״راگەیاندنی یەكێتی لاسایی هیچ راگەیاندنێكی دیكە ناكاتەوە״

عیماد ئەحمەد: 2024 ساڵی گۆڕانكاریی بێت لە هەموو بەشەكانی راگەیاندنی یەكێتیدا

09:52 - 2024-01-15
کوردستان
816 جار خوێندراوەتەوە

لەم قۆناغەدا پێویستمان بەوەیە میللەتەكەمان ئاشتبكەینەوە و یەكڕیزیی مسۆگەر بكەین، چاكسازی بكەینە بەرنامەی سەرەكیمان، دامودەزگاكانمان ئاوێنەی راوبۆچوون و بەرژەوەندییەكانی میللەتەكەمان بێت
یەكێتی هەمیشە لە خزمەتی میللەتەكەماندایە، بۆیە دەبێت راگەیاندنی یەكێتی لەگەڵ خانووە قوڕەكان و رەنجدەرانی بیر و  بازوودا بێت

عیماد ئەحمەد لێپرسراوی مەكتەبی راگەیاندن و هۆشیاریی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، رایگەیاند: لەم قۆناغەدا پێویستمان بەوەیە میللەتەكەمان ئاشتبكەینەوە و یەكڕیزیی مسۆگەر بكەین، چاكسازی بكەینە بەرنامەی سەرەكیمان، دامودەزگاكانمان ئاوێنەی راوبۆچوون و بەرژەوەندییەكانی میللەتەكەمان بێت، چونكە یەكێتی هەمیشە لە خزمەتی خەڵكدایە، بۆیە دەبێت راگەیاندنی یەكێتی لەگەڵ خانووە قوڕەكان و رەنجدەرانی بیر و بازوودا بێت، لەگەڵ ئازادیدا بێت.

لە رێگەی یەكێتییەوە بتوانین خزمەتی باشتری میللەتەكەمان بكەین
عیماد ئەحمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەكتەبی راگەیاندن و هۆشیاریی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە رێوڕەسمی كۆتاییهاتنی كارەكانی دووەمین كۆنفرانسی بۆردی راگەیاندنی یەكێتیدا، كە رۆژانی 11-12/1/2024، لە سلێمانی بە دروشمی (پێكەوە بۆ رێكخستنەوەی پەیام و پەیكەری میدیای یەكێتی)، بەڕێوەچوو، لە وتەیەكدا سوپاس و دەستخۆشی ئاڕاستەی لیژنەی ئامادەكاری و لیژنەی باڵای بەڕێوەبردنی كۆنفرانس و ئەندامان و لیژنەكانی كۆنفرانس و مامۆستایانی زانكۆ و پسپۆڕان كرد و رایگەیاند: هیوادارین بە هەموومانەوە بتوانین كارێك بكەین كە خزمەتی بواری راگەیاندن بكات، خزمەتی یەكێتی بكات، لە رێگەی یەكێتیشەوە بتوانین خزمەتی باشتری میللەتەكەمان بكەین، وتیشی: هەموومان دەزانین راگەیاندنی باش، سەركەوتنی هەڵبژاردن مسۆگەر دەكات، لەم سەردەمەدا ئەگەر راگەیاندنێكی باشت هەبێت، لە هەڵبژاردن سەركەوتن بەدەستدەهێنیت، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كە خەباتی كردووە لەپێناوی راماڵینی دوژمن و داگیركەر، لەپێناوی دامەزراندنی قەوارەی هەرێم و دامودەزگاكانی هەرێمی كوردستان، خەباتمان كردووە بۆ ئەوەی دەسەڵات بگرینە دەست، ئێستا لە رێگەی هەڵبژاردن و ململانێی سیاسی و ئاشتییەوە، دەسەڵات دەگریتەدەست، رۆڵی سەرەكیش لەم بوارەدا راگەیاندنە، راشیگەیاند: راگەیاندنی یەكێتی لاسایی هیچ راگەیاندنێكی دیكە ناكاتەوە، تایبەتە بە یەكێتی و خۆمان بەراورد ناكەین لەگەڵ هیچ راگەیاندنێكی دیكەدا، بەڵكو تایبەتمەندی، سیاسەت و مێژووی خۆمان، دەپارێزین.

