كاریگەریی گۆشەگیریی كۆمەڵایەتی لەسەر كۆمەڵگە

09:59 - 2024-06-11
ڕاپۆرت
114 جار خوێندراوەتەوە
#گۆشەگیریی تاک کاریگەریی نێگەتیڤی لەسەر کۆمەڵگە دەبێت

راپۆرتی/ هێمن ئەحمەد

گۆشەگیریی كۆمەڵایەتی لە هەر کۆمەڵگەیەکدا وادەکات مرۆڤەكان لە پەیوەندییەكان داببڕێت، دەبێتە هۆكار بۆ لێكترازانی مرۆڤەكان و دووركەوتنەوەیان لە یەکتر.
جاران کەسەکان پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیان بەهێزتر بوو و هاتوچۆش لە نێوانیاندا گەرمتر بوو ئەوە رۆڵێكی بەرچاوی دەبینی لە پتەوكردنی ژیانی رۆژانەدا.
هەر بۆیە گۆشەگیریی كۆمەڵایەتی لە رابردوو و ئێستادا جیاوازی گەورەیان هەیە و دەچێتە چوارچێوەی ئەو گۆڕانكارییانەی رۆژگار کە لە رووی سیاسی، ئابووری، رۆشنبیریی و كەلتوورییەوە دێتە کایەوە و هەر یەکەیان رۆڵ دەبینن لە کاریگەریی خستنە سەر کەسەکان.
جیاوازی گۆشەگیریی لە رابردوو ئێستادا
شاسوار محەمەد تەمەن 40 ساڵ دەڵێت: لە رابردوودا پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان توندوتۆڵ بوو لەنێوان خێزان، دراوسێ و خزمەکاندا، ئەمەش رەنگی دابووەوە لە تەواوی کۆمەڵگەدا، هەر یەكەیان تەواوكەری ئەوی دیکە بوون بۆ سەرخستن و دروستبوونی پەیوەندییەكی پتەو لەنێوان مرۆڤەكاندا، بەڵام ئێستا ئەو پەیوەندییانە زۆر لاواز بوون و شیرازەی گشت پەیوەندییەکان ترازاوە و پێکەوە لکاندنەوەیان ئەستەم بووە.
وتیشی، جاران بەردەوام هاتوچۆ و هەواڵپرسین لە نێوان خێزانەكاندا هەبوو، كە چڕ ببووەوە لە سەردانی رۆژانە، هەفتانە و مانگانەدا و بەردەوام هەموومان كۆدەبووینەوە لە شوێنێك کە بۆ هەموان گونجاو بێت، بەڵام ئێستا ئەو پەیوەندییە كۆمەڵایەتییانە زۆر كاڵ بوونەتەوە.
جۆرەکانی گۆشەگیریی
بڵند زەندی دەروونناس بۆ كوردستانی نوێ وتی: گۆشەگیریی لە رووی دەروونییەوە دابڕانە لە چوارچێوەی كەسەكانی دەوروبەر، هەندێكجار ئەو گۆشەگیرییە، درێژخایەنە هەندێكجاریش كاتی و هەنووكەیی.
وتیشی: گۆشەگیریی درێژخایەن، لە رۆژێك و دوو رۆژدا روونادات، بەڵكو پێویستی بە چەند قۆناغێكە تا پێ بگات و گەشە بكات، گۆڕانكارییە سیاسی، كۆمەڵایەتی، ئابووری و كەلتوورییەکانی كۆمەڵگە، رۆڵی بەرچاو دەبینن بۆ بەرجەستەكردنی هەموو ئەو هۆكارانەی كە گۆشەگیریی دروستدەكەن،  لە دوا رۆژدا چوارچێوەیەكی درێژ دروست دەكەن لە تاكدا، بۆیە گۆشەگیریی درێژخایەن كاریگەرییەكەی زیاترە و رزگاربوون لێی پێویستی بە كات و قۆناغی جۆربەجۆر هەیە، بەڵام گۆشەگیریی كاتی و هەنووكەیی چەند رووداوێكی نەخوازراو رۆڵ دەبینن لە پێگەیاندن و گەشەكردنیدا، چارەسەركردنەكەشی ئاسانترە و کاریگەریی نێگەتیڤیشی کەمترە لەسەر تاک.
رەنگدانەوەی گۆشەگیریی  لەسەر خوێندکار
عەلی عەبدوڵڵا مامۆستایە لە یەكێك لە خوێندنگەكانی كەركوك، دەربارەی گۆشەگیریی لەناو كۆمەڵگەدا وتی: كاریگەریی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان لەناو كۆمەڵگەدا رەنگدانەوەی هەیە لە پرۆسەی خوێندنیشدا لەبەرئەوەی خوێندکاریش بەشێکە لە کۆمەڵگە، ئەگەر پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان پتەو نەبێت لەناو خێزانەكاندا ئەوا کاریگەریی لەسەر خوێندكاریش دەبێت و ناتوانێت پەیوەندییەکی پتەو دابنێت لەگەڵ هاوڕێ خوێندکارەکانی و مامۆستاکانیدا، بەمەش دەبێتە کەسێکی گۆشەگیر و دوادەکەوێت. بۆیە پێویستە لەسەر مامۆستا هەوڵبدات پەیوەندییەکی پتەو لەنێوان خوێندكار و خوێندنگەدا دروست بكات بۆ ئەوەی بتوانین خوێندكارێكی نموونەیی كۆمەڵایەتی دروست بكەین.
بڵند زەندی دەروونناس باسی لەوەكرد، گۆشەگیریی كۆمەڵایەتی گەلێك دەرهاویشتەی جۆراوجۆری هەیە، چارەسەرەكانیش پێویستە لەو چوارچێوەیەدا هەنگاو بنێت كە رەچاوی پەیوەندییە كۆمەڵایەتی و دەروونییەكانی كۆمەڵگە بكرێت، چونكە ئەگەر لەو چوارچێوەیەدا چارەسەر نەكرێت ئەوا زۆر بە ئەستەم دەرباز دەبێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان