لەمیدیای جیهانییەوە

10:01 - 2024-07-28
جیهان
119 جار خوێندراوەتەوە

هاریس لە 50 ویلایەت پشتیوانی هەیە
سەبارەت بە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا  CNN پێیوایە کە «کامێلا هاریس»  بەخت یاوەریەتی بۆ بوون بە کاندید لە کۆنگرەی پارتەکەیدا، چونکە سەرۆکی پەنجا هەرێمی دیموکراتەکان پشتیوانیی لێدەکەن، باراک ئۆبامای سەرۆکی پێشووتر و خانمەکەی بەهەمان شێوە و داواکارە گشتییەکانیش لە رەشپێستەکان هەموویان هاوکار و یارمەتیدەرین بۆ سەرخستنی.
 رۆژنامەی ئێندیپێندنتی  ئێرلەندیش دەنووسێت، پێدەچێت ئەو ژنە لە ترەمپ بباتەوە، چونکە زۆر هۆکار هەن بۆ سەرکەوتنی لەوانە لەماوەی زیاتر لە 220 ساڵی رابردوودا هەرگیز ژنێک نەبۆتە سەرۆکی ئەمریکا، دواتر ئەمریکییەکان دەسەڵاتی ترەمپیان بینیووە و هیچی نوێی پێشکەش نەکردوون، ئێستا دەیانەوێت ژنێک لەو پۆستەدا ببینین.
 Independet* 

فەلەستین و ئیسرائیل
لەم رۆژانەدا لە چین 14 لایەنی فەلەستینی رێکەوتنێکیان کردووە بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی کاتی ئاشتەوایی نیشتمانی لەدوای وەستانی جەنگ لە کەرتی غەززە. رۆژنامەی تایمزی بەریتانی دەڵێت، پێشتر چەندین جار رێکەوتنی لەمجۆرە لەنێوان لایەنە فەلەستینییەکاندا کراوە، بەبێ ئەوەی هیچ پێشکەوتنێک بێتە ئاراوە، بۆیە هەمیشە رێککەوتنی فەتح و حەماس گوماناویە و مایەی گەشبینی نییە. جیاوازییەکەی تەنها ئەوەیە کە ئەمجارە لە چین کراوە.
 سەبارەت بە سەردانەکەی نەتانیاهو بۆ واشنتۆنیش، رۆژنامەی ئافتۆن بلادتی سویدی رەخنە دەگرێت و دەنووسێت لەکاتێکدا ئەمریکا دەست لەپشتی ئیسرائیل دەدات، مۆتەکەکە لە غەززە بەردەوام دەبێت. 
Aftonbladet* و Times

شەڕ و ئاشتی نێوان روسیا و ئۆکرانیا 
حکومەتی ئۆکرانیا ئاشکرای کرد کە ئامادەیە بۆ گفتوگۆی ئاشتی، بەپێی رۆژنامەی هوانکۆ شیباو بێت، ئەو پێشهاتە نوێیە لەدوای ئەوە دێت کە لەچەند رۆژی رابردوودا « ڤۆڵۆدیمێر زێلنسکی» سەرۆکی ئۆکرانیا، ئامادەیی دەربڕیبوو بۆ گفتوگۆ لەگەڵ روسەکاندا. رۆژنامەکە نووسیویەتی: «لەسەر بانگهێشتی وەزیری دەرەوەی چین، لەم رۆژانەدا وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا، سەردانی پەکین دەکات و لەوێ گفتوگۆ سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی دەکات». 
Huanqiu Shibau*

فەرەنسا وەک هێزێکی نەرم
ئێستا لە فەرنسا ئۆلۆمپیادی جیهانی یارییە هاوینەکان دەستیپێکردووە، لەکاتێکدا کە پشێوی سیاسیی لە هەموو جیهان هەیە و دوو جەنگی گەورە لەئارادیە و لەدوای هەڵبژاردنیش فەرەنسا تائێستا نەیانتوانیووە کابینەی حکومەت پێکبهێنێت.
 هەندێ لایەن مەترسیی تێکچوونی بارودۆخەکەیان هەیە و بە شپرزەیی وێنای دەکەن. لەسەر ئەمە رۆژنامەی لاتریبۆنە دەنووسێت، سەرکەوتنی ئەو ئۆلۆمپیادە بەبێ کێشە واتە سەرکەوتنی فەرەنسا و ئەمەش چاوەڕوان کراوە، دەتوانێت لە نەرمیی هێزدا رکابەریی بەریتانیا و چین بکات کە لەدوای ئەمریکا بە دوو وڵاتی خاوەن هێزی نەرم دەژمێردرێن.
 پاشخانی سیاسیی، ئابوریی، کۆمەڵایەتی وادەکات فەرەنسا وەک هێزێکی نەرم مامەڵە بکات.
*La Tribune

وەستاندنی هێڵی شەمەندۆفێر لە فەرەنسا
دەربارەی هەوڵی تیرۆریستی و وەستاندنی هێڵی شەمەندۆفێر لە فەرەنسا، رۆژنامەی رزیکسپۆسپۆلیتا کە لە وارشۆی پۆلۆنیا دەردەچێت دەنوسێت، لەکوێی جیهاندا ئارامی ماوە، یان جەنگە یان کاری توندوتیژی و ئاژاوەنانەوە، هەندێک شوێن زەمینەی کاری تێکدەرانەی تێدا ئاسانترە، فەرەنسای ئەمڕۆ وڵاتێکی ئایدیاڵ نییە بۆ سازدانی بۆنەی جیهانی، ئەو وڵاتە لەڕووی سیاسییەوە بۆتە دوو بەرە، ئاسایی دەبێت کاری لەم جۆرەی تێدا بکرێت.
*Rzeczpospolita

*بورهان ئەمین ئامادەی دەکات

بابەتە پەیوەندیدارەکان