بێژەری هەواڵی سیاسی لە کەناڵی گەلی کوردستان، سندوس بایز عەبدوڵڵا لە قەڵادزێ لەدایکبووە و لە سلێمانی دەژی. پەیمانگای تەکنیکی دوکانی تەواو کردووە و ساڵی 2009 دەستی بەکاری راگەیاندن کردووە، سوندس بە دوالاپەڕەی وت:
تا ئێستا بەشداریم لە هەشت خولی راگەیاندندا کردووە و دڵخۆشم بەپیشەکەم و زۆرم خۆش دەوێت، چونکە هەواڵ راستەوخۆ پەیوەندیی بە ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیانەوە هەیە، ئەمەش وادەکات بە ئەمانەتەوە زانیاریی بگەیەنین. سندوس وتیشی :
بێجگەلە راگەیاندن لەبواری ژمێریاریدا شارەزایم هەیە بەحوکمی ئەوەی ژمێریاریم تەواو کردووە.
لەوەڵامی ئەو پرسیارەدا کە پێی وایە راگەیاندن و راگەیاندنکاری سەرکەوتوو دەبێت چۆن بن، وتی:
بینەری ئێستا زۆر لەوە بە ئاگاترە بەهەواڵی ساختە چەواشە بکرێت، هەموو کەناڵێک ستراتیژی تایبەت بەخۆی هەیە، بەڵام ئەوەی گرنگە هەواڵێک بێت بە پێزبێت و جێگەی چاوەڕوانیی خەلک بێت و هەواڵی راست و دروست بێت.
راگەیاندنکاری سەرکەوتووش کەسێکە ترسی نەبێت لەگەیاندنی راستییەکان و ئەوەیە کە پیشەکەی بۆ ئیشی بزنس بەکارنەهێنێ، ئەبێ روحت ئاوێتەی ئیشەکەت بێت، هەرچەند کۆسپ و ڕێگریی هەبێت، ئیرادەی سەرکەوتن بۆ رۆژنامەنووسی سەرکەوتوو زیاترە، هەروەها سزاو پاداشت زۆر گرنگە، لە هەردوو حاڵەتدا هاندانە بۆ ئیشی زیاتر.
راگەیاندن لای من پرۆسەیەکی ئەقڵییە، چونکە کۆمەڵێک هێما و داتا لە یادەوریی خەڵکدا دەچەسپێنێ، پرۆسەیەکی رۆشنبیریشە، لە رێگەی راگەیاندنەوە مـــرۆڤ دەتوانێت لەخۆی و ژینگەی دەورووبەری تێبگات.
ســوپاسی ئەوانە دەکــــەم فێریان کردم پشت بەخۆم ببەستم کە ئەم هەنگاوە بۆ مرۆڤ زۆر گرنگە.
ئالان محەمەد جەزا