لە دیدارێکدا لەگەڵ رۆژنامەی (The National):

سەرۆک بافڵ: هەڵبژاردن گرنگ و یەكلاكەرەوەیە بۆ راستكردنەوەی رێڕەوی سیاسی لە كوردستانی عیراق

09:56 - 2024-07-21
دیدار
575 جار خوێندراوەتەوە
سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی لە نووسینگەی لەندەنی رۆژنامەی (The National)ی ئیماراتی

لـــە دیـــدارێكی رۆژنـــامـــەی (زە ناشـــیوناڵ)، بافـــڵ تاڵــــــەبانی ســـەرۆكی یەكێتـــیی نیشـــتمانیی كوردســـتان، وەڵامـــی چەنـــدین پرســـیاری پەیوەست بەبارودۆخی كوردستان و عیراق و ناوچەكەی دایەوە، جەختی لەوەش كردەوە، كە هەڵبژاردن گرنگە بۆ هەرێمی كوردســـتان و دەرفــــــەتێكیشـــە بـــۆ هاتنەپێشـــەوەی كەســــــانی گـــەنـــج و خـــــــــوێنــدەوار و ئاماژەی بەوەشـــكرد راســــــتە نــــــاكۆكی لەهەرێمی كوردستان لەنێوان هێزە سیاسییەكان هەیە، بەڵام هەرێم سەقامگیریییەكی باشی تێدا هەیە.

لە عەرەبییەوە:
كوردەوان محەمەد سەعید

دامیان ماكێلرۆی: كاتێك باسی نموونەیەكی میهرەبانیی جەلال تاڵەبانیم كرد كە بەرامبەر بە من كردوویەتی، بافڵ تاڵەبانی كوڕی، لەگەڵ ناوهێنانی سەرۆكی كۆچكردووی عیراقدا كەمێك هێور بۆوە، من لە سەردەمی فەرمانڕەوایی سەدام حسێندا لە تاران لەلایەن نوێنەری تایبەتی تاڵەبانییەوە یارمەتی درام، حەزم كرد باسی ئەو چاكەیە بكەم.
بافڵ تاڵەبانی ئێستا سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە، ئەو حزبە سیاسییەی كە باوكی دایمەزراند، هەر لەبەر ئەوەشە كە پەرۆشە بۆ ئەوەی ئەم ساڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان هەڵبژاردن بكات.
وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان راگەیەنرا، كە 20ی تشرینی یەكەمە، كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراقیش رایگەیاند، ئامادەیە بۆ رێكخستنی دەنگدانی نزیكەی چوار ملیۆن كەس.
ئەم گۆڕانكارییە لە ساڵی 2022وە دواخراوە، ئەویش لە سەردەمێكدا كە دواخستنی هەڵبژاردن وەك ئەوە وایە هەڵبژاردن هەر نەكرێت، لەبەر ئەوە تاڕادەیەك جێگەی نیگەرانییە.
تاڵەبانی بەو پێیەی بەرپرسی یەكێك لە دوو هێزە سەرەكییەكەی هەرێمی كوردستانە، (هێزەكەی دیكە پارتی دیموكراتی كوردستانە)، وای دەبینێت، كە هەڵبژاردن دەتوانێ ببێتە هێزێك بۆ فەراهەمكردنی سەقامگیری.
دەرفەتێك بۆ هاتنەپێشەوەی گەنج و خوێندەوار
لە چاوپێكەوتنێكدا كە هەفتەی پێشوو لە لەندەن لەگەڵیدا كرا، تاڵەبانی باسی لەوەكرد كە هەڵبژاردن دەرفەتێكە بۆ هاتنەپێشەوەی ژمارەیەكی زۆر لە گەنجان و كەسانی خوێندەوار، دەرفەتێكیشە بۆ سوودوەرگرتن لە غازی سروشتی و سەرچاوەكانی دیكەی ناوچەكە.
هەروەها تاڵەبانی ئاماژەی بەوەكرد، زۆرێك لە گەنجانی هەرێمی كوردستان چاویان لەو پێشكەوتنەیە كە ئیمارات پێی گەیشتووە و خوازیارن هەمان رێگەی پێشكەوتن بگرنەبەر و لەو بارەیەوە وتی: «پێموایە كاتێك سەیری خەڵكی ئیمارات دەكەیت، دەبینیت كوالێتی ژیان بەرزە و ئاسایش و ئارامی تێدایە، ئێمەش زۆرمان پێباشە بگەینە هەمان ئاست لە ناوچەی خۆماندا. ئێستا دەمەوێ ئیمارات وەبەرهێنانی زۆر بكات، دەمەوێ كاری زۆر و بازرگانیی زۆر و ئاڵۆگۆڕی كەلتووری زۆرمان لەگەڵ ئیماراتدا هەبێت، هەروەها لە بواری ئەمنیشدا هەماهەنگیمان هەبێت».
تاڵەبانی باسی توێژی گەنجانی خوێندەواری بۆ كردم، كە %70یان تەمەنی لە خوار 40 ساڵەوەیە و زۆربەشیان لانیكەم بە دوو زمان قەسە دەكەن و بەكارهێنەری كۆمپیوتەرن، هەروەها ئاستێكی باشی پەروەردە و فێركردنیان هەیە. هەروەها وتی: «پێموایە ئەوە سەرچاوەی ئێمەیە، هەروەها دەمەوێ سەنتەرەكانی تەكنەلۆژیا ببینم، دەمەوێ سەنتەرە مۆدێرنەكانی پەیوەندی ببینم، نەك ئەو كارگانەی كە بە شێوازە كۆنەكە كرێكار بەكاردەهێنن».

