ئا/ دیاری سابیر
لە دوای هێرشەكانی روسیا بۆ سەر ئۆكرانیا لە رۆژی 24ی شوباتی رابردوو، سوید و فنلەندا هەوڵەكانیان چڕكردۆتەوە بۆ ئەوەی ببنە ئەندامی پەیمانی باكووری ئەتڵەسی (ناتۆ)، تا لە ئەگەری هێرشكردنە سەریان لەلایەن روسیاوە، وڵاتانی ناتۆ بە راستەوخۆ بەرگرییان لێبكەن. حكومەتی مۆسكۆش هەڕەشە دەكات كە لە ئەگەری وەرگرتنی ئەو دوو وڵاتە لە ناتۆ، ئەوا چەكی ئەتۆم و جۆرە موشەكێك لە كالینیگراد بڵاوەپێدەكات، كە خێراییەكەی لە خێرایی دەنگ زیاترە.
باشترین گەرەنتیی ئەمنی
سانا مارین سەرۆك وەزیرانی فنلەندا رایگەیاند: لە ئەگەری پێشكەشكردنی داواكاری بۆ ئەندامێتی لە ناتۆ، هیوادارە وڵاتانی ئەندام لەو رێكخراوە ئەوروپییە بە زووترین كات ئەندامێتیی وڵاتەكەی پەسەند بكەن.
ئاماژەی بەوەشدا: بە مەبەستی گەرەنتیی پاراستنی فنلەندا و سوید لەو ماوەیەی داواكارییەكە پێشكەش دەكەن كە رەنگە چەند مانگێك بخایەنێت، هێلسنكی لەگەڵ وڵاتانی وەك ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و بەریتانیا و ئەڵمانیا و فەرەنسا لە گفتوگۆدایە. وتیشی: ئەگەر فنلەندا و سوید پاڵێوراوبن بۆ ئەندامێتی، ئەوا دۆسێ سەرەكییەكە ئەوەیە كە پڕۆسەی پەسەندكردنەكەیان زۆر نەخایەنێت، ئەوەش باشترین گەرەنتیی ئەمنییە بۆ هەردوو وڵات.
هەنگاوەكانی وەرگرتنیان
پێشتر، ینس ستۆڵتنبێرگ سكرتێری گشتیی ناتۆ لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا لە برۆكسل، ئاماژەی بەوەدا: داواكاری هێلسنكی و ستۆكهۆڵم بۆ ئەندامبوونیان لە ناتۆ، مایەی پێشوازییە و پێشبینی ئەوەشی كرد، كە هەنگاوەكانی وەرگرتنیان پڕۆسەیەكی خێرا بێت.
روونیشیكردەوە: دەتوانرێت رێكارەكانی ئەندامێتیی سوید و فنلەندا لە دوای پێشكەشكردنی داواكارییەكەیان رێكبخرێت، تا ئەو كاتەی پەرلەمانەكانی وڵاتانی ئەندام كە ژمارەیان 30 وڵاتە، بە رەسمیی پەسەندی دەكەن. وتیشی: دڵنیام لەوەی چارەسەر هەیە بۆ تێپەڕاندنی ماوەی راگوزەر بەشێوازێكی باش و بەوجۆرەی لەلایەن ئەو دوو وڵاتەوە قبووڵكراو بێت.
رەنگە ناوچەكە بكاتە گۆڕەپانی جەنگ
لای خۆشیەوە، روسیا هۆشداریی دەداتە ئەو دوو وڵاتە و هەر هەنگاوێكی لەو جۆرە بە مەترسی بۆ سەر خۆیان و هەموو ئەوروپاش دادەنێت.
ئۆلینگ ستیبانۆڤ باڵیۆزی روسیا لە كەنەدا رایگەیاند: رەنگە بە ئەندامبوونی فنلەندا و سوید لە ناتۆ، ناوچەكە بكاتە گۆڕەپانی جەنگ. وتیشی: هەر هەنگاوێكی لەوجۆرە، زیان بە ئاسایشی فنلەندا و سوید و سەرجەم ئەوروپاش دەگەیەنێت و هێلسنكی و ستۆكهۆڵم دەكاتە نەیاری روسیا.
لە بەرامبەریشدا، لویس میگێل بوینۆ وتەبێژی یەكێتیی ئەوروپا رایگەیاند: فنلەندا و سوید دوو وڵاتی خاوەن سەروەرین و مافی خۆیانە بڕیار لە ئەندامێتیی خۆیان بدەن لە هاوپەیمانییەكی ئەمنی وەك ناتۆ.
وڵاتانی ناتۆ كۆدەبنەوە
لەلایەكی دیكەوە، ئوانا لۆنچیسكۆ وتەبێژی ناتۆ رایگەیاند: بە سەرپەرشتیی سكرتێری گشتیی پەیمانی باكووری ئەتڵەسی، هەفتەی داهاتوو وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ناتۆ بە شێوەیەكی ناڕەسمیی لە بەرلین كۆدەبنەوە.
ئاماژەی بەوەشداوە: لە كۆبوونەوەكەیاندا، وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ناتۆ دۆخی ئۆكرانیا و كاردانەوەی رێكخراوەكەیان لە بەرامبەر گۆڕانكارییە ئەمنییەكانی ناوچەكە تاوتوێ دەكەن.
لە سەرەتای جەنگی نێوان روسیا و ئۆكرانیاوە، ناتۆ پلانی بەرگریی خۆی چالاككردووە و هێزی وەڵامدانەوەی لە چەند ناوچەیەكی ئەوروپا بڵاوەپێكردووە. هەروەها سەركردە سەربازییەكانی خۆی راسپاردووە، تا پلان دابنێن بۆ پتەوكردنی هێڵەكانی بەرگریی دوورمەودا و وەڵامدانەوەی خێرای ناتۆ لە بەرامبەر هەر پەلامارێكی دەرەكی لە بەشی خۆرهەڵاتی پەیمانی باكووری ئەتڵەسی.
بەپێی پلانەكان، ناتۆ فڕۆكە و سیستمی بەرگریی ئاسمانی و موشەكی جۆراوجۆر و پێداویستی دیكەی سەربازی بڵاوەپێدەكات، وێڕای بڵاوەپێكردنی كەشتیی فڕۆكەهەڵگر و ژێردەریایی و ژمارەیەكی زۆری كەشتیی جەنگی بە شێوەیەكی هەمیشەیی.
سەرچاوە/ ئاژانسەكان