لە کوردستانی نوێ-وە بۆ بەرچاوی لێپرسراوان

کێشە و داواکاریی هاووڵاتیان

12:23 - 2024-07-18
ڕاپۆرت
290 جار خوێندراوەتەوە

ئامادەکردنی/ محەمەد رەزا

رۆژنامەی کوردستانی نوێ، لە پەرۆشیی بۆ گەیاندنی کێشە و گرفتەکانی هاووڵاتیان بۆ بەرچاوی لێپرسراوان لاپەڕەیەکی تایبەتی تەرخانکردووە، کێشەی کەمیی خزمەتگوزاری کۆڵان، گەڕەک، شەقام، گوند، قەزا، ناحیە و شارەکانی هەرێمی تێدا بڵاودەکاتەوە، بە ئامانجی راستەوخۆ گەیاندنی بۆ بەرچاوی لێپرسراوان و چارەسەرکردنی.

گرفتەکانی هەنارانی خواروو
هەنارانی خواروو، گوندێکی رەنگینی ناحیەی بەکرەجۆی قەزای سلێمانییە، نزیکەی 30 خێزانی تێدا نیشتەجێیە، كوێخا كامیل دانیشتووی گوند بۆ کوردستانی نوێ وتی: زۆرمان پێ خۆشە رۆژنامەی زمانحاڵی یەکێتی کێشە و گرفتەکانمان بۆ بڵاودەکاتەوە، گوندەکەمان جادەیەکی دوو کیلۆمەتری هەیە دوای چەند جارێک بڕیاری چاکردن هێشتا گڵە و پێویستی بە قیرکردنە، بنکەی تەندروستیمان نییە، جاری واهەبووە لە نیوەشەودا كەسێك نەخۆش بووە یان مار و مێروو پێوەی داوە بە زەحمەت گەیاندومانەتە نەخۆشخانەکانی سلێمانی.
وتیشی: بەم گەرمایە شەو و رۆژ چوار سەعات کارەبامان هەیە و گوندەکەمان پێویستی بە دابینکردنی موەلیدەیە، قوتابخانەی ناوەندی لە گوندەکەماندا نییە و 30 خوێندکارمان هەیە بە سەرما و گەرما رێگەیەکی دوور دەبڕن بۆ گەیشتن بە قوتابخانە لە گوندێکی دیکە، هەموو ئەوانەی داوای دەکەین مافێکی سەرەتایی هەر هاووڵاتییەکە و داوا لە بەرپرسان دەکەین قۆڵی جێبەجێکردنی خزمەتگوزارییەکانی لێ هەڵماڵن و گوندنشینان لەگەڵ خۆیان ئاشت بکەنەوە.

بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی لێی بکۆڵەرەوە
گەڕەكی (202) ی دڵدار لە سلێمانی، واتا گەڕەكی راپەڕینی كۆن، دوو كۆڵانی كە زیاتر لە 70-80 ماڵە کێشەی کەمی ئاوی خواردنەوەیان هەیە و هاووڵاتییەک دەڵێت: بەشێک لە ماڵەکان دوو هێڵی ئاویان راکێشاوە، لەگەڵ ئەوەشدا بەشێکی ماڵەکان بە مزەخە ئاویان بۆ دەچێت، هەندێک ماڵیش زیادەڕۆییان کردۆتە سەر بۆری گشتیی ئاوی خواردنەوە و زوڕنایان لێ بەستووە، ئەوە بووتە هۆکاری ئەوەی بەشێکی زۆری ماڵەکانی گەڕەکەکە ئاوی خواردنەوەی بۆ نەچێت و ناچاربن بە تانکەر ئاوی خواردنەوە بکڕن.
 وتیشی، لەماوەی رابردوودا لە بەڕێوەبەرایەتی ئاو سکاڵامان کرد و لیژنەیان هات زیادەڕۆییەکانی بڕی، بەڵام هێشتا هەست دەکەین زیادەڕۆیی لەسەر بۆرییە گشتییەکە ماوە بۆیە بەباشی ئاوی خواردنەوەمان بۆ نایەت، پێویستە بەڕێوەبەرایەتی ئاو بە وردی بەدواداچوون بۆ زیادەڕۆییەکان بکات و سەرپێچیکاران سزا بدات، بۆرییە گشتییەکەش زۆر کۆنە و بیگۆڕێت.
هاوکات بەختیار تاهیر بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی لەوبارەیەوە بە کوردستانی نوێی راگەیاند، لە رێگەی تیمی تایبەتەوە زیادەڕۆییەکانی سەر بۆرییە گشتییەکەمان بڕیوە و ئێستا بەشێکی گەڕەکەکە تاڕادەیەکی باش گرفتەکەیان چارەسەر بووە، هۆكاری نەگۆڕینی بۆریی سەرەکی ئاوی گەڕەکەکەش قەیرانی داراییە.

کێشەکانی گەڕەكی موكریان 
گەڕەكی موكریان دەکەوێتە سنووری گەڕەکی ئیبراهیم ئەحمەد، لە خۆرهەڵاتی شاری سلێمانی و بە گەڕەکی پێشمەرگە دێرینەكان ناسراوە، کێشەی قیرتاو نەکردنی کۆڵانەکانیان هەیە و دانیشتوویەکی گەڕەکەکە دەڵێت: کۆڵانەکانمان چەند ساڵێکە تێکەڵەڕێژ کراوە و بەجێهێڵراوە، ئێمە لەنێوان کۆمپانیایەکی نیشتەجێ بوون و شارەوانی سلێمانی بووینەتە قوربانی و هەر یەکەیان ئەرکی قیرتاوکردنی کۆڵانەکانمان بەوی تریان دەسپێرێت و کەسیشیان جێبەجێی ناکەن، هاوینان تۆز و خۆڵ و زستانان قوڕ و لیتە هەراسانی کردوین.
وتیشی، لەبەرئەوەی گەڕەکەمان کەوتووەتە بەشی سەرەوەی خۆرهەڵاتی سلێمانی نزیک بناری شاخەکە، پێویستمان بە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەک قوتابخانە، باخچەی ساوایان، دایەنگە و بنكەی تەندروستییە، کە لێی بێبەشین.

لە گوندی هەباسە گوڵە چ باسە؟
هەباسە گوڵە گوندێکی جوان و ناوازەی شارباژێڕە لە پارێزگای سلێمانی، رەحمان ئەحمەد ئەنجومەنی گوند بە کوردستانی نوێی وت: لە ماوەی رابردوودا چەند جارێک داواکاری قیرتاوکردنی جادەی گوندەکەمان گەیاندۆتە بەرپرسان لەگەڵ ئەوەی بەڵێنیان پێداوین، بەڵام هێشتا گڵە و بۆیان قیرتاو نەکردوین.
وتیشی: قوتابخانەی گوندەکەمان بە هەوڵی خۆمان و خێرخوازان بیناکەیمان دروست کردووە و لەبەر نەمانی پارە لێی وەستاوین، داوا لە وەزارەتی پەروەردە دەکەین بەشەکەی دیکەی بگرێتە ئەستۆ و تەواوی بکات بۆئەوەی خوێندکارەکانمان بێبەش نەبن لە خوێندن، پرۆژەی ئاوی خواردنەوەمان نییە و ئەو بیرە ئیتیوازییەی بۆیان لێداوین ئاوەکەی بۆ خواردنەوە نابێت، بینای مزگەوتی گەندەکەمان وێرانە و پێویستی بە نۆژەنکردنەوەیە.
هاوکات رەئوف رەسوڵ دانیشتووی گوندی هەباسە گوڵە وتی: داوا لە سەرجەم لایەنە بەرپرسەکان دەکەم ئاوڕی جدی لە گوندەکان بدەنەوە، ئەوەی داوای دەکەین خزمەتگوزاریی سەرەتاییە و ناکرێت لەوە زیاتر پشتگوێ بخرێت.

كێشەی گوندی قوڵ قوڵە
گوندی قوڵ قوڵە دەكەوێتە سەر رێگەی سلێمانی – مێرگەپان ئێستا زیاتر لە 115 ماڵی تێدا نیشتەجێیە و دانیشتوانەكەی 700 كەسن گرفت و کەموکوڕییان هەیە و كاروان سدیق موختاری گوندەكە وتی: گرفتی ئاوی خواردنەوەمان هەیە، پڕۆژەی ئاوی گوندەکەمان بیرێكی 150 مەترییە کە بچووکە و كێشەی بێ‌ ئاوی بۆ هەندێك لەو ماڵانە دروستكردووە كە لە بیرەكەوە دوورن و ناچارن بە تانکەر ئاوی خواردنەوە بکڕن.
وتیشی: زیاتر لە 100 خوێندكاری ناوەندیمان هەیە نیوەی زیاتری وازیان لە خوێندن هێناوە لەبەرئەوەی گوندەكە قوتابخانەی ناوەندی تێدا نییە، داواکارین قوتابخانەی گوندەکەمان بکرێت بە دوو دەوام بەیانیان بۆ بنەڕەتی و دوای نیوەڕوانیش بۆ دەوامی ناوەندی و لایەنی بەرپرس لە وەزارەتی پەروەردە مامۆستا و کەلوپەلی پێویستی بۆ دابین بکات.
موختاری قوڵ قوڵە ئاماژەی بەوەشکرد، گوندەکەمان پێویستی بە بنکەی تەندروستییە و نیمانە، چەند جارێک داوای دابینکردنی محاویلەی کارەبامان کردووە و بۆمان دابین نەکراوە، موەلیدەیەکی 250 کەی ڤی یان بۆ داناوین، بەڵام دابینکردنی گاز لەسەر خۆمانە و ناتوانین بۆی دابین بکەین، بۆیە داواکارین بۆمان بگۆڕن بە موەلیدەیەکی 180 کەی ڤی و لایەنی بەرپرس گازمان بۆ دابین بکات تا بتوانین بەباشی کاری پێ بکەین.

بابەتە پەیوەندیدارەکان