێت.
با چیرۆکێکی دیکەتان بۆ بگێڕمەوە: خەڵکی میلیتۆس گاڵتەیان بە تێلیس دەکرد و دەیانووت داناییەکەت سامانی پێ پەیدا نابێت. چەند ساڵێکیش بوو لە ناوچەکە بەرهەمی زەیتون خراپ بوو، تێلیس بە وردبوونەوەی لە کەشوهەوا و فەلەک بۆی دەرکەوت ساڵی ئایندە بەرهەمی زەیتون باش دەبێت. رۆیشت هەرچی پاڵاوگەی زەیتوون هەبوو، هەمووی بەکرێ گرت بۆ خۆی. کە جوتیاران زەیتونیان هێنا بیکەن بە زەیت، بینییان هەموویان بەدەستی تێلیسەوەن و داوای پارەیەکی زۆر دەکات. ئەوەتان لەبیرنەچێت، لەوکاتەدا زەیتون تەنها بۆ خواردن نا، بەڵکو زەیتەکەی بۆ خۆچەورکردن پێش وەرزشکردن بەکاردەهێنرا، بۆیە داواکاریی لەسەر زەیتەکە زۆر بوو.
ئەو ساڵە تێلیس پارەیەکی زۆری دەستکەوت. ئەو مەبەستی پارە نەبوو، بەڵکو دەیویست بە هاوشارییەکانی بڵێت "دانا (ئەوکات وشەی فەیلەسوف نەهاتبووە ئاراوە) ئەگەر بیەوێت دەتوانێت پارەی چاکی دەستبکەوێت، بەڵام ئەو خەریکی کارێکی زۆر گرنگترە لە پارەپەیداکردن. دەشڵێن دوای ئەوەی خاوەن بەرهەمەکان ناڕەزاییان دەربڕیوە، هاتۆتە دەرەوە و هەموو پارەکانی داوەتەوە بە دەمووچاویاندا و داوای کردووە بیبەن و لەوێ بڕۆن. دواجار ئەوان هەموو مردن، خاوەنی پاڵاوگەکان و پیاوە گەورەکانی شار و بەرپرسان هەموو مردن، بەڵام ئێمە تەنها تێلیس دەناسین.
ئەوە پێشەکییەک بوو؛ بەڵام کارە گرنگەکەی تێلیس ئەمە نیە. وەک وتم میلیتۆس لەسەر کەناری دەریا بوو، ئەو بیرمەند و ماتماتیکوان و ئەندازیار و فەلەکناس و هەموو شتێک بوو. خەڵکی ناوچەکە و هەموو ئایۆنیا بە یەکێک لە حەوت داناکەی یۆنان لەقەڵەمیان دەدا، کە لە سەرانسەری جیهانی یۆنانیدا ناسراو بوو. گرنگترین کاری ئەو گەڕان بوو بەدوای وەڵامی یەکێک لە پرسیارە گەردوونییەکاندا: ئایا لە پشتی ئەم هەموو فرەییەوە، یەكێتییەک هەیە؟ مەبەستی لەوە بوو ئایا ئەم شتە زۆر و زەوەندانەی لە جیهاندا هەن، هەموویان دەچنەوە سەر یەک ئەسڵ؟ ئەمە چیە؟
بڕوانە! بۆ ئەوەی بتوانین لە جیهانەکەمان تێبگەین، دەبێت واز لەو شتانە بهێنین کە دێنە بەرچاومان و بە شێوەیەکی ڕووکەشی دەیانبینین. بۆ نموونە، جیهان لەبەرچاوی ئێمە فرەیە، شتی جۆراوجۆری تێدایە. ئێستاش لەناو ئێمەدا خەڵکانێک هەن جیها هەروا دەبینن و ناتوانن بیر لە یەکێتییەک بکەنەوە. بۆ نموونە ناتوانن بە شێوەیەکی ئەقڵییانە تیۆرەکەی داروین پەسەند بکەن، دەربارەی ئەوەی هەموو بوونەوەرە زیندووەکان ئەسڵیان دەچێتەوە سەر یەک خانەی زیندوو. ئێمە لە ساڵی چەنددا دەژین؟ دەی باشە، 2600 ساڵ پێش ئێستا، تێلیس دەسبەرداری بیرکردنەوەی ئەفسانەیی بوو، کە دەیووت هەر شتە یان کۆمەڵێک لە شتەکان دەسکردی یەکێک لە خواکانە و ئەوانیش هەروا وەک سیحرباز کە چۆن کۆترێک لە کڵاوەکەیی دەردەهێنێت، ئاوەها شتەکانیان هێناوەتە بوون.
پرسیارەکەی تێلیس ئەمەیە: کامەیە ئەو پرەنسیپە ڕەسەنەی لە پشتی بوونی هەموو شتەکانەوەیە؟ ئایا وەڵامی داوەتەوە؟ بەڵێ! ئەو دەڵێت ئەسڵی هەموو شتەکان ئاوە. بێشک ئەمە وەڵامێک نیە، هەروا بە سەرپێوە سەرنجێکی بدەین و بڵێین: دەی خۆ ئەمە وەڵامێکی هەڵەیە. لێرەدا ئەوە گرنگ نیە تێلیس بەهەڵەدا چووە یان نا، بەڵکو ئەوەی گرنگە ئەو بۆ یەکەمینجار بیری لە بوونی یەکێتییەک کردەوە لە پشتی ئەو هەموو فرەییەی بەچاوی خۆمان دەیبینین. هەروەها بۆ یەکەمینجاریش لێکدانەوەیەکی بۆ پەیدابوونی شتەکان پێشکەش کرد ،بەدەر بێت لە ئەفسانە / دین. ئەمە چۆن؟
تێلیس پرسیارێکی لا دروست بوو: ئایا ئەم هەموو فرەییە دەچێتەوە سەر یەکێتییەک؟ ئەگەر بە زاراوەی لێکۆڵینەوەی مۆدێرن قسە بکەین، دەڵێن (ئەمە گرفتی لێکۆڵینەوەکەیە). پاشان ئەو کەوتە سەرنجدان و وردبوونەوە لە شتەکان (کۆکردنەوەی داتا)، سەرنجی دا ئەو شتانەی هەن یان ڕەقن، یاخود شلن، یاخود گازین! هەروەها سەیریشی کرد ئاو تەنها مادەیە کە دەتوانێت لەو سێ دۆخەدا هەبێت. (کارکردن لەسەر داتاکان) تا سەرەنجام تیۆرەکەی خۆی دانا: ئاو دەتوانێت چڕببێتەوە و ببێت بە خاک، دەشتوانێت بە پێچەوانەوە زیاتر شی ببێتەوە و ببێت بە هەوا. دەی هەموو شتەکان بە پلەیەک لەنێوان هەوا و خاکدان، واتە لەنێوان ڕەق و گازیدان و ناوەڕاستەکەشیان ئاوە. (ئەمەش تیۆرەکەیە) یانی لەکۆتاییدا، ڕایگەیاند: ئەسڵی هەموو شتەکان ئاوە.
باشە! بەڵام خۆ ئەمە زانستە، ئیتر بۆچی بە تێلیس بڵێین فەیلەسوف؟ تۆ بڕوانە: بەتەنها بیرکردنەوە لەوەی مەرج نیە ئەم هەموو شتە جۆراوجۆرە، کە بەچاوی خۆمان دەیانبینین، وێنە ڕاستەقینەکە بێت، ڕەنگە واقیع ئەمە نەبێت، بەڵکو بنەمایەک، پرەنسیپێک هەبێت کە تەواوی ئەم واقیعەی ئێمە لەوێوە هاتبێت. تێلیس دەرگای کردەوە بۆ بیرکردنەوەی فەلسەفی، بەدوای ئەودا ئەناکسیمێنس هات و وتی ئەسڵی شتەکان هەوایە، هێراکلیتوس وتی ئاگرە، یەکێکی دیکە هات وتی پێکهێنەری ئەم گەردوونە چوار مادەی بنەڕەتییە (ئاو، هەوا، خاک، ئاگر) ئەمانە بە هەموویان بوون بەو گروپەی دوای نزیکەی دوو سەدە، ئەرستۆ ناویان لێدەنێت 'سروشتگەراکان' بەڵام ئێمە زیاتر بە پێش سۆکراتییەکان دەیانناسین.
بێشک شتی تریش ماوە دەربارەی تێلیس بیڵێم، وەک پێوانەکردنی بەرزی هەرەمە گەورەکەی میسر (ماوەیەک لە میسر و بابل ژیاوە)، یاخود زانینی دووریی کەشتییەکان لەناو دەریادا، هەروەها دەتوانم باسی ئەوەش بکەم کە یەکێک لە بنەڕەتیترین پێداویستییەکانی فەلسەفە، سەرسام بوونە، واقوڕمانە، کە هەموو پرسیارەکان لەوێوە سەرهەڵدەدەن، تێلیسیش بە درێژایی تەمەنی لەم حاڵەتی سەرسوڕمان و حەپەسانەدا بووە.
 باسەکە بە چیرۆکێکی دیکەی تێلیس کۆتایی پێ دەهێنم: تێلیس سەرقاڵی لێکۆڵینەوەکانی خۆی بوو، بۆیە کاتی ئەوەی نەبوو بیر لە دامەزراندنی خێزان بکاتەوە. هەرجارێک دایکی داوای لێدەکرد 'کوڕم ژنێک بهێنە!' وەڵامی دەدایەوە " دایە گیان جارێ زووە ". چەند ساڵێک بەمجۆرە تێپەڕی تا ڕۆژێکیان دایکی هەمان پرسیاری لێکردەوە، ئەمجارەیان تێلیس وەڵامی دایەوە: " دایەگیان، تازە درەنگە!"

بابەتە پەیوەندیدارەکان