باوکێکی باشووری و دایکێکی باکووری و کوڕێکی رۆژهەڵاتی

عەزیز شارۆخ، چریکەی کوێستانی کورد

11:30 - 2024-07-03
کەلتور
205 جار خوێندراوەتەوە
عەزیز شارۆخ لە دوکانەکەیدا

 مستەفا فاتح

 

بە گوێگرتن لە سەید عەلی ئەسغەر و کاوێس ئاغا، عاشقی هونەری گۆرانی وتن بوو، لەڕێی گوێگرتنی بەردەوامیش لە حەسەن زیرەک، حەمەساڵح دیلان، تایەر تۆفێق، حەسەن جەزراوییش فێری ئاوازدانان بوو

 

یەکێک لە هونەرمەندە دەنگخۆشەکانی کوردستان، کە بەرهەمە هونەرییەکانی چەند دەیەیە لە کوردستان بڵاودەبێتەوە و ئاشنایە بە گوێی زۆرینەی خەڵک، هونەرمەندی دەنگخۆش، عەزیز شارۆخ –ە.
کەم کەس هەیە لە کوردستان گوێی لە دەنگی ئەو هونەرمەندە نەبووبێت. زۆربەمان بیرەوەریمان لەگەڵ دەنگی هەیە. دەنگێک کە وەک قاسپەی کەو دەچریکێنێت، دەنگێک کە ئاشنایە بە رۆحمان.

بنەماڵەکەی بەدەستی روسەکان کوژران
عەزیز شاڕۆخ 1938لە گەڕەکی (سەرقەبران)ی مەهاباد لەدایکبووە کە ئەمڕۆ بەشێکە لە شەقامی وەفایی لە. باوکی ناوی عەبدوڵڵایە و بەڕەچەڵەک خەڵکی ناوچەی پشدەری باشووری کوردستانە. 
باپیرە گەورەی عەزیز شارۆخ لە تەمەنی گەنجیدا روویکردۆتە دەورووبەری مەهاباد و لە ناوچەی مەنگوڕایەتی گیرساوەتەوە و لەگەڵ کچێکی مەنگۆڕدا ژیانی خێزانیی پێکهێناوە.
دایکی عەزیز شارۆخ ناوی (ئامینە)یە و خەڵکی ناوچەی (نەهری) باکووری کوردستانە کە لەدوای جەنگی یەکەمی جیهانەوە لەگەڵ براکەیدا روویان کردۆتە رۆژهەڵاتی کوردستان و دایک و باوک و بنەماڵەکەی بە دەستی روسەکان کوژراون.
ئەو هونەرمەندە ساڵی 1960، خوێندنی ئامادەیی تەواوکردووە و چۆتە پەیمانگەی مامۆستایان و یەک ساڵ لەوێ خوێندوویەتی و ساڵی 1961 بووە بە مامۆستا.

ساواک دەستی لە یەخەی ئەویش گیرکرد
ساڵی 1963 لەلایەن بەشی هەواڵگریی رژێمی پاشایەتی (ساواک)ەوە دەستگیرکراوە و سێ ساڵ لە زینداندا بووە و ساڵی 1966 ئازادکراوە، بۆ ماوەی 10 ساڵ لە هەموو مافێکی کۆمەڵایەتی بێبەری کراوە.
لە تشرینی دووەمی 1966 لەگەڵ کچێکی مهابادی بە ناوی (کوبرا ‌غەوسییە) ژیانی خێزانیی پێکهێناوە و پێنج کچی هەیە.
باوک و برا گەورەکەی عەزیز شارۆخ هەردووکیان دەنگیان خۆش بوو، بۆیە ئەو هونەرمەندە سەرەتا بە گوێگرتن لە سەید عەلی ئەسغەر کوردستانی و کاوێس ئاغا، عاشقی هونەری گۆرانی وتن بوو. وەک بەشی زۆری هونەرمەندانی کورد، هیچکات بۆی نەلوا بەشێوەی زانستی ئاواز و موزیک بخوێنێت، بەڵام بە گوێگرتن لە دەنگی هونەرمەندە دیارەکانی کورد وەک حەسەن زیرەک، حەمەساڵح دیلان، تایەر تۆفێق، حەسەن جەزراوی، فێری ئاوازدانان بوو.

بەهرەی ئاوازدانان و تێکست نووسین
عەزیز شارۆخ لە ساڵی 1969وە دەستی کردووە بە کاری هونەری و تائێستا زیاتر لە 40 ئەلبومی هونەریی بەرهەمهێناوە. 
لە کارەکانیدا لەگەڵ ژمارەیەک لە هونەرمەندە ناودارەکانی کورد و ئێرانیدا کاری کردووە، لەوانە: (عەندەلیبی، موجتەبا میرزادە، سەعید فەرەج پووری، مەهدی خەجەندی و... هتد).
یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی عەزیز شارۆخ ئەوەیە زۆر بە هەستیارییەوە تێکست هەڵدەبژێرێت و ئاشنایە بە ئەدەبی کوردی و تێکستەکان زۆر هۆشیارانە هەڵدەبژێرێت. 
جگە لە کاری گۆرانی وتن، خەریکی کاری نووسین و کۆکردنەوەی فۆلکلۆری کوردییە و هەروەها بەهرەی شیعر نووسینیشی هەیە .
ساڵی 2000 کتێبێکی لەلایەن دەزگای ئاراسەوە چاپکراوە کە کۆمەڵێک بەرهەمی فۆلکلۆری کوردیی لەخۆگرتووە.
ساڵی 2021 خەڵاتی ماملێی پێبەخشراوە کە یەکێکە لە خەڵاتە دیارە هونەرییەکانی کوردستان.

خاوەنی خەڵاتی جیهانیی ناودارانی کوردە
هەروەها ساڵی 2019 لە کۆنگرەی جیهانیی ناودارانی کورددا خەڵاتکرا وەک کەسایەتییەکی دیار و ناوداری کورد.
ژمارەیەک لە ئەلبوومی موزیک و گۆرانییەکانی عەزیز شارۆخ ئەمانەی خوارەوەن:
لە دەستی عەشق ، ئاوات، زەمانە، رووناک، سکاڵا، بەیادی سەیدعەلی ئەسغەر کوردستانی، مەهاباد و چەندانی دیکە.
مامۆستا عەزیز شارۆخی دەنگخۆش، خاوەنی ستایلی تایبەت بەخۆیەتی و تائێستا کە  تەمەنی 86 ساڵە لە شاری مەهاباد دەژی و زیاتر لە تۆمارگەکەیدا دەبیندرێت.
 هەڵکشانی تەمەن بە روخسارییەوە دیارە، بەڵام وەک کەسێک کە هەست دەکات ئەرکێکی لەسەر شانە، هەر بەردەوامە لە کاری هونەری، نووسین و لێکۆڵینەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان