برۆكسل؛ ئەمڕۆ سەركردەكانی ناتۆ كۆدەبنەوە

10:42 - 2022-03-24
جیهان
876 جار خوێندراوەتەوە

بڕیارە ئەمڕۆ لە برۆكسل-ی پایتەختی بەلجیكا، كۆبوونەوەی باڵای گشتیی پەیمانی باكووری ئەتڵەسی (ناتۆ) ببەسترێت ‌و تیایدا چەند بڕیارێك دەربارەی زیادكردنی ژمارەی هێزەكانی بەرپەرچدانەوەی خێرا لە خۆرهەڵاتی ئەوروپا ‌و چەند پرسێكی دیكە بدرێت.

لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا، ینس ستۆڵتنبێرگ سكرتێری گشتیی ناتۆ رایگەیاند: لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاری زیاتر دەدرێت لەبارەی جەنگی ئۆكرانیا ‌و جەختیشیكردەوە لە پێویستیی گەڕاندنەوەی هێزی بەرپەرچدانەوەی خێرای ناتۆ. وتیشی: كۆبوونەوەكە كە لە برۆكسل دەبەسترێت، وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ، بڕیاردەدەن لەسەر زیادكردنی ژمارەی هێزە سەربازییە وشكانی ‌و ئاسمانی ‌و دەریاییەكانیان لە بەری خۆرهەڵاتی پەیمانی باكووری ئەتڵەسی.

ئاماژەی بەوەشدا: وەكو هەنگاوی یەكەم، هێزی زیاتر لە بولگاریا ‌و هەنگاریا ‌و رۆمانیا ‌و سلۆڤاكیا بڵاوەپێدەكەن. وتیشی: لە كۆبوونەوە تایبەتەكەدا بڕیاری زیاتر دەدەین ‌و پێویستە سەرلەنوێ هێزی بەرپەرچدانەوەی خێرا بگەڕێنینەوە. جەختیشیكردەوە، كە ناتۆ لایەنێكی جەنگی نێوان ئۆكرانیا ‌و روسیا نییە ‌و لە كۆبوونەوەكەدا باسی بە ئەندامبوونی ئۆكرانیا لە پەیمانی باكووری ئەتڵەسی ناكەن، بەڵام چاوەڕێ دەكرێت كە سەركردەكانی وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ، لەسەر پێشكەشكردنی پشتیوانیی زیاتر بە ئۆكرانیا رێكبكەون.

لای خۆشیەوە، كۆشكی ئەلیزێ لە بەیاننامەیەكدا جەختیكردەوە، كە پێویستە كەناڵەكانی گفتوگۆ لەگەڵ روسیا بپارێزن ‌و ئەوەش هۆكارێكی سەرەكیی ئاسایشی ئەوروپایە ‌و حكومەتی كیێڤ-یش هەمان داواكاری هەیە.

ئاماژەی بەوەشدا: لە كۆبوونەوەكەدا، ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا پەیامی بۆ سەركردەكانی ناتۆ هەیە، لە نێویشیاندا تەركیز خستنەسەر ئاسایشی بە كۆمەڵ ‌و ئێستاش ناتۆ ئەو رۆڵە دەبینێت، كە خاڵێكی گرنگە بۆ ئاسایشی ئەوروپا.

سەرچاوە/ ئاژانسەكان

#ناتۆ

بابەتە پەیوەندیدارەکان