به‌یان له‌تیف عه‌سكه‌ری، نووسه‌ر، له خوێندن دابڕا و له‌گه‌ڵ خێزانەكه‌یدا رووی كرده شاخ، به‌هۆی ئه‌و نه‌هامه‌تییانه‌ی كه به‌سه‌ر خۆی و كه‌سوكاریدا هات له‌سه‌رده‌می به‌عسدا.
به‌یان له‌تیف به دوالاپه‌ڕه ده‌ڵێت: له خوێندن دابڕام، چونكه باوكم زیندانی كرا، به‌ڵام ئازاد بوو و دواتر چه‌ند باره ئه‌مری گرتن و له سێداره‌دانی بۆ ده‌رچوو، به‌هۆیه‌وه باوكمان له‌پیشه‌كه‌ی دابڕا و ئێمه‌ش له خوێندن، ته‌واوی جگه‌ر گۆشه‌كانی باوكم كه قوتابی بووین، به ناچاری و گریانه‌وه هۆڵ و قوتابخانه‌كه‌مان به‌جێهشت و روومان كرده شاخ.
به‌یان وتیشی: دواتر مامۆستای باوكم پیشه‌ی ئامر كه‌رتی له لایه‌ن (مام جەلال)ەوە پێدرا، كه وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه له ناوچه‌كه‌ی خۆمان پێی ده‌وترێت (قه‌ڵاسێوكه) دوو خێزانی بۆ كوردستان خسته مه‌ترسییه‌وه، كاتێكیش به‌دیل گیرا و شه‌هید بوو له كیمیابارانه‌كه‌ی گوندی گۆپته‌په و عه‌سكه‌ردا خۆم و شه‌ش خوشك و برام، به بێ كه‌سی كه‌وتمه لای ماڵی مامی گه‌وره‌ی دایكم كه گه‌ڕامه‌وه ئێران له ترسی گرتن ئه‌وانیش بۆ عیراق دواتر به ته‌مه‌نێكێ كه‌مه‌وه بڕیاری هاوسه‌رگیریمدا، دواتر تاراوگه و غه‌ریبی ئیدی ئه‌و شتانه كه‌وته مێشك و خه‌یاڵم كه من ده‌بێ ده‌ستبه‌رداری ئه‌و چیرۆك و ئازاره نه‌بم، كه زۆریان گریاندم و ته‌نیایانكردم زۆرم فرمێسكی بێ كه‌سی رشت، چونكه ئه‌م نه‌هامه‌تیيه بڕیاری پێدام بگه‌ڕێمه‌وه خوێندن و ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ش جێبه‌جێ بكه‌م له پێناو خاك و نیشتمان و به تایبه‌ت كه‌سوكاره ئه‌نفالكراوه‌كه‌م، ئه‌مانه كه‌مێكن له خه‌رمان سوتاوی خۆم و ده‌ڤه‌ره‌كه‌م، چونكه خۆشم بریندارێكی كیمیابارانه‌كه بووم، بەوهۆیەوە بواری جینۆساید و خزمه‌ت به قوربانیانم هه‌ڵبژارد، ئێستا خاوه‌نی پێنج به‌رهه‌می جوانم، كه پڕا و پڕن له‌و كاره‌ساتانه‌ی كه به‌سه‌ر خۆم و كه‌سوكارمدا هات، جگه له‌و پێنج به‌رهه‌مه‌مم به‌رهه‌مێكی دیكه‌ی چاپنه‌كراویشم هه‌یه، هه‌ر له‌و بواره‌دا ئێستاش وه‌ك ئه‌ندام له ئه‌ندامانی یەکێتیی نووسەران و جینۆسایدم. یه‌سنا محه‌مه‌د