ملیارێك دینار بۆ بوژاندنەوەی زانكۆی گەرمیان

09:56 - 2024-06-11
ڕاپۆرت
196 جار خوێندراوەتەوە
#بە پڕۆژە نوێیەکان، زانكۆی گەرمیان دەچێتە قۆناغێكی نوێوە

راپۆرتی/ حسێن عەزیز

لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا، زانكۆی گەرمیان بایەخی زۆری بە دابینكردنی تاقیگەی نموونەیی و پێشكەوتوو داوە بۆ بەش و كۆلێژەكانی و بنیاتنانی ژێرخانی زانستی، مرۆیی و خزمەتگوزاریی و نزیكەی ملیارێك دینار بۆ ئەو پڕۆژانە خەرجكراوە.
قیرتاوكردنی شەقامەكانی زانکۆ
د.فەرهاد قادر سەرۆكی زانكۆی گەرمیان بە كوردستانی نوێی راگەیاند: پڕۆژەی قیرتاوكردنی شەقامی تەواوكاری كەمپی زانكۆی گەرمیان، لە قۆناغی جێبەجێكردندایە، كە درێژییەكەی 600 مەترە، لەگەڵ دروستكردنی شۆستەی بی ئاڕ تۆن بە درێژایی شەقامەكە. بڕی پارەی تەرخانكراو بۆ قیرتاوكردنی شەقامی تەواوكاری زانكۆ 165 ملیۆن دینارە، لەم رۆژانەدا شەقامەكە بەڕووی مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندكاراندا دەكرێتەوە.
سەرۆكی زانكۆی گەرمیان لە بارەی بایەخیان بە كۆلێژەكانی خانەقین وتی: بنكەیەكی تەندروستی بۆ كۆلێژەكانی خانەقین دروستكراوە، بە گوژمەی 16 ملیۆن دینار، بۆ ساڵی خوێندنی 2024 – 2025 بەستافی پزیشكی و تەندروستییەوە دەخرێتە خزمەت مامۆستایان و خوێندكاران و فەرمانبەرانی كۆلێژەكانی خانەقین.

 

 

پ.د. فەرهاد قادر سەرۆكی زانكۆی گەرمیان: ئێستا تاقیگەی بەشەكانی زانكۆی گەرمیان یەکێک لە باشترین تاقیگەکانن لە زانكۆكانی كوردستاندا

 

تاقیگە و باخچەی نموونەیی
وتیشی: ئەمساڵ دوو تاقیگەی نموونەیی پێشكەوتوی كۆمپیوتەر بۆ كۆلێژی كۆمپیوتەر و تەكنۆلۆژیای زانیاری بە بڕی 82 ملیۆن دینار دروستكراوە. ئێستاش بڕی 34 ملیۆن دینار بۆ دروستكردنی تاقیگەیەكی تر تەرخانكراوە، بەم زووانە جێبەجێدەكرێت.
دروستكردنی باخچەیەكی نموونەیی و سەوزكردنی بەشێك لە پانتایی بۆ كۆلێژی زانست، بە هاوكاریی فەرمانگەی ژینگەی گەرمیان، یەكێكی ترە لەو كاروانی بوژانەوەیە و بودجەی تەرخانكراوی باخچەكە 16 ملیۆن دینارە. نۆ كەپریش بۆ حەوانەوەی خوێندكاران لەناو كەمپی زانكۆدا دروست دەكرێت و لەماوەی مانگێكدا دەخرێتە خزمەت خوێندكارانی زانكۆكەوە.
سەرۆكی زانكۆی گەرمیان باسی لەوەشكرد: بڕی 264 ملیۆن دیناری دیكە تەرخانكراوە بۆ دروستكردنی پێنج تاقیگەی نوێ و لیژنەكان سەرقاڵی دابینكردن و كڕینن بۆ بەشەكانی فیزیا، كیمیا و كۆلێژی پزیشكی.
دەستپێکی زانکۆ
وتیشی: ئەم پڕۆژانە بایەخی زۆری زانستییان هەیە و دەبنە بەشێك لە ژێرخانی زانستی و مرۆیی و خزمەتگوزاری و زانكۆی پێ دەچێتە قۆناغێكی نوێوە، تاقیگەی بەشەكانی زانكۆی گەرمیان ئێستا یەکێک لە باشترین تاقیگەکانن لە زانكۆكانی كوردستاندا. لەماوەی دوو ساڵدا نزیكەی ملیارێك دینار بۆ ئەو مەبەستانە خەرجكراوە.
زانكۆی گەرمیان بە فەرمانی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران ژمارە (1670 لە 8/7/2010) لە دەڤەری گەرمیان دامەزراوە، ئێستا زانکۆکە لە حەوت کۆلێژ، 30 بەشی بەیانیان و 10 بەشی ئێواران پێکدێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان