گەڕانەوە بۆ ژیانی حزبیی تەندروست

09:19 - 2022-06-25
کوردستان
449 جار خوێندراوەتەوە
#خولی هۆشیاریی و گەشەپێدانی کادران - حوزەیرانی 2022

کردنەوەی خولی کادران و گەشەپێدانیان، کردنەوەی خوێنە بە دەمارەکانی جەستەی حزبیدا و پەروەردەکرنی ئەندام و پێگەیاندنی کادرە لەسەر ئەو بنەمایەی کە چۆن و تاچەند ئەندام بە گیانی جێبەجێکردنی پرەنسیپە حزبییەکان گۆش دەکرێت، نەک لەسەر ئەوەی تاچەند و لەکام بەرپرسی باڵاوە نزیکە.
دەورانێکە نەک هەر یەکێتی، بەڵکو زۆرێک لە حزبەکان لەو رەوتە تەندروستەی پێگەیاندنی کادر و پلەبەندییە حزبییەکان دوورکەوتوونەتەوە و بەشی زۆری ئەو جیابوونەوە و (یان بە قەولی خەباتگێڕانی دێرین) خیشکردنەی بەشێک لە ئەندام و کادر و کادری پێشکەوتوو تەنانەت ئەندامانی سەرکردایەتیی حزبەکانیش لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە بەشێوەیەکی گشتی پرەنسیپە حزبییەکان وەک خۆیان رێ ناکەن و وەک پێویست کۆبوونەوەی دەوریی رێکخراو و خولی پەروەردەکردن و گەشەپێدانی کادران و ئەندامان بەڕێوەناچێت، ئەوەش بۆشاییەکی گەورەی لە نێوان بنکەی جەماوەریی حزبی و ئەندامان و کادرانی حزبەکان و سەرکردایەتییەکاندا دروستکردووە.
لانیکەم لێرەوە باس لە بەشەکەی خۆمان دەکەین وەک ی.ن.ک. ئێستا مەکتەبی رێکخستنی یەکێتی وەک جێبەجێکردنی یەکەم هەنگاوی پراکتیکی دوای دیداری یەکێتی کە لە رۆژانی 28-31/5/2022 بەڕێوەچوو،  دەستیکرد بە کردنەوەی خولەکانی پەروەردەکردن و پێگەیاندنی کادران کە لە زۆربەی دیدارە فەرعییەکاندا لە سنووری مەڵبەندەکان و لە ۆرکشۆپەکاندا جەختی لەسەر کرابۆوە لەلایەن زۆربەی هەڤاڵانی بەشدار لەو کۆبوونەوە و دیدارانەدا. 
بێگومان لە چەند رۆژی رابردووشدا لێپرسراوی مەکتەبی رێکخراوە دیموکراتییەکان لە دیدارێکیدا لەگەڵ کوردستانی نوێدا باسی لەوە کردووە کە ئیدی دەبێت ساڵانە کۆنفرانسی رێکخراوەکان ببەسترێت بۆ پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندن، کەوابێت دیداری گشتی وردە وردە هەنگاوە پراکتیکییەکان دەستپێدەکات بۆ جێبەجێکردنی (14) راپۆرتە پەسەندکراوەکەی لیژنە و کۆمسیۆنەکان. 
کادران و ئەندامانی یەکێتی لە هەموو سێکتەرەکانی راگەیاندن و رێکخستن و رێکخراوە دیموکراتییەکان و سەرجەم کایەکانی دیکەدا خوازیاری ئەوەن هەموو مەکتەب و ئۆرگانەکان لای خۆیانەوە دەست بکەن بە جێبەجێکردنی خاڵە پەسەندکراوەکان تا وەک هەنگاوی یەکەم خاڵە نووسراوەکان پراکتیزە بکرێن و لەو رێگەیەوە بۆشایی نێوان سەرکردایەتی و کادرانی پێشکەوتوو و ناوەنجی و ئەندامان و بنکەی جەماوەریی و دەنگدەران بەتەواوەتی پڕببێتەوە. 
کوردستانی نوێ

بابەتە پەیوەندیدارەکان