پارێزگاری لە ژینگە لەڕێی هونەرەوە
ژوان باقی
ئەو پەیامەی لەڕێگەی هونەرەوە دەمانەوێت بیگەیەنین باشتر دەگات و کاردانەوەی زیاتر دروست دەکات، مرۆڤ پێش تێگەیشتن لە وشەکان رەنگ و تابلۆکان دەبینێت
پرسی ژینگە یەکێکە لە پرسە گرنگەکانی جیهان و مرۆڤایەتی، بێگومان لە کۆمەڵگە تازە پێگەیشتوەکاندا ئەم پرسە هەستیارترە هۆکارەکەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لە زۆر لایەنەوە نەتوانراوە هاوشێوەی وڵاتانی پێشکەوتوو ئەو میکانیزمانە بدۆزرێتەوە کە مرۆڤ بۆ پاراستنی ژینگە سوودی لێوەربگرێت، ئەگەر بۆ ئەم وێستگەیە ئەزموونی وڵاتانی پێشکەوتوو پەی پێ برابێت، لەڕووی جێبەجێکردنەوە سەخت بووە بە هۆکاری دابینکردنی داراییەکی باش و ئیدارەیەکی گونجاو، تەنانەت یاساش پێویستە کاریگەری و رۆڵی خۆی ببینێت، هۆشیاریی تاکەکانی کۆمەڵگە خاڵێکی گرنگە، زۆربەی کات تاك بێ ئاگایانە هۆکاری ئەو مەترسییانەیە کە رووبەڕووی ژینگە دەبنەوە! هاوڵاتیانیش زۆرجار حکومەت بە هۆکاری سەرەکیی فەرامۆشکردنی ئەم پرسە دەزانن، لە کاتێکدا ئەوەی شەقامەکان پیس دەکات و لقی درەختەکان دەشکێنێتەوە و دارستانەکان ئاگر تێبەردەدات و پاشماوە زیانبەخشەکان بڵاودەکاتەوە هاوڵاتییە نەك حکومەت.
پرسی ژینگە یەکێکە لە پرسە هەرە گرنگەکان بۆ مرۆڤایەتی و بێ شك ئەرکی هەموو چین و توێژێکە، بە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری ژینگەیی و پەروەردەی ژینگەیی لەڕێگەی میدیاکان و رۆژنامە و گۆڤارەکان و سیمینار و وۆرکشۆپەکانەوە، هونەرمەندانیش گرنگە رۆڵی خۆیان ببینن بە چالاکی جیاواز لەڕێگەی هونەرە جیاوازەکانەوە، خۆشبەختانە ئێمەی هونەرمەندانی شێوەکار دڵخۆشین بتوانین لەڕێگەی تابلۆکانمانەوە هۆشیاریی بڵاوبکەینەوە، کەم تا زۆر کەمتەرخەرمیمان نەکردووە، ئەوەی لە توانادا بووبێت کردوومانە و بۆ داهاتووش بەردەوام دەبین، هەروەك ئاشکرایە مانگی رابردوو بەندە هەستا بە ئامادەکردنی پیشەنگایەکی هاوبەش بە بەشداری کۆمەڵێك هونەرمەندی بە ئەزموون، ئەم پیشەنگایە بەسەرپەرشتی رێکخراوی «نما خانی» بەڕێوەچوو بریتی بوو لە ناساندنی دەستبەکاربوونی (رێکخراوی نما خانی بۆ پرسی ژینگە و پەروەردەی ژینگەیی) سەرجەم تابلۆکان گوزارشتبوون لە پەیوەندییەکانی مرۆڤ و ژینگە و هۆکارەکانی پیسبوونی ژینگە و دەرئەنجامەکانی، پەیامێکی جوانمان گەیاند، چونکە زۆرجار ئەو پەیامەی لەڕێگەی هونەرەوە دەمانەوێت بیگەیەنین باشتر دەگات و کاردانەوەی زیاتر دروست دەکات. مرۆڤ پێش تێگەیشتن لە وشەکان رەنگ و تابلۆکان دەبینێت، دەتوانین بڵێین تابلۆکانیش قسەدەکەن و پڕاو پڕن لە پەیامی جوان، دواجار هەمووان پێکەوە دەتوانین هەماهەنگ بین و تەواوکەری
ئەم پڕۆسەیە بین.