سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە بۆ کوردستانی نوێ: رۆتینی ئیداری و دارایی بەربەستن لە بەردەم کردنەوەی كۆلێجی پزیشكیدا

11:00 - 2024-07-24
دیدار
193 جار خوێندراوەتەوە

دیداری/ محەمەد تۆفیق نەورۆڵی



پ.د. مهاباد کامیل:
کۆلێجەکە بڕی ملیارێک و 500 ملیۆن دیناری بۆ تەرخان کراوە، لەگەڵ دوو سەد ملیۆنی وەزارەتی خوێندنی باڵا


پ.د. مهاباد کامیل یەكەمین ژنە لەساڵی 2019 بوو بە سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە، لە دیدارێکدا لەگەڵ کوردستانی نوێ، باس لە هەنگاوەکانی پێشکەوتن و گرفتەکانی بەردەم کردنەوەی کۆلێجی پزیشکی لە زانکۆکە دەکات، زانکۆی هەڵەبجە یەکێکە لە زانکۆ حکومییەکانی هەرێم لە ساڵی 2011 دامەزراوە، ئێستا دوو کەمپی هەیە، کەمپی سەرەکی دەکەوێتە شاری هەڵەبجە و لاوەکییەکەشی لە قەزای شارەزوورە.

‏‎* زانکۆی هەڵەبجە چەند خوێندکاری هەیە و ئامادەکارییەکانتان بۆ ساڵی نوێی خوێندن چین؟

‏-ئێستا زانکۆی هەڵەبجە زیاتر لە سێ هەزار خوێندکاری لەخۆ گرتووە و بەپێی پلان و ئامادەکارییەکانمان، بۆ ساڵی نوێی خوێندن زیاد لە هەزار خوێندکاری نوێ وەردەگرین لە کۆلێج و بەشەکانی سەر بە زانکۆکەمان، هەروەها خەریکی نۆژەنکردنەوەی بەشی ناوخۆیی و کردنەوەی بەشی نوێین، کە هاوکات بۆ بازاڕی کار گرنگن.

* بەراورد بە ساڵانی رابردوو، چ بەرەوپێشچوونێک هەیە لە زانکۆکەدا؟
‏‎-ئێستا زانکۆی هەڵەبجە، لە ئاستێکی زۆرباشی کوالێتیدایە، ئەو پێشکەوتنەش پەیوەستە بەو پلان و هەنگاوە دڵسۆز و بوێرانەیەی کە بۆ ئەم مەبەستە دانرابوو، هەڵبەت بە هەوڵی سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەران توانراوە وەک ستافێک پێکەوە کار بۆ زانکۆکەمان بکەین، لە پێشتردا زانکۆی هەڵەبجە، نەک هەر لە کوالێتی بگرە هەر ناوی لە ریزبەندییە نێودەوڵەتییەکاندا نەبوو، بەڵام ئێستا بەشدارە لە زۆربەی ریزبەندییەکاندا، سەرەڕای قەیرانە جۆربەجۆرەکان توانیویەتی پێش چەندین زانکۆ بکەوێت، هەوڵەكانیشمان زیاتر و بەردەوام دەبێت بۆ بەرەوپێشچوون و ئاستی كوالێتی زانكۆی هەڵەبجە.

‏‎*ئاستی زانستی زانکۆکان، بە چ پێوەرێک دیاری دەکرێت؟
‏‎-دیاریکردنی ئاستی زانکۆکان، پەیوەستە بە توێژینەوە و چۆنییەتی بەشداریکردنی لە پێگە ئەلیکترۆنییەکاندا، هەروەها مامەڵەکردنی لەگەڵ کۆمەڵگە و چەندین پێوەری دیکە، ئێمە وەک زانکۆی هەڵەبجە جەختمان لە توێژینەوە کردەوە، لەوەشدا توانیمان سەرکەوتووبین.

*کردنەوەی کۆلێجی پزیشکی بەکوێ گەشت، بۆ ئەمساڵ دەکرێتەوە؟
‏‎-سەبارەت بە کۆلێجی پزیشکی، ئێمە لە هەوڵەکانمان بەردەوامین و کاری جدی بۆ دەکەین، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا گەشبین نیم کە بۆ ساڵی نوێی خوێندن بکرێتەوە، چونکە بەربەستی رۆتینی ئیداریی و دارایمان هەیە کە ئەویش لە سەرو خۆمانەوەیە.

‏‎*پێداویستییەکانی کۆلێجەکە چین، هیچ بڕە پارەیەکی بۆ تەرخانکراوە؟
‏‎-پێداویستییەکان بۆ کۆلێجی پزیشکی، بریتین لە ستافی ئەکادیمی، بیناو پێداویستییە تاقیگەییەکان و لۆجستییەکان، ئێستا بڕی ملیارێک و 500 ملیۆن دیناری بۆ تەرخان کراوە، لەگەڵ دوو سەد ملیۆنی وەزارەتی خوێندنی باڵا، بەڵام تا ئەم دیدارە هیچی نەگەیشتۆتە زانکۆی هەڵەبجە.

‏‎*گرنگیی کردنەوەی کۆلێجی پزیشکیی لە زانکۆی هەڵەبجە لە چیدایە؟
‏‎-کاریگەریی کۆلێجی پزیشکی فرە رەهەندە، لە ڕووی زانستی و ئابووری و تەندرووستییەوە، هەروەها کاریگەریی ئێجگار گەورەی دەبێت لەسەر پارێزگای هەڵەبجە، هەروەها لە ڕووی زانستیشەوە هۆکارێک دەبێت بۆ زیاتر بەرزبوونەوەی رانکینی زانکۆی هەڵەبجە.

#هەڵەبجە

بابەتە پەیوەندیدارەکان