 

متمانە و گفتوگۆ و لێكگەیشتن و دانوستان لە كۆتاییدا باشترین كەرەستەن كە دەبێ بەكاربهێنرێن بۆ بنیاتنان

 

دەرفەتی زۆر هەیە
وتیشی: «دەرفەتی زۆر هەیە كە خەڵك بۆی دەگەڕێ، گەنجمان هەیە خوێندەوار و زیرەكە، داوای كار دەكەن لە كەرتی تایبەتدا، لەو باوەڕەدام ئەم ناوچەیە و كوردستان بە گشتی پێویستی بە پەرەپێدان هەیە».
تاڵەبانی وتیشی كە: دڵنیایە لەوەی حزبەكەی دەتوانێ ئەو خواستی گۆڕانكارییە بەدی بهێنێت، كە لەم ساڵانەی دواییدا دەركەوتووە و رێڕەوێكی جیاواز بۆ ئیدارەدانی هەرێم فەراهەم بكات، ئەوەی كە ئەم حزبە دەیەوێ لە ئەنجامدا بیبینێت، هاوپەیمانییەكی ئیقلیمییە كە لە خودی بیرۆكەی هاوپەیمانی تێبگات.
دۆخەكە پێویستی بە گۆڕانكارییە
بە درێژایی چەندین ساڵ، ئەم حكومەتە وادیارە تەركیزی لەدەست داوە، تاڵەبانی پێی وتم، دۆخەكە پێویستیی بە گۆڕانكارییە و وتیشی: «لەو باوەڕەدام لە هەرێمی كوردستان لەگەڵ بوونی ناكۆكیی سیاسی لە نێوان لایەنە سیاسییەكاندا، ئاسایش هەیە و لایەنە سیاسییەكانیش باوەڕیان بە هەرێمی كوردستان هەیە. هەموانیش ئامادەن قوربانیی گونجاو پێشكەش بكەن بۆ مسۆگەر كردنی مانەوەی ناوچەكە، كە دەستووری عیراق دەیپارێزێت».
لەگەڵ مێژووی بەشداریكردنی ناوبەناوی وڵاتانی خۆرئاوادا، بە لەندەنیشەوە كە تاڵەبانی تیایدا چاوی بە زۆر كەسایەتیی پایەبەزری هەموو لایەنە سیاسییەكان دەكەوێت، ئەمجارەیان قسەكانی هاندەر بوون بۆ حكومەتە تازەكەی كیێر ستارمەر، كە دۆسێی كۆچی كردۆتە یەكێك لە بوارە سەرەكییەكانی سیاسەتی خۆی و لەمەشدا تاڵەبانی وای دەبینێت، كە دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە.

 


هەڵبژاردن دەرفەتێكە بۆ هاتنەپێشەوەی ژمارەیەكی زۆر لە گەنجان و كەسانی خوێندەوار، دەرفەتێكیشە بۆ سوودوەرگرتن لە غازی سروشتی و سەرچاوەكانی دیكەی ناوچەكە

 

پێویستە خەڵكی هیوایان بەنیشتمان هەبێت
بە بۆچوونی ئەو چارەسەرەكە لەوەدایە، كە خەڵكیی هیوایان بە نیشتمان هەبێت، نەك هەرچییەك شك دەبەن بیخەنە مەترسییەوە و رێگای پڕ لە مەترسی بگرنەبەر بەدوای شوێنێكی ئارامدا، كە لە راستیدا شوێنی وا هەر نییە.
لەگەڵ زۆربوونی ئاڵۆزی لە وڵاتانی دراوسێ، تاڵەبانی باوەڕی تەواوی بەوە هەیە كە دۆخەكە لەگەڵ توركیادا، هەروەها لەگەڵ ئێرانیش تەنیا لە رێگەی دیپلۆماسییەوە چارەسەر دەبێت، داواشی كرد هەنگاوی بۆ بنرێت و بڕیاری لەسەر بدرێت. وتیشی: متمانە و گفتوگۆ و لێكگەیشتن و دانوستان لە كۆتاییدا باشترین كەرەستەن كە دەبێ بەكاربهێنرێن بۆ بنیاتنان.
تاڵەبانی وای دەبینێت كارەساتێك لە سنووری سوریاوە بەڕێوەیە، چونكە لەوانەیە گوشارخستنە سەر دەسەڵاتی كوردی ئەوێ، رۆژێك لە رۆژان ببێتە هۆی ئەوەی هەزاران زیندانیی داعش لە زیندان هەڵبێن، ئەوكاتیش كاریگەرییەكانی تەنیا لەسەر هەرێمی كوردستانی عیراق نابێت، بەڵكو زۆر فراوانتر دەبێت.
لەو بارەیەوە وتی: لە باشترین حاڵەتدا كۆنترۆڵكردنی ئەو سەربازگانە قورسە، هۆشداریشی دا لەوەی كە زۆر ناخایەنێت ئەو سەربازگانە لە كۆنترۆڵ دەردەچن و ئەگەر توندڕەوەكان لەو سەربازگانە هەڵاتن، یەكسەر روو دەكەنە كوردستانی عیراق و ئەوروپا، ئەمەش ئەو شتەیە كە نابێ چاوپۆشی لێ بكرێت.
هەرێم خاوەنی ئابوورییەكی كراوەیە
هیچ گومان لەوەدا نییە كە هەرێمی كوردستان لەم ساڵانەی دواییدا پشێویی زۆری بەخۆوە بینیوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا كە مەترسییەكان زۆرن و جێگەی سەرنجی هەموو لایەكن، دەرفەتیش زۆرە، چونكە هەرێمی كوردستان خاوەنی ئابوورییەكی كراوە و زیندووە و دەتوانێت بەشدار بێت لە سەقامگیریی و گەشەی ناوچەكە بە گشتی.
* دامیان ماكێلرۆی بەرپرسی نووسینگەی لەندەنی رۆژنامەی (The National)ی ئیماراتییە.

سەرچاوە: المرصد

#بافڵ جەلال تاڵەبانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان