لە یادی 41 ساڵەی شەهیدی سەركردە مامۆستا جەمال تاهیردا

ئەو پیاوەی تۆڕی رێكخستنەكانی لە هەڵوەشاندنەوە پاراست

10:13 - 2024-07-15
کوردستان
260 جار خوێندراوەتەوە
دووەم كەس لەڕاستەوە شەهید مامۆستا جەمال لەكاتی پێشمەرگایەتی

ئاوات کۆکەیی

لە ژیاندا هەندێك كەس هەن، ناوبانگ و كاریگەرییان پێش تەمەنیان كەوتۆتەوە، لە ماوەیەكی كەمدا بوونە رابەر و پێشەوای هەڤاڵانیان، بوونە كەسایەتییەكی مەزن و منەوەر.
ئەم بابەتە زیاتر لە كۆڕی تێكۆشاندا روودەدات و ئەوانە ئەو خەسڵەتە هەڵدەگرن، كە خۆیان نەزری گەل و خاكەكەیان كردووە و وازیان لە ژیانی ئاسایی خۆیان هێناوە، نمونەش زۆرە و مێژووی تێكۆشەران و شەهیدانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بەڵگەی روون و زیندووی حاشا هەڵنەگری ئەو بابەتەیە.
شەهیدی سەركردە مامۆستا جەمال تاهیر، تەنیا 40 ساڵ ژیاوە، لە تەمەنی 17 ساڵیدا چۆتە كۆڕی تێكۆشانەوە كە تێكڕا 23 ساڵ دەكات، لەو 23 ساڵەدا بەشێكی زۆری خەباتی سەختی نهێنی بووە و زۆركەس بەناوی خۆیەوە نەیان ناسیوە، دووجاریش دەستگیركراوە و ماوەیەكی زۆر لە زیندانەكاندا بێ سەروشوێن بووە، كەچی ناوبانگ و كاریگەریی ئەو شەهیدە، هێندە زۆر و بەهێزبووە، لە كۆڕە نهێنی و ئاشكراكاندا و بە ئامادەبوون و بێ ئامادەنەبوونی خۆشی، شوێن و پێگەی گرنگ و هەستیاری بۆ داندراوە.
  تا لە دواجاردا و لە دووەم كۆنفرانسی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستاندا، كە بە نهێنی بەشداریی كردبوو و زۆربەی بەشداربووانی كۆنفرانس نەیاندەزانی لەوێیە و رووبەڕووش نەیاندەناسی، بە ئەندامی سەركردایەتی هەڵیانبژارد.
كارو خەباتی چڕ و بەردەوامی مامۆستا جەمال وایكردووە، مێژوو بەبێ ناوهێنانی ئەو كەلەبەر و كەلێنی زۆری تێبكەوێت، بە تێكۆشانی ئاشكرا و نهێنی خۆی بووە بە ئەو ناوەی كە هەموومان پێی ئاشناببین و ببێتە ناوێكی درەوشاوە.

ئەگەر نهێنییەكانی دركاندبا!
سەرۆك مام جەلال لە باسی شەهید مامۆستا جەمال تاهیردا وتوویەتی: بۆ باسكردنی ژیاننامەی مامۆستا جەمال تاهیری تێكۆشەر و نەمر، پێویستمان بە نووسینی چەندین نامیلكە هەیە، وتووشیەتی: مامۆستا جەمال تاهیر هەموو ژیانی هەر لە لاوێتییەوە بۆ خەبات و كوردایەتی و رەنجدەرانی كوردستان تەرخانكردبوو، هەموو ئاوات و ئامانجی رزگاركردن و ئازادكردن و بەختیاریی ئەوانە بوو.
هەڵگرێكی ژیر و هوشیاری مەشخەڵی بیروباوەڕی كوردایەتی پێشكەوتنخواز و دیموكراتی سۆسیالیزم بوو لەناو كۆمەڵانی خەڵكی كوردستاندا، قارەمانێكی دلێری زیندانەكان بوو، چەندین جار گراوە و زۆریش ئەشكەنجەدراوەو تووشی زۆر سەختی و ناخۆشیبووە و تەنانەت هەڕەشەی كوشتنیشی لێكرەوە كەچی سەری بۆ داگیركەران شۆڕنەكردووەو هەموو نهێنییەكانی (ی.ن.ك)ی پاراست، لە كاتێكدا خوانەخواستە ئەگەر نهێنییەكانی بدركاندبا، ئەوە (ی.ن.ك)و شۆڕشەكەمان تووشی كارەساتێك دەهات.
 هاوڕێی زیندان
عەزیز مەحمود عەلی ناسراو بە حاكم عەزیز، هاوڕێی زیندانیی شەهید مامۆستا جەمال تاهیربووە و لە گێڕانەوەكانیدا وتوویەتی: لە كۆتایی ساڵی 1981  لە ئەمنی سلێمانی بووم، بۆ یەكەمجار مامۆستا جەمالم بینی، كورێكی سوور و سپی، ریشی هاتبوو، قسەمان كرد و كە وتم من فڵانم، یەكسەر خۆم و كەسوكارمی ناسی، وتی: تۆ محامیت، كەسوكارت باشن و خەمی ئەوانت نەبێت.
كاتێك بڕیاری ئازادكردنمان درا، هەموو زیندانییەكانی كۆكردەوە و داوای لێكردین ژوری زیندانەكان پاك بكەینەوە بۆ ئەو كەسانەی كە دوای ئێمە دەستگیردەكرێن و دێنە ئێرە.
ئیتر وردە وردە بۆم دەركەوت ئەوكەسە دەبێت سەركردەیەكی رێكخستن  بێت، چونكە بەهەڵسوكەوت و رەفتاریدا هەموو خەسڵەتێكی سەركردەی تێدا بوو.
ئەو هاوڕێیەی كە ماوەی هەشت مانگ لە زیندان پێكەوەبوون، باس لەوە دەكات جەللادەكان بە ئەشكەنجەی زۆر مامۆستایان هیلاك كردبوو، بەڵام هەمیشە و بە بەردەوامی ورەی بەرزبووە و ورەی ئەویشی بەرزكردۆتەوە، دەشڵێت: لە هەموو شتێكدا زۆر ورد بوو، رێك ئەتوت خوا دروستی كردووە لەو سەردەمەدا ببێت بە لێپرسراوی رێكخستن.

مامۆستا جەمال تاهیر

لە دایكبووی ساڵی 1943یە و دەرچووی پەیمانگەی مامۆستایانی سلێمانییە، ساڵی 1964 بە مامۆستا دامەزراوە.
ساڵی 1960 پەیوەندیی بە پارتییەوە كردووە و ساڵی 1970 پەیوەندیی كردووە بە كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستانەوە.
دووجار لەلایەن ئەمنی سلێمانیەوە دەستگیركراوە و رۆژی 14/7/1982 بە لێبوردنی گشتی ئازادكراوە.
ئەندامی مەكتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەكتەبی رێكخستنی ی.ن.ك بووە. 
رۆژی 14/7/1983 شەهیدكرا.

#سەروەران

بابەتە پەیوەندیدارەکان