بەفری ئەمساڵی بەسەر هی پاردا دەبارێتەوە

چلچەمەی رۆژهەڵاتی کوردستان و دیمەنە ئەفسووناوییەکەی

11:26 - 2024-07-03
کەلتور
111 جار خوێندراوەتەوە
چیای چلچەمە نوایەک بۆ گەشتیارانی ناوخۆ و دەرەوە

 مستەفا فاتح

 

سروشتی کوردەواری و کوردستان، بەهۆی هەڵکەوتە جوگرافیاییەکەیەوە زۆر شوێنی سەرنجڕاکێشی هەیە. سروشتێکە فرەچەشن و فرە رەنگ، بەڵام بە زۆری چیاکان وەک تایبەتمەندیی سروشتی کوردستان دەناسرێن. 
لە رۆژهەڵاتی کوردستان، زنجیرە چیای زاگرۆس تایبەتمەندییەکی زۆری هەیە و زۆرجار رژدی داوە بە ناوچەکە. 

بەرزییەکەی 3173 مەترە 
یەکێک لە چیاکانی کوردستان، کە بەشێکە لە زنجیرە چیای زاگرۆس، چیای چلچەمەیە. کە هەر ناوی خۆی بەخۆیەوەیەتی، 40 چەمی لێوە هەڵدەقوڵێت. چیایەکی پڕئاو و دامێن تا لووتکە سەوزە، بەشێک لە رووبارە دیارەکانی کوردستانیش لەو چیایەوە سەرچاوە دەگرن لەوانە: قزڵوەزان، سیروان، جەغەتوو (زەڕینەڕوود) و چەمی خوڕخوڕە لەو چەمانەن کە لەم چیایەوە هەڵدەقوڵین. 
چلچەمە لە نێوان شارەکانی سەقز، دیواندەرە و مەریواندایە و ئاوی چلچەمە بەسەر ئەم سێ شارەدا دەڕژێت.
بەرزترین لووتکەی چلچەمە کە بەناوی چلچەمەوە ناودەبرێت و کەوتۆتە نێوان گوندەکانی «کانێعمەت» و «ئیسحاق ئاوا» 3173 مەترە. 
ژمارەیەک لە لووتکەکانی زنجیرە چیای چلچەمە، بریتین لە: شانشین، مزگەوت و میرزا، کەلی با، کانی زڵێخا، گاوەلاڵ، بەرد قیبلە، ئەسێرە رەش و...هتد.

 

چیای چلچەمە، ناوی خۆی بەخۆیەوەیەتی و چل چەمی لێوە هەڵدەقوڵێت و ئاوی سەقز و دیواندەرە و مەریوان دابین دەکات
 


لەچلەی هاویندا، چلچەمە زستانە 

هەر دۆڵێکی چلچەمە رووبارێکی لێوە دەڕژێت، چیایەکە کە تێیدا بۆ ئاو دانامێنیت. لە گەرمای هاویندا بەفراو لە زۆر شوێنیدا دەبینیت. ساڵ 12ی مانگ سەوزایی لێ نابڕێت. زۆربەی ساڵان بەفری دەمێنێتەوە و وەک دەڵێن بەفری نوێ دەکەوێت بەسەر بەفری کۆندا. بەجۆرێک بە گەرمای هاوینیش، لەم ناوچەیەدا هەست بە سەرما دەکەیت. 
لەگەڵ هاتنی یەکەم بەفریشدا، هەموو چیاکان سپی پۆش دەبن. 
لە بارەی گژوگیاشەوە، یەکێکە لەو ناوچانەی کە فرەچەشنیی گژوگیای تێدایە و لەڕووی فرەجۆریی ئاژەڵیشەوە، زۆرجۆری ئاژەڵی کێوی تێدایە، بەڵام بەداخەوە چەند جۆرێکی ئاژەڵی وەک کەڵەکێوی و پڵنگی تێدا نەماوە، هەرچەندە لەم ساڵانەدا چەند جارێک پڵنگ بینراوە، بەڵام زۆر دەگمەنە، ورچیش یەکێکە لەو ئاژەڵانەی کە لە چلچەمە زۆرە و زۆر دەبیندرێت.

کانی چاوڕەشی دەست تەزێن
یەکێک لە سەرچاوە ئاوەکانی چلچەمە، کانییەکە بە ناوی کانی چاوڕەش، ئەم کانییە بەوە ناسراوە کە ئاوەکەی زۆر ساردە و لە هاوینیشدا ناتوانیت بۆ ماوەیەکی کەم دەستی تێدا رابگریت.
چلچەمە یەکێکە لەو چیایانەی کە لە هەموو شوێنێکی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و تەنانەت دەرەوەی ئێرانیشەوە شاخەوان و گەشتیاران سەردانی دەکەن. بەداخەوە هەنووکە دەستکاریی سروشتی ناوچەکە کراوە و لە هەندێک شوێندا سروشتەکەی وەک خۆی نەماوە. ئەمەش رەنگە بە هۆکاری رەوکردنی بەشێک لە ئاژەڵە کێوییەکانییەوە بێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان