ئەمڕۆ 24ی حوزەیرانی 2022 بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لەدیدارێکدا، پیرۆزباییان لە لیوا روکن بەختیار محەمەد سدیق، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە کرد و پشتیوانی و پشتگیری خۆیان بۆ سەرکەوتنی پڕۆسەی چاکسازی وەزارەت و پلان و بەرنامەکانی ئەمینداری نوێ بۆ سەرکەوتنی ئەو پڕۆسەیە دووپاتکردەوە. سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، جەختی لە پێشخستنی زیاتری هێزەکانی پێشمەرگە و باشترکردنی ژیان و گوزەرانیان کردەوە، داواشیکرد: هەوڵەکان لەپێناوی ئامانجە گشتییەکان، کە لەناوبردنی تیرۆر و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری هەرێم و ناوچەکەیە بەگەڕبخرێن. هەر لەو دیدارەدا، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم، دووپاتیکردەوە کە وێڕای ئاستەنگ و لەمپەڕەکان لەبەردەم ریفۆرمی سەربازی، بەڵام پڕۆسەی چاکسازی سەربازی وەک پڕۆسەیەکی حەتمی و پێویست بەردەوام دەبێت. هیواشی خواست، ئەمینداری گشتیی وەزارەت هەڵگری ئەو ئامانجانە بێت کە پڕۆسەکە و پێشمەرگە بەرەو پێشەوە دەبات، لەمڕوەشەوە پاڵپشتی و پشتگیری خۆیان بۆ سەرکەوتنی کارو بەرنامەکانی ئەمینداری گشتی دووپاتکردەوە.