هەڤاڵ محەمەد كەریم و
تەواوی ستافی ئازیزی كوردستانی نوێ
دوای سڵاو..
كوردستانی نوێ كە یەكەمین رۆژنامەی رۆژانەی دوای راپەڕینە مەزنەكەی گەلی كوردستانە و لە هەموو ئەو ساڵانەی تەمەنیدا لە خەباتی رۆژنامەوانی بێوچاندا بووە، بە ئامانجی خزمەتكردنی خەڵك و پاراستنی دەسكەوتەكان و چاونەپۆشین لە كەموكوڕییەكانیش كە لەناو كایە جۆربەجۆرەكانی سیاسی و ئیداری و رۆشنبیریماندا سەریانهەڵداوە، شایستەی دەسخۆشی و پێزانینە.
لێرەوە پێم باشە ئەم رۆژنامە سەنگینەمان هەنگاو بۆ قۆناغی نوێ بهاوێژێت و دەستبەرداری شێوازی باو ببێت كە شێوازی تەقلیدی و تەشریفاتییە و بچێتە ناو وێستگەیەكی دیكەی كاركردنەوە كە هەم بۆ رۆژنامەكە و هەم بۆ یەكێتی مایەی چاوەڕوانی و وەڵامدەرەوەی رۆژگار و سەردەمەكەش بێت.
بەتایبەتی دوای كۆنگرەی پێنجی حزبەكەمان و راسپاردەكانی دووەم كۆنفرانسی بۆردی راگەیاندن.
گرنگە بۆ لەمەودوا بێجگە لە ناوەڕۆك، بایەخ بە فۆرم و ستراكچەری رۆژنامەكەش بدەین. بۆیە ئیدی رەنگە باش نەبێت وەك ئێستا بەردەوام بین. بەتایبەتی لە لاپەڕە گرنگەكانی یەك و دوو و سێ كە ماوەیەكە بۆ وێنەی كەسی و هەواڵی تەشریفاتی ئۆرگانەكان تەرخانكراون. لێرەوە پێویستە گۆڕانكاری ریشەیی لەو لاپەڕانەدا بكرێت و دۆسێ رۆژنامەوانییە كاریگەرەكان شوێنیان بگرنەوە و ئەو لاپەڕە گرنگانە بە مەلەفی رۆژنامەوانی زیندوو و گەرم بكرێنەوە.
باشتریشە كە بایەخ بە كوالێتی هەواڵ بدەین و گۆڕانكاری لە ریزبەندی هەواڵەكانیشدا بكەین بەگوێرەی گەرمی و گرنگییان. هەروەك چۆن گرنگیشە شێوازی داڕشتنەوەیەكی تازە بۆ راپۆرتە هەواڵەكان بدۆزینەوە بۆئەوەی بە جۆرێك بن كە نزیكبن لە پێویستی و مەیلی خەڵك و خوێنەرەوە.
نوێبوونەوە خەسڵەتێكی یەكێتییانەی رەسەنە، بۆیە با لێرەوە پلان بۆ كار و شێوازی نوێ دابنێین و ماڵئاوایی لە وێستگەی كاركردنی رابردوومان بكەین. بێگومان كاركردنی رابردووتان خەرمانێكی دەسكەوتی قەدرگیراوە. بۆیە لەم رووەوە سوپاسی یەكە یەكەتان لە رۆژنامەنووس و كادر و كارمەندە ماندوونەناسەكانتان دەكەم كە هەمیشە پێشمەرگە ئاسا سەرەڕای كێشەی بودجە و كەمی مووچە، قۆڵی كاركردنی پشوودرێژانەتان لێهەڵماڵیوە و بە پەرۆشی و شەونخوونی زۆرەوە، ئەرك و بەرپرسیارێتی خۆتان جێبەجێكردووە.
ئیتر هەر شاد و سەركەوتووبن.
عیماد ئەحمەد
لێپرسراوی مەكتەبی راگەیاندن و هۆشیاری
18/1/2024