هەنارەکانی هەڵەبجە

08:45 - 2024-07-04
ئەدەب و هونەر
146 جار خوێندراوەتەوە

هەنارەکانی هەڵەبجە 
خودا لە قورئانا ناوی هێناون 
پێی فەرمون لە روودا سور و 
لە ناخدا سپی بن 
من هەنارم بینیوە 
لە حەسرەتی هەڵەبجەیا 
ڕەش هەڵگەڕاوە 
دڵی هەنارم بەلەتی بینیوە 
هەناری جوانەمەرگ هەیە لە هەڵەبجە 
ئەگەر هەنار ژن بێت 
پێش باکور 
ژن لە هەڵەبجە پێشمەرگە بوو 
هەنار  ...
 بە گوڵی عاشقی نەبیت 
ئەو کاتەی کەنیشکە نایەتە جێژوان 
خۆ هەنار کاتی خۆی پرچی هەبوو 
ساڵی ئافاتەکە سوتا
  هەناری هەڵەبجە 
توێژاڵێکی تەنک 
وەک چیخ وایە تامی تاڵە 
ماچی لێوەکان جیا ئەکاتەوە 
لە بیرمە ئەو کاتەی تازێبار بووین بە توێکڵی هەنار پرچمان رەش کرد
 راستە هەنار ڕەنگی سورە 
بەڵام لە هەموو میوەکان دڵتەنگترە
هەناری هەڵەبجە بێوەژن نەبێت قەیرەیە 
ئەزانێ عەشق چیە 
وەلێ باسی ناکات 
هەناری هەڵەبجە 
پێی خۆشە بە رووتی بچێتە بەر باران 
پێی خۆشە لە گەڵ شنە با سەما بکات 
هەنار و هەڵەبجە 
لە یەک دایکن 
بە ترشیەوە ئەبێ دڵخۆشبن

بابەتە پەیوەندیدارەکان