وەزارەتی تەندروستی رێنمایی خۆپارێزی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون بڵاودەکاتەوە

07:43 - 2025-05-02
کوردستان
76 جار خوێندراوەتەوە

بۆ خۆپارێزی لە نەخۆشی تای خوێنبەربوون، وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان چەند رێنماییەکی خستووەتەڕوو بۆ پاراستنی هاووڵاتیان لە نەخۆشیی تای خوێنبەربوون لە کاتی سەربڕینی ئاژەڵدا.

وەزارەتی تەندروستی جەختدەکاتەوە کە سەربڕینی ئاژەڵ پێویستە لە سەربڕینخانە رێگەپێدراوەکان و لەژێر چاودێری پزیشکی ڤێتەرنەریدا بێت.

رێنماییە سەرەکییەکان:

1- سەربڕینی ئاژەڵ پێویستە لەناو ئەو سەربڕینخانانەدا بێت کە رێگەپێدراون و پزیشکی ڤێنتەرنەری سەرپەرشتی دەکات.

2- لە کاتی سەربڕینی ئاژەڵ و کەوڵکردن یان پارچەپارچەکردنی گۆشتەکەیان، جلوبەرگی خۆپارێزی وەک: دەستکێش، جزمە، بەرگی تایبەت، ماسکی دەموچاو بەکاربهێنرێن.

3- نابێت خێزان یان خەڵک لە چواردەوری قەساب کۆببنەوە و هاوکاریی بکەن.

4- بەبێ دەستکێش دەست لە کەلاش مەدەن و دوای پۆشینی دەستکێش و کەلوپەلی خۆپارێزی گۆشتەکە پارچەپارچە بکەن و پاشان دەست بەباشی بشۆردرێت.

5- لابردنی پاشماوەی ئاژەڵە سەربڕاوەکان و دانانی کیسی داخراو و فڕێدانی بۆ شوێنی تایبەت.

6- بەکارهێنانی چەقۆ و تەختەی پارچەپارچەکردنی تایبەت بە گۆشت و پاکژکردنەوەی تەختە و چەقۆکان دوای بەکارهێنان.

7-پاککردنەوەی ئەو شوێنەی ئاژەڵەکەی لێ سەر دەبڕدرێت، بەتایبەت ئەو شوێنانەی خوێنی لێیە بە ماددەی کلۆرین پاک بکرێنەوە.

8 - باشتر وايە گۆشت دواى سەربڕينى ئاژەڵ بۆ ماوەى نيو كاتژمێر لە پلەى 4- پلەى سەدى هەڵبگيرێت، پاشان بەكار بهێنرێت. بەڵام گۆشتی کوڵاو هیچ کێشەی نییە و نابێتە هۆی توشبوون بە نەخۆشیی تای خوێنبەربوون.

9- ئەگەر ئاژەڵ گەنە يان مێرووى ترى هەبوو باشتر وايە سەرنەبڕدرێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان