راپۆرتی/ ئەسرین محەمەد
نێرگەلە کێشان لەگەڵ ئەوەی لەڕووی تەندروستییەوە زیانەکانی دیار و ئاشکرایە، زیانی کۆمەڵایەتیشی هەیە بۆ هەردوو رەگەز بەبێ جیاوازی، بەڵام ئەوەی دەبینرێت کاریگەرییە نێگەتیڤەکانی لەسەر ژنان زۆرترە، سەناریا کەمال ژنێکی تەمەن 39 ساڵە، ماوەی سێ ساڵە نێرگەلە دەکێشێت و دەڵێت: لە هاوسەرەکەمەوە فێری نێرگەلە کێشان بووم، ئەو لەماڵەوە دەیکێشا منیش چەند جارێک تاقیمکردەوە و فێر بووم، تەنها لە ماڵەوە و جگە لە هاوسەر و منداڵەکانم لەبەرچاوی هیچ کەسێک نایکێشم.
وتیشی: بەڕاستی زیانەکانیشی دەزانم، بەڵام وەک بڵێیت ئالوودەی بووم کە هاوسەرەکەم ئامادەی دەکات و دەیکێشێت منیش خۆم بۆ ناگیرێت و لەگەڵی دەیکێشم.
لەگەڵ ئەو گۆڕانكارییانەی كۆمەڵگەی كوردی بەخۆیەوەی بینیوە، كە بەشێكیان پۆزەتیڤن و گۆڕانكاری بەسەر جۆر و ستایلی ژیانماندا هێناوە، بەڵام هەندێک دیاردەی نێگەتیڤیشی لەگەڵ خۆیدا هێناوە، یەكێك لەوانە نێرگەلە كێشانی ژنانە و زۆر زیادی کردووە بەڕادەیەک لە دەرەوە بە ئاشکراو لەکافتریاکان ژنان دەیکێشن.
زیانە تەندروستییەکانی نێرگەلە کێشان
بەگوێرەی توێژینەوەکان، زیانەکانی جگەرە و نێرگەلە نزیکن لە یەک، بەڵام ئەوەی نێرگەلە زیاتر مەترسیدار دەکات ئەوەیە، دووکەڵی نێرگەلە بەهۆی زۆری و چڕییەکەی زۆر زیاتر هەڵگری ماددە زیانبەخشەکانە وەک کاربۆن مۆنۆکساید، کەسی نێرگەلە کێش بڕێکی زۆر زیاتری ئەو ماددەیە دەچێتە لەشیەوە، هەروەها لەبەر بەکارهێنانی خەڵوز و گەرمییەکی زۆر، دوکەڵی نێرگەلە زیاتر زیان بە سییەکان و قورگ دەگەیەنێت.
ئەگەرچی هەندێک لە ژنان وەك چاولێكەری یان حەز و ئارەزوو فێری نێرگەلە كێشان بوون، بەڵام رێژەیەكی زۆری ژنانیش هەن کە رەتی دەکەنەوە و بە خوویەکی ناتەندروست و زیانبەخشی دادەنێن.
سەیران جەبار ژنێکی تەمەن 40 ساڵە و دەڵێت: نێرگەلەکێشانی ژنان شتێکی ناشیرینە و نابێت ژن خوو بداتە هەڵمژینی ئەو دوکەڵە زیانبەخشە، ژن دەبێت پێشەنگی زانین و رەفتاری جوان و باش بێت بۆ منداڵەکانی و خێزان و کۆمەڵگە.
رێکخراوی تەندروستی جیهان هۆشداری دەدات لە مەترسییەکانی نێرگەلە کێشان و بڵاویکردۆتەوە، دەبێتە هۆی کەڵەکەبوونی چەوری و خەستی خوێن زیاد دەکات لە ئاکامدا جەڵتەی مێشک و دڵی لێدەکەوێتەوە، کاریگەری هەیە لەسەر کەمبوونەوەی ئاستی بینین و کاریگەری نێگەتیڤی گەورەی هەیە لەسەر ژنانی دووگیان و هەندێکجار دەبێتە هۆی ناتەواوی کۆرپەلە، هەروەها هۆکارە بۆ لەدایکبوونی منداڵێک کە گرفتی کەمیی کێش و هەناسەدانی دەبێت.
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی: نێرگەلە کێشان کاریگەری نێگەتیڤی گەورەی هەیە لەسەر ژنانی دووگیان و هەندێکجار دەبێتە هۆی ناتەواوی کۆرپەلە
تەحەداکردنی بەرامبەر
چۆمان ئەحمەد توێژەری کۆمەڵایەتی دەڵێت: هۆکاری زیادبوونی نێرگەلەکێشان بەپێی تەمەنەکان جیاوازە لە تەمەنی خوار 18 ساڵیدا چاولێکەرییە و دەیەوێت گەورەبوونی خۆی پیشان بدات کە سەردەکێشێت بۆ کێشانی مادەکحولییەکانیش، لەدوای 18 ساڵیشەوە ناتوانیت بە ئاسانی وازی لێ بهێنێت، چونکە فێر بووە.
وتیشی: هەندێک لە ژنان وەک تەحەداکردنی پیاوان نێرگەلە دەکێشن و دەیانەوێت لەو رێگەیەوە بوونی خۆیان بسەلمێنن کە رێگەیەکی هەڵەیە، هەندێكجاریش کەسەکان بەهۆی شڵەژانی دەروونی یان تەنیاییەوە پەنا بۆ نێرگەلەکێشان دەبەن بۆ خۆمەشغوڵکردن، کاتێك دەزانن ئالوودە بوون و دەستبەرداری نابن.
کانی فەریق کچێکی تەمەن 20 ساڵە و ماوەیەکە بەبێ ئاگاداربوونی ماڵەوەیان نێرگەلە دەکێشێت و وتی: هیچ کەسێكمان لە ماڵەوە جگەرەش ناکێشن نەک نێرگەلە، منیش بەهۆی چوونە دەرەوەم لەگەڵ هاوڕێکانم فێری بووم و تەنها ئەو کاتانە نێرگەلە دەکێشم کە لەگەڵ ئەوانم.
وتیشی: جگە لە هاوڕێکانم هیچ کەسێک و تەنانەت خێزانەکەشم نازانن کە نێرگەلە دەکێشم، دڵنیام خێزانەکەم پێم بزانن تووڕە دەبن و هەرگیز قبوڵیان نییە.
زیانە کۆمەڵایەتییەکانی نێرگەلە کێشان
زۆر کەس لە کافتریاکاندا نێرگەلە دەکێشن، پێیانوایە ئەوە نەبووەتە خوو و ئالوودەنەبوون، وەک بەشێک لە چوونە دەرەوە و بەسەربردنی کات تەماشای دەکەن، بەڵام نێرگەلە ئالوودەکەرە و هەندێک کەس بەهۆی کێشانی نێرگەلە و دواتر فێری خواردنەوەی ماددەکحولییەکانیش بووە.
چۆمان ئەحمەد توێژەری کۆمەڵایەتی دەڵێت: زیانە کۆمەڵایەتییەکانی نێرگەلەکێشان هاوشانی زیانە تەندروستییەکانە و لەلایەن زۆرینەی کۆمەڵگەوە بە کەسێکی ئەرێنی سەیری ناکرێت و هەندێک لە خێزانەکان حەز ناکەن خۆیان و بەتایبەت منداڵەکانیان لەگەڵیان تێکەڵ ببن، لەبەرئەوەی نێرگەلەکێش بە کەسێکی تەندروست و بەسوود بۆ کۆمەڵگە سەیر ناکرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد: هۆشیارییە کۆمەڵایەتییەکان کەمن و بەکارهێنانی شتێکی هەڵەو بەردەوام بوون لەسەری وادەکات کەسی نێرگەلەکێش ژن بێت یاخود پیاو بە کەسێكی دەروون نەخۆش سەیر بکرێت.
نێرگەلە کێشان تەنها مەترسی نییە بۆ ئەو کەسەی دەیکێشت بەڵکو زیانی تەندروستی بۆ ئەو کەسانەش هەیە کە نزیکن لە کەسی نێرگەلە کێش و دوکەڵی نێرگەلە بەهۆی زۆری و چڕییەکەی زۆر زیاتر هەڵگری ماددە زیان بەخشەکانە، هاوکات هۆکاریشە بۆ بەهەدەردانی ئابووری تاک و دروستکردنی کێشەی کۆمەڵایەتی کە زیان بە کۆمەڵگە دەگەیەنێت.