لەمیدیای جیهانیەوە

06:38 - 2024-06-23
جیهان
95 جار خوێندراوەتەوە

پارەی روسیا بۆ ئۆکرانیا
رۆژانی رابردوو سێ بابەتی گرنگ بونە سەرباس و مانشێتی رۆژنامە جیهانییەکان، کۆبونەوەی گروپی حەوت لە ئیتاڵیا و پەیوەندی روسیا و کۆریای باکوور و دانانی سەرۆکی تازەی ناتۆ، سەبارەت بە گروپی گی 7 و بڕیاری پێدانی  قەرزێکی نوێ بەئۆکرانیا بە بەهای 50 ملیار دۆلار، رۆژنامەی  Tagesspiegelی ئەڵمانی نوسیویەتی، لە سەرەتای دەستپێکردنی هێرشەکەی روسیا زیانەکانی ئۆکرانیا گەیشتۆتە 486 ملیار دۆلار، گروپەکە دەیانەوێت روسیا لەو زیانە زۆرە بەشداری پێ بکەن، 260  ملیار دۆلار لە پارەی بانکی ناوەندی روسیا کە ئێستا وا لەوڵاتانی رۆژئاوا سڕکراوە قازانجەکەی بدەنە ئۆکرانیا، وەک لە ئاژانسی هەواڵی روسیشدا  هاتووە، روسیا هۆشداری داوە لەوەی کە ئەمە دەبێتە هۆی زیاتر تێکدانی سیستەمی دارایی جیهانی و دەرئەنجامێکی باشی نابێت، چونکە بەکارهێنانی ئەو پارانەی کە لە وڵاتەکەی دزراون بۆ سەرگەرمی سەربازانی سوپای کیێڤ بەکاردەهێندرێن، ئاژانسەکە دەشڵێت بەرپرسانی روسی هەڕەشە لە ئەوروپییەکان دەکەن کە رێوشوێنی توند بەکاردێنن و ئەوانیش دەتوانن دەست بەسەر کۆمپانیاکانیاندا بگرن.
سەردانی پۆتین بۆ کۆریای باکور
باسی دووەم سەردانی فلادیمێر پۆتینی سەرۆکی روسیایە بۆ کۆریای باکوور، لەسەر ئەمە رۆژنامەی Aftenposten نەرویجی نوسیویەتی: پوتین پێویستی بە چەک و تەقەمەنی و کۆریای باکووریش بە خۆراک و سووتەمەنی و پارە و تەکنەلۆژیایە، هەردوولاش پەیوەندیان لەگەڵ رۆژئاوا خەراپە، بۆیە پێویستیان بە یەکترە، بۆ پوتین پەیوەندی بە ستراتیژی دروستکردنی نەزمێکی نوێی جیهانیەوە، چینیش هەمان ئامانجی هەیە و دەیانەوێت رۆژئاوا لاواز بکەن، لەو هاوپەیمانیەدا ئێرانیش بەشدارە، لەپەرەگرافێکدا نوسیویەتی کۆمپانیاکانی درووستکردنی چەک و تەقەمەنی کۆریا بەسێ شەفت کار دەکەن تا پێداویستی سوپای روسیا پڕبکەنەوە، هەرەوەها رۆژنامەی The Timesی بەریتانیش دەڵێت، رەنگە لەمانگەکانی داهاتوودا دەست بەدانوستان بکرێت لەنێوان روسیا و ئۆکرانیا، پۆتین دەیەوێت تا ئەوکاتە لە بەرەکانی جەنگ بەهێزتر بێت و بە پێگەیەکی تۆکمەوە بچێتە دانیشتەکان، رۆژنامەی Asahi Shimbon ی یابانی دەڵێت: چین ماوەیەکە لە دۆخێکی ئابووری سەختدایە بۆیە دەیەوێت لە بەرامبەر گەیاندنی چەک شتێکی دەستکەوێت، قووڵبوونەوەی پەیوەندی نێوان دوو دەوڵەتی دابڕاو لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، تا دێت زیاتر تۆکیۆ دەخاتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە، رۆژنامەی ئەمریکی Wall Street Journal ئامۆژگاری کۆشکی سپی دەکات، کە لە نزیکەوە چاودێری سەردانەکە بکات و دەنوسێت، دەرەنجامە واقیعییەکە ئەوەیە کە روسیا و چین دەیانەوێت کۆریای باکوور ببێتە وڵاتێکی پڕچەکی ئەتۆمی بۆ هەڕەشەکردن لە کۆریای باشوور و ژاپۆن و ئەمریکا، بەڵام Le Monde ی فەرەنسی بارەکە بەمەترسیدار وەسفدەکات و دەنوسێت سەرۆکی کۆریای باکوور مەراقی تەکنەلۆژیای روسیایە، ژێر بەژێر بەتەمای ئەوەیە چەکی ئەتۆمی لەروسیا وەرگرێت، کە لەوە مەترسیدارتر نییە و ئاسایشی جیهان دەکەوێتە خەتەرەوە.
کێ دەبێتە سەرۆکی تازەی ناتۆ؟
لە دوای دەست لەکارکێشانەوەی ستۆڵتنبێرگ لەپۆستی سکرتێری گشتی ناتۆ هەر 32 وڵاتە ئەندامەکە رێککەوتن لەسەر دانانی مارک رۆتە سەرەک وەزیرانی دەستلەکاکیشاوەی هۆڵەندا بۆ ئەم پۆستە، لەسەر ئەمە میدیا قسەی خۆی کرد، رۆژنامەی De Telegraaf کە لەهۆڵەندا دەردەچێت دەڵێت، ناتۆ پێویستی بە رۆتەیە چونکە ئەو سیاسییە دانوستکار و سەوداسەرێکی باشەو لەرابردودا هەر ئەوبو لەسەر پرسی کۆچبەران لەگەڵ تورکیا و تونس رێککەوت، هەروەها لەپرسی درووستکردنی هاوپەیمانێتی هەناردەکردنی چەکی قورس بۆ ئۆکرانیا رابەرێکی مەزن بوو. 
رۆژنامەی Kleine Zeitung ی نەمساوی نوسویەتی مارک رۆتە کەسێکی شیاو و بەئەزموونە، لەئایندەدا یەک کیشە دەکەوێتە بەردەمی ئەویش ئەگەر دۆناڵد ترەمپ ببێتەوە سەرۆکی ئەمریکا ئەوا ناکۆکی پەیدا دەبێت، چونکە ترەمپ هاوکارییەکان بۆ ئۆکرانیا کەمدەکاتەوە و مارکیش داکۆکیکەری سەرسەختی ئۆکرانیایە دژ بە روسیا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان