مەحمود عەبدولکەریم باجەڵان
نووسین یەکێکە لەو چالاکییە جەوهەریانەی کە رۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە پەرەپێدانی توانا فیکری و سۆزداری و کۆمەڵایەتییەکانی منداڵان، هۆکارێکی باشە بۆ پەرەپێدانی تواناکانی منداڵان لە چەندین بواردا، لە دەربڕینی هەستەکانەوە تا پێگەیاندنی بیرکردنەوەی رەخنەگرانە و داهێنان.
نووسین دەرفەتێک بۆ منداڵان دەڕەخسێنێت، کە بە چەندین شێوە پەرە بە خۆیان بدەن، گرنگە دایک و باوک و مامۆستایان ژینگەیەک دابین بکەن کە هانی نووسین بدات، یارمەتی منداڵان بدات بۆ گەڕان بەدوای جیهانە نوێیەکانی بیرکردنەوە و داهێناندا، وەبەرهێنان لە تواناکانی نووسینی منداڵان وەبەرهێنانێکە بۆ داهاتوویان، بەو پێیەی نووسین دەتوانێت دەرگایەکی نوێی دەرفەت و پێگەیشتن بکاتەوە.
هاندانی منداڵان بۆ ئەوەی بنووسن، چەندین سوودی هەیە بەدەر لە دەربڕینی بیرکردنەوەکانیان، وەک لە رێگەی ئەم پرۆسەیەوە منداڵان دەتوانن متمانە بەخۆیان زیاتر بکەن و پەرە بە زمان و توانای داهێنەرییان بدەن، کاتێک دەرفەت دەدرێت بە منداڵان بۆ ئەوەی لەسەر هەستەکانیان بنووسن، ئەوا توانای ئەوەیان دەبێت باشتر لەهەستەکانی خۆیان تێبگەن، یارمەتیان دەدات ئەزموونەکانیان پرۆسێس بکەن، چ ئەرێنی و چ نەرێنی، ئەمەش دەتوانێت بەتایبەتی لە کاتی فشار یان دڵەڕاوکێدا سوودی هەبێت، چونکە نووسین یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی فشار.
کاتێک منداڵان دەنووسن، پێویستە بیرکردنەوەکانیان رێکبخەن و بە شێوەیەکی لۆژیکی پێشکەشی بکەن، ئەمەش پێویستی بە رەچاوکردنی وردی پێکهاتەی رستە و هەڵبژاردنی وشەی گونجاو هەیە، لە رێگەی ئەم پرۆسەیەوە منداڵان فێر دەبن چۆن ئارگومێنت بنیات بنێن و پرسیار بکەن، ئەمەش یارمەتیان دەدات بۆ پەرەپێدانی تواناکانی بیرکردنەوەی رەخنەگرانە کە لە ژیانی ئەکادیمی و پیشەیی دواتردا بەسوود دەبێت، کاتێک منداڵان رێگەیان پێدەدرێت بە ئازادی بیرکردنەوەکانیان دەرببڕن، ئەوا دەتوانن بە خەیاڵەکانیاندا بگەڕێن و داهێنەرییەکانیان بخەنە روو ئەوەی لە ناخیاندایە ئاشکرای بکەن.
دەکرێت رێگەیەک بێت بۆ دروستکردنی جیهانی نوێ یان کارەکتەری خەیاڵی، یارمەتی منداڵان دەدات بە شێوازی نوێ و ناتەقلیدی بیر بکەنەوە، ئەمەش تەنها لە نووسیندا سنووردار نابێت؛ بەڵکو پێدەچێت کاریگەری لەسەر لایەنەکانی تری ژیانیانیش هەبێت، وەک لایەنەکانی هونەری و زانستییەکانیش، جگە لەمەش نووسین توانای پەیوەندیکردن زیاتر دەکات، منداڵان بە راهێنانی نووسین، فێردەبن چۆن بیرۆکەکانیان بە روونی و کاریگەرانە دەرببڕن، ئەم کارامەییانە لە داهاتوودا پێویست دەبن، چ لە قوتابخانە یان لەشوێنی کار، بەجۆرێک یارمەتی منداڵان بدات لە بوارە ئەکادیمییەکانیاندا سەرکەوتووتر بن.
کاتێک منداڵان دەتوانن چیرۆکێک، وتارێک، یان تەنانەت نووسینێکی ساکار بنووسن، هەست بە شانازی دەکەن بە دەستکەوتەکانیان، ئەم هەستە متمانە بە خۆبوونیان زیاد دەکات و پاڵنەرێک دەبێت بۆ بەردەوامبوون لە نووسین و گەڕان بەدوای لێهاتووییەکانیان.
گرنگە بۆ پەرەدان بەم لایەنە، لە گۆڤارەکانی تایبەت بەمنداڵان خودنووسینی منداڵان لەیاد نەکرێت، با تەنها ئێمەی گەوران بۆ منداڵان نەنووسین، بەڵکو وایان لێ بکەین خۆیان بەشێکی گرنگی نووسین و دەربڕین بن لە خودی خۆیان، ئەمەش ریگای تێگەیشتن لە خودی خۆیان نزیکتر دەکاتەوە.