یادگار

خاڵە شەهاب: پێشڕەوی شەهیدانی شۆڕشی نوێ

12:10 - 2024-06-26
دووتوێ
171 جار خوێندراوەتەوە

فەرەیدون عەبدولقادر

 

خاڵە شەهاب پێی وتین ئێوە نهێنییەکانی ڕێکخستن مەدرکێنن من مەسئولیەتی هەمووتان دەگرمە ئەستۆ

 

 

سەرۆکی زیندان ئێمەی بەتاوانی بەزاندنی سنوور بەنایاسایی، دابوو بە دادگا. 
ئەوکاتە حەوت هاوڕی بووین (شەهیدان خاڵە شەهاب، جەعفەر عەبدولواحید، عومەری سەید عەلی، علی بچکۆل، ئەرسەلان بایز، ئاوات عەبدولغەفور و من) دەست بە کەلەپچە و لە ژووری دادگادا بە حاکمەکەیان ناساندین. سەرەتا لێمان وردبۆوە و یەکە یەکە پرسیاری لێکردین، لە وەڵامەکانمان، لەوە حاڵی بوو کە ئێمە دەستەیەک تێکۆشەری کوردین، ئیتر پاسەوانەکانی لە ژوورەکەی کردە دەرەوە و ڕووی تێکردین:
- منیش کوردم، خەڵکی مەهابادم، باسی خۆتانم بۆ بکەن.
شەهید شەهاب وەڵامی دایەوە:
- ئێمە پێشمەرگە بووین، وەکو دەزانی چەند مانگێکە شۆڕشەکەمان بەو دەردەچوو کە دەیزانی، ئێمەش ناچار گەڕاینەوە شارەکانی خۆمان بۆ عێراق.
- دیارە نەتانتوانی لە عێراق بحەوێنەوە؟
- نەخێر ڕژێمی بەعس ویستی بمانگرێ، ئێمەش لە دەستیان هەڵاتووین بۆ ئێرە، ئەگەر دەکرێ ڕێگەمان بدەن دەربازبین بچینە دەرەوەی ئێران بۆ وڵاتێکی تر یاخود بە پەنابەر قبوڵمان بکەن.
- لەوەدەچێ سووربن لەسەر تەسلیم کردنەوەتان.
- دەتوانی چیمان بۆ بکەی؟
- ئێمەش وەک ئێوە دەردەدارین، ئەو ناخۆشییەی ئێوە هی هەموومانە، ناتوانم هیچتان بۆ بکەم.
- چارە چییە، خۆت دەزانی لەوێ لە سێدارەمان دەدەن.
- من دەتوانم لە (11) ڕۆژ تا یەک ساڵ حوکمتان بدەم، چەندە بۆ ئێوە باشە، ئەوەندەتان حوکم دەدەم.
لەنێو خۆماندا کەوتینە قسەوباس و لێکۆڵینەوە، بۆئەوەی هەم دەرفەتی تەقەلای ترمان بمێنێ کە بە پەنابەر قبوڵمان بکەن، هەم ئەگەر نەکرا لە کاتێکی وەهادا تەسلیمی عێراقمان بکەنەوە کە ئەو شۆڕشەی بەدەستەوە بوو، وا کڵپە نەسێنێ کە هەلومەرجی سزادانمان (لەوێ) سەختتر بکات.
بۆیە ڕێکەوتین لەسەر ئەوەی (4) مانگمان حوکم بدات، ئەویش بەقسەی کردین، هەر تەسلیممان دەکەنەوە.
پاش هەوڵێکی زۆر، لە سکاڵا و نامەنووسین بۆ هەموو دەسەڵات و دەزگا تایبەتەکانی ئێران، لە دەربازبوون نائومێد بووین. ڕۆژی 21/12/1975 لە سنەوە بەرەو مەریوان ڕاپێچیان کردین، لەوێ لە سەربازگەیەکدا زیندانێکی تایبەتیان پێبەخشین، ئەفسەرێکی پایەبەرز و پاشان ئەفسەرێکی لاو هاتن قسەیان بۆ کردین، ئیتر بەتەواوی دڵنیابووین کە تەسلیم بە ڕژێمی بەعسمان دەکەنەوە. ئەو ئێوارە و شەوە، شەهیدان (خاڵە شەهاب، جەعفەر عەبدولواحید و هاوڕێیان عومەری سەید عەلی، علی بچکۆل، ئەرسەلان بایز، ئاوات عەبدولغەفور و من) پێکەوە ڕوو لە چارەنووسێکی ڕەش بووین، دەمارەکانمان گرژ ببوون. بەپەلە بەناو زیندانی خاڵیدا هاتوچۆمان دەکرد. جاروبار ڕادەوەستاین، خڕ دەبووینەوە و قسەمان دەکرد. خاڵە شەهاب لە هەموومان هێمنتر بوو، ئارامتر خەریکی بیرکردنەوە بوو. ئێمە دووبەدوو یان زیاتر خەریکی تەگبیربووین. لەناکاویش لە یەکتر ناڕەحەت دەبووین. ئای کە شەوێکی ناخۆش بوو، بیرمان لەسەر هیچ وشە و ڕستە و نەخشەیەک ڕاگیر نەدەبوو. شەو درەنگ خاڵە شەهاب هەموومانی کۆکردەوە. وامدەزانی مەفرەزەیەک پێشمەرگەی گەمارۆدراوین، دەمانەوێ باشترین ڕێگا بۆ مەرگی خۆمان هەڵبژێرین، خۆکوژیی یا بەرەنگاربوونەوە، خاڵە شەهاب وتی: ئێمە ئەم ڕێگایەمان هەڵبژارد بەو نیازەی بگەینە هاوڕێکانمان لە دەرەوە. تا هەم پەلە بکەین لە هەڵگیرسانەوەی شۆڕش و هەم کۆمەڵە و هاوڕێکانمان بپارێزین.
یەکێک قسەکانی پێبڕی و وتی: هەمەەی خەتای ئەو قاچاخچییە سەگبابە بوو.
-وەختی ئەوە نییە، چۆن ئەرکەکانمان تەواو بکەین.
-با نەخشەکەمان جێبەجێ بکەین، لە سەقز وتمان ڕادەکەین.
-گەر توانیمان ڕادەکەین، نەشمانتوانی دەبێ بزانین کە ئەو برایانەی گیراون چارەنووسیان هی کۆمەڵەش زیاتر بەدەستی ئێمەیە.
-گەر ڕابکەین.
-قسەی من بۆ ئەو حاڵەتەیە نەتوانین.
-ئەی چی بکەین؟
خاڵە شەهاب وەک فەرماندەیەکی مەفرەزەکەمان، فەرماندەیەکی کارامە و ئازا و دڵسۆز، زۆر بەهێمنی قسەکانی تەواوکرد.
-ئەگەر (اعتراف) کرابوو، ڕەنگە هەندێ لەوانە قسەی درکاندبێ، دەبێ ئێمە ئازا و ژیر دیفاع لە بیروباوەڕی خۆمان بکەین، نهێنیەکان بپارێزین.
یەکێک وتی:
-هەر دەبێ ڕابکەین.
-هەوڵبدەن، بە هەموو تواناتانەوە باسی (ئابوونە) و (کۆبوونەوە) بەدرۆبخەنەوە، وا دەربخەن ئەوەی ئێمە تەنها یەک (تیار) ی فیکری بووە، ڕێکخستن نەبووە مەسەلەی ڕێکخستن مەسەلمێنن، چونکە ئەوە ڕاتاندەکێشێ بۆ پرسیاری ترسناک و بێ کۆتایی. گەر قسە کرا بوو ئێوە مەسئولیەت هەڵبگرن، منیش مەسئولیەتی هەمووتان دەگرمە ئەستۆ. بەڵام نهێنیەکانی ڕێکخستن مەدرکێنن.
بەوشێوەیە درێژەی دا بە قسەکانی تا دڵی قایمترکردین و دەماری خاوکردینەوە. شەهید جەعفەریش دەم بەخەندە و دڵ پڕ لە ورە، نوکتەیەکی بەسەرداهێنا، تەم و تاریکی بەردەممان ڕەوییەوە. هەندێ وێنەم کێشابوو بەدیاری دام بە ئەفسەرێکی لاو کە چەند جارێ هاودەردی نیشانداین.
لە ئەمنی سلێمانی بە چاوی بەستراوەوە، بەناو دەنگەدەنگی دەرگای ئاسن و هاتوچۆی بێسەروبەری خۆنواندنی ئەمنەکان و شیڕەشیڕی بێ‌جێیی پاسەوانەکاندا، (شەهید شەهاب و هاوڕێیان عومەری سەید عەلی، عەلی بچکۆل و من) لە ژوورێکی سارد و بێ ڕایەخ فڕێیان داین، هاوڕێیەکی زیندانی بەدەنگێکی خۆش و ئاشنا گۆرانی ئاسا چەند ڕستەیەکی دا بەگوێماندا و وتی: شیرین بەهارە، بەهاری شادان... قسەمان نەکردووە بە قامچی لێدان، لە پرسیاری ئەو دڵت نەترسێ.. هیچ کەسێ لەم ناوە ئێوە ناناسێ! خاڵە شەهاب وتی: ئەوە (عەلی)یە... زیاتر لە دوو سەعات بەو جۆرە ماینەوە. لەو دەرفەتەدا کە زانیمان کەس لە دەورمان نییە، کاتی نانخواردنی ئێوارە بوو، کاک شەهاب وتی: لە هەر جێگەیەک بانگیان کردن، بڵێن دەمانەوێ لەگەڵ بەڕێوەبەری ئەمن قسە بکەین، وا باشترە. لەسەر قسەکانی بەردەوام بوو، لە ئێستاوە بیری خۆتان کۆبکەنەوە، هەوڵبدەن کاربکەنە سەر بەڕێوەبەری ئەمن و گوێگرەکانتان، گەر گوێمان لێبگرن. وەکو ئەوسا پێم وتن، بەرگریی لە بیروباوەڕی خۆتان، لە بۆچوونەکانتان بکەن، ئێستا شارەکە هەموو زانیویانە ئێمە لێرەین. زۆر کەس بۆمان تێدەکەون، لە پێنجوێن باش باش کارمان کرد. کە بانگیان کردین بۆ پرسیار سووربین لەسەرئەوەی قسە بۆ بەڕێوەبەری ئەمن بکەین.
پاش هاتوچۆی ئەفسەرەکان و ئەمسەر و ئەوسەرکردن، بەچاوی بەستراوەوە کێشیان کردین بۆ شوێنێکی تر، وتیان بۆ لای بەڕێوەبەر دەچین. یەکێک لە کۆتایی ژوورەکەدا بە دەنگێکی لەخۆڕازی، قسەی لەگەڵ کردین، یەکێکمان پێی وت: ئێمە میوانی تۆین، ئاخۆ بەمجۆرە پێشوازیی لە میوان دەکەی؟. پاش ئەو قسەیە، چاویان کردینەوە. ژوورەکە هەشت کەسی پاک و خاوێنی ڕەنگ لێپرسراوی لێ دانیشتبوو. بەڕێوەبەر فەرمووی لێکردین و ئێمەش لەسەر کورسی و شوێنە خاڵییەکان دانیشتین.
تێکڕا بەجۆرێک قسەمان کرد، خاڵە شەهاب ئەوەندە سەرکەوتووانە ڕێبەری قسەکانی کردین و هەمووی پێکەوە گرێدایەوە، کە دەتوانم بڵێم یەکێک بوو لە جوانترین دیفاعی تێکۆشەرەکان لە ڕووی ڕژێمدا. قسەکان کاریگەر و ڕۆشن بوو، بەرنامەیەک بوو بۆ چارەسەری ئەو دەلاقە گەورەیەی کە لە نێوان کورد و عەرەبدا هەبوو. یەکێک لە دانیشتووەکان (حاکم تەحقیقێکی) کورد بوو، کە بۆ گەلێ کەسی گێڕابۆوە، یەکێک لەوانەی ئەم دیمەنەی بۆ باسکردبوون کاک (شازاد سائیب) بوو. ئەوانی تریش لێپرسراوی حزبی بەعس و (بەرەی نیشتمانیی و نەتەوەیی) بوون، ئەو بەرگریی و قسانە بەدرێژایی مانەوە لە سلێمانی ڕێزی زیاترکردین.
لەسەر داوای ئەمنی عامە، پەلبەستیان کردین بەرەو بەغدا، لە دوو ئوتۆمبێلدا دابەشیان کردین، چەند ئوتۆمبێلی پاسەوانیشیان لەگەڵ ناردین. لە ڕێگە خاڵە شەهاب و جەعفەر کەوتبوونە ئوتۆمبێلی لێپرسراوی قافڵەکەمان کە ئەفسەرێکی لاو بوو ناوی (نەقیب کەریم) بوو، ئێمەش لە پشتی پیکابێکدا بووین، جێگەمان زۆر سەغڵەت و ناخۆش بوو. وا پێدەچوو قسەوباسیان لەگەڵ نەقیب کەریم دامەزراندبێ، لەوەش دڵنیابووم کە قسەی لەگەڵ بکەن کارێکی ئەوتۆ دەکەن گەلێ بیری چەوتی ڕاستبکەنەوە، بەڵام دەرکەوت زۆر لەوە زیاتر کاریان تێکردبوو.
لە (دوز) لایاندا بۆ نانخواردنی نیوەڕۆ، درەنگ ئێمە لەسەر مێزێکی گەورە پێکەوە دانیشتین، نەقیب کەریم هاتە لامان، وتی: کەلەپچەکانی دەستتان دەکەمەوە، نانێکی باشتان دەدەمێ، بەڵام تکایە ڕامەکەن و نانبڕاوم مەکەن. دڵنیابن ناتوانن لەناو ئەو هەموو پاسەوانەدا ڕابکەن. لە قسەکانی بەردەوام بوو، وتی: زۆر بەداخم کە ئازادکردنتان بەدەست من نییە! شەهید جەعفەر وەڵامی دایەوە: خۆزگ بەدەستی تۆ بووایە. نەقیب کەریم، بە دەنگێکی نزمتر وتی: من دەتوانم خزمەتێکتان بکەم، کارێکی وا دەکەم نیوەشەو بگەینە بەغدا، لەوێ ئەفسەری خەفەر سەرخۆش و بێتاقەتە، ئەمڕۆ پێنجشەممەیە.
-سوودی چییە؟
-لای کەمی ئەمڕۆ لە ڕێگاوە پرسیارتان لێناکەن و ئەشکەنجە نادرێن، سبەینێش هەینییە کەسی وا لەوێ نییە، بۆخۆتان پشوو بدەن.
-سوپاست دەکەین، بیرمان ناچێتەوە.
-دووبارە تکا دەکەم بیر لە ڕاکردن مەکەنەوە، چونکە ناچاردەبم لەبری خزمەتتان بکەم، واجبی کارەکەم جێبەجێ بکەم. 
نیوەشەو گەیشتینە ئەوێ، ئەفسەری خەفەر خەوتبوو، خەبەریان کردەوە، بە بۆڵەبۆڵ بێ وردبوونەوە، ڕەوانەی کردین بۆ (الموقف العام) و لەوێ تێکەڵی گیراوەکانیان کردین. سەرفرازبێت نەقیب کەریم چەند خزمەتێکی گەورەی کردین، لەوێ تێکەڵاوی هاوڕێ گیراوەکانمان بووین، دەرفەتێکی زێڕین و گەورەمان دەستکەوت، ئەو شەوە و هەموو ڕۆژی هەینی، (3) سەعات خەریکی تێگەیشتن بووین لە ئیفادەکان و دۆخەکە، لەو ماوەیەدا نەخشەمان دانا چی بڵێین، چۆن ئیفادەی ئەوانی تریش ڕاست بکەینەوە. بەداخەوە ئەوشەوە تێگەیشتین ئەو دوو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی (الحرکة الاشتراكیة العربیة) کە گیرابوون و بەڵگەیان پێگیرابوو، دۆستی ڕێکخراوەکەمان بوون، قسەیان لەسەر شەهیدان (خاڵە شەهاب و جەعفەر عەبدولواحید و ئەنوەر زۆراب) کردبوو کە گوایە لە سوریا چاویان پێیان کەوتووە. خاڵە شەهابیان لەگەڵ هەڤاڵ مام جەلال و سەرکردەیەکی تری عەرەبی دیوە، ئاگاداری سەفەری شەهید جەعفەر بوون بۆ سوریا و نامەشیان لەوێ بۆ هێناون، هەروەها بۆ شەهید (ئەنوەر) یش. ئەوسا تێگەیشتم کە ئەو سێ هاوڕێیەمان بە تۆمەتی گران کەوتونەتە خانەی سزادانی بەندەکانی (ئەمنی خارجی) تەگبیرمان لە هەموو ئیفادەکانمان کرد، بەڵام ئەو کەلێنە هەر مایەوە.
جارالله أیوب العلاف، سەرۆکی دادگا(دادگای شۆڕش - محکمة لاثورة) ترس ناخی بەجێندەهێشت، بەپێی ئەو ئامۆژگارییانەش کە لە (ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕش و ئەنجومەنی نیشتمانیی)یەوە بۆی هاتبوو، دەبوو حوکمی شەهیدانی نەمر کاکە شەهاب و جەعفەر عەبدولواحید و ئەنوەر زۆراب لەسێدارەدان بێت. پاشان توانای خۆی کۆکردەوە، دوو سێ جار کۆکی و مڕاندی بڕیارەکەی بەناوی دادگاوە خوێندەوە، ئەو سێ هاوڕێیە بە حوکمی لەسێدارەدان و (8) کەسیش ئازاد کران و (18) کەسیش بە شەش ساڵ زیندانی. ئەو، سەری نەوی کرد و کاکە شەهاب و هاوڕێکانمان سەریان بڵند کرد و بەژیان و سەرکەوتنی گەلەکەمان پێشوازی مەرگیان کرد. بەرلەوەی بڕیاری دادگا لەسەر خۆمان ببیستین، گەلێ دەستە و گروپی ترمان دی لەوانەی بەمردن حوکم درابوون، گەلێکمان دی ئەژنۆیان شکا بوو، هەندێکی تر مات و مەلول بوون، هەندێکیش ئازا، بەڵام ئەو دادگا و ژێرزەمینە هەرگیز قارەمانی وەک ئەو سێ هاوڕێیەی کۆمەڵەی بەخۆوە نەدیبوو.
خاڵە شەهاب، هێمن و لەسەرخۆ هەموومانی خڕکردەوە، وەک سەرکردەیەکی گەورە و بەتەجروبە، زیاتر لە پازدە دەقیقە قسەی بۆکردین، لەسەر ئەرکەکانمان، ژیانی زیندان، خۆپاراستن، یەکپاراستن، سووربوون لەسەر خەبات و ڕێبازەکەمان. کەم جار وەکو ئەو جارە گوێم لە خاڵە شەهاب ببوو بەوجۆرە ڕەوان و زنجیرەیی و بەپێز و خۆش باسی خورت و دڵنیا، قسەمان بۆ بکات. هەرگیز لە دیمەنی بەردەمی مەرگ و ڕووبەڕووبوونەوەی پەت و سێدارە نەدەچوو. کەسێ باش تێی بڕوانیایە هەستی نەدەکرد مێش میوانی بێ، یاخود بیری لای مردن بێ. قسەی بۆ ژیان دەکرد و بۆ خەبات و کۆڵنەدان، دڵپڕ لە هیوا چاو لە سەرکەوتن دەدوا و دەجوڵا. تا ئەو ساتەی لە یەکتریان جیاکردینەوە ئەوان بۆ ژوورەکانی بەشی سێدارە، ئێمەش بۆ قاوشەکانی زیندان، هەموو شتێکی کۆنترۆڵ دەکرد، بەوی دەوت ئاگات لەو بێت، بەمنیشی دەوت دڵی ئەوانی تر ڕابگری، تەنانەت لەو کاتەدا شەهید جەعفەر لە کاکە حەمە زویربوو، دەنگی لێ بڵند کردەوە، خاڵە شەهاب بە هێمنی پێی وت: هاوڕێ تازە بیرت لای هاوڕێکانت بێ، زیان لە نیوەش بگەڕێتەوە باشە، تکایە ناڕەحەتی مەکە. کاتی جیاکردنەوە، ئارام و لەسەرخۆ یەکە یەکە دەستی هەموومانی گوشی، وا قسەی لەگەڵ دەکردین دەتوت فەرماندەیەکی بەجەرگ پێشمەرگەکانی بۆ نەبەردێکی شۆڕشگێڕانە دەنێرێ و  خۆیشی چاودێری جێبەجێکردنی دەکات. چەندە گەورە و مەزن بوو، چەند بیروباوەڕی خۆی لا گەورە و مەزن بوو. چەندە بەگەورەیی و مەزنی جێیهێشتین با هەر ئەوەندەش گەورە و نەمر بمێنێتەوە. 
هاوڕێکانمان داوایانکرد بەر لەسێدارەدان چاویان پێیان بکەوێ و دواین قسەیان لەگەڵ بکەن.. هەموو زۆریان وت و سیخوڕەکان کەمیان بیست، ئەو ڕۆژە شەهیدان خاڵە شەهاب و جەعفەر عەبدولواحید و ئەنوەر زۆراب لەسێدارە دەدران، هاوڕێ دارۆ و من پێمان داگرت وازمان نەهێنا تا مۆڵەتیان داین بچینە لایان. ئێوارە بوو پێمان نایە ژوورەکانی سێدارە، لە هەموو شوێنێکا لە ڕاڕەو و بنمیچ و زەمینەکەشدا مەرگ پڕ بە زیندان لەڕووی ژیاندا هاواری دەکرد، هەموو شتێ ساردوسڕ و بۆنی خاکی لێ ئەهات، زایەڵەی سروودی ئەو کەڵە پیاوانە تەپڵی ئاهەنگی (ئازادیخوای کورین ئێمە) دڕی بە دیلی و ژێردەستی دەدا، ئەو دەنگە دلێرەی ئەوان چرای تاریکستانی زیندان بوو، تا گەیشتینە لایان دەنگی سروودیان کز نەبوو، سڵاومان لێکردن و توند بە کەلەپچە و زنجیرەوە بەدەستی پۆڵایین یەکە یەکە دەستیان گوشین. چەند ساتێ بەر لە گەیشتنی ئێمە، زەماوەند تەواو ببوو، کەسوکار بڵاوەیان لێ کردبوو، چونکە خاڵە شەهاب داوای کردبوو کە کەس بۆیان نەگری، بەڵکو هەڵپەڕکێ بکەن و ڕووخۆش‌بن، بوار نەدەن دوژمن هەست بە سەرکەوتن بکا و پەژارەش ورەی کەسوکاری هاوڕێیانمان بنەوێنێ. زۆری نەبرد لەو خۆشەویستی و سام و دڵەڕاوکێیەی ئەو چاوپێکەوتنە شایستەیەدا، مفەوەزە ئەمنەکەی یاوەرمان شەرم دایگرت و وتی ببوورن من بەجێتان دێڵم، ئازادبن. بەلامانەوە سەیر بوو، بەڵام بەجێیهێشتین لەو چەند دەقیقەیەدا، هاوڕێ جەعفەر نوکتەیەکی خۆشی گێڕایەوە، هاوڕێ ئەنوەر دەریایەک دڵسۆزی باڵایەکی بەرزی ورەی نیشانداین، لەوەش زیاتر خاڵە شەهاب زنجیرەیەک ئامۆژگاری بەنرخ و ڕەوانی کردین. وتی من ئاسوودەم بە شەهیدبوونم، دەستی براکانم لەو شاخانە ئاواڵەتر دەکەم، ڕێکخستنەکانمان زیاتر ترسیان دەشکێ، چونکە ئەوان تا ئێستا لەترسی ئەوەی ئێمە لە سێدارەنەدەن، لە گەلێ چالاکی خۆیان پاراستووە، ئامانەتی هەموو هاوڕێیان و ئەم ڕێبازە. تکام وایە نرخی یەکێتی خۆتان و براتان و مام جەلال بزانن، زۆربەمان ئازادین لە شار و لە شاخ کاردەکەین، ئێوەش ئازادبن بیرتان نەچێ کە ئەم دوژمنە بە زەبروزەنگی شۆڕشگێڕانە لەناو دەچێ، چیتان پێدەکرێ بۆ پەرەسەندنی خەباتی چەکدارانە درێغی مەکەن قسەوباسی خۆش و لەمەڕ پەیوەندی برایانە و شەخسی زۆریشی لەگەڵ هاوڕێ دارۆ و من کرد. دوا قسەش پێی وتین: بۆ ئەوەی کەڵ بژین . کەم ئەژین.

سەرچاوە: لە بیرەوەرییەکانم لەگەڵ خاڵە شیهاب و هاوڕێکانیدا – فەرەیدون عەبدولقادر چاپی یەکەم 2011

بابەتە پەیوەندیدارەکان