محەمەد و حەسان، دوو برای دووانەن لە كەناڵی (المسری) پەیامنێرن، ئەم دوو برایە جیاواز لە دووانەكانی دیكەی دنیا تەنانەت لە پیشەكەشیاندا دانەبڕاون و پێكەوە لەهەمان كەناڵی راگەیاندن كاردەكەن.
محەمەد و حەسان لەبارەی پیشەكەیانەوە بە دوالاپەڕەیان وت: ئێمە خەڵكی دیالەین، بەڵام لە سلێمانی نیشتەجێین، لە 2014ەوە لە راگەیاندندا كاردەكەين، سەرەتا وەك فۆتۆگرافەر دەستبەكاربووين، بەڵام ئێستا وەك پەیامنێری كەناڵی (المسری) بەردەوامين.
محەمەد و حەسان دەشڵێن: ئێمە هەر لە منداڵییەوە حەزوخولیای وێنەگرتنمان هەبووە، هەر ئەمەش وایكردووە لە خەونەكەمان نزیكتر بین و بگەین بە ئامانجی خۆمان، بێگومان ئاشكرایە وێنەگرتنی سروشت لەگەڵ وێنەگرتنی كەسەكان تەواو جیاوازە، بەڵام محەمەد لەبارەی پیشەكەیەوە بیركردنەوەیەكی جیاوازی هەیە، چونكە بە پێی قسەی خۆی بێت دەڵێت گەر پەیامنێر نەبوومایە، پێمخۆشەبوو لە بواری یاسا كارمبكردایە، ئێمە نەك تەنها لە هەمان پیشەداین تەنانەت هەمان پۆشاكیش دەپۆشین، زۆرجار كەسەكان ئێمە لە یەكتر جیاناكەنەوە بەهۆی ئەوەی كە زۆر لەیەك دەچین، محەمەد بە بەشداریكردنی لە خول خۆی فێری فۆتۆگرافەریی كردووە، هەروەها راگەیاندنیشی بۆ ئەوە هەڵبژاردووە تا دەنگی خەڵك بگەیەنێت، بەڵام حەسان حەزوخولیای وایكردووە كە فێری بوارەكە بێت و تێیدا بەردەوام بێت.
ئالان محەمەد جەزا