لە لیژنەكانی كۆنفرانسدا جگەلەوەی ژنان بە رێژەی پێویست بەشدارییان كردبوو، لەهەمانكاتدا گەنجانیش بە گەرموگوڕییەوە بەشداریی گفتوگۆكانیان دەكرد و بۆچوونەكانی خۆیان دەخستەڕوو، ئەمەش جێگەی شانازییە بۆ هەموومان

لە دووەمین كۆنفرانسدا راسپاردە و پێشنیازی زۆرباش گەڵاڵەكران
لێپرسراوی مەكتەبی راگەیاندن و هۆشیاری، لە بەشێكی دیكەی وتەكەیدا، دڵخۆشی دەربڕی بەوەی لە كۆنفرانسەكەدا هەموو ئەندامانی كۆنفرانس بە ئازادانە قسەیان كردووە و  رەخنەیان گرتووە و گفتوگۆیان كردووە و بۆچوونی جیاوازیشیان هەبووە، هەموو ئەو هەنگاوانەشی بە «بەڵگەی سەركەوتن» ناوبرد و وتیشی: لەكاتی بەسەركردنەوەی لیژنەكاندا زۆر دڵخۆشبووم، چونكە لە لیژنەكاندا جگەلەوەی ژنان بە رێژەی پێویست بەشدارییان تێداكردبوو، لەهەمانكاتدا گەنجانیش بەڕێژەیەكی پێویست بەشداربوون و بە گەرموگوڕییەوە بەشداریی گفتوگۆكانیان دەكرد و بۆچوونەكانی خۆیان دەخستەڕوو، ئەمەش جێگەی شانازییە بۆ هەموومان.
عیماد ئەحمەد، باسی لەوەشكرد لە كۆنفرانسەكەدا راسپاردە و پێشنیازی زۆرباش گەڵاڵەكران، كە دواتر بە راپۆرتێك دەدرێتە سەرۆكی یەكێتی و مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی، بۆ ئەوەی پێشنیازەكان بخرێنە بواری جێبەجێكردنەوە، وتیشی: راگەیاندنی یەكێتی پێویستی بە پشتیوانیی زیاترە، چونكە كارەكانی راگەیاندنی یەكێتی، مەیدانی و رۆژانە و بەردەوامە.

ساڵیادی كوردستانی نوێ
دووەم رۆژی كۆنفرانسی بۆردی راگەیاندن، هاوكات بوو لەگەڵ ساڵیادی رۆژنامەی كوردستانی نوێ، كە ژمارە سفری لە 12/1/1992، بڵاوكراوەتەوە، بۆیە لێپرسراوی مەكتەبی راگەیاندن و هۆشیاری، بەشێكی وتارەكەی تەرخانكرد بۆ ئەو یادە و وتی: ئەمڕۆ ساڵیادی دەرچوونی یەكەم ژمارەی رۆژنامەی كوردستانی نوێ-یە، لێرەوە هەر ئەوەندە دەڵێم: خەرمانتان بەرەكەت، ئێوە لە بوارێكدا خەباتتان كردووە، یەكێتیتان سەربەرزتر كردووە، بەڵام ئەمە بەس نییە، دەبێت ساڵی 2024، ساڵی گۆڕانكاریی بێت لە هەموو بەشەكانی راگەیاندن بەگشتی و كوردستانی نوێ بەتایبەتی، وتیشی: ئێمە دەزانین ئێوە كێشەتان هەیە، هەوڵدەدەین كێشەكانتان بۆ چارەسەر بكەین، بەڵام دەبێت ئێوەش لەئاستی ئەو لێپرسراوێتی و پەیامەدا بن كە پێنجەمین كۆنگرەی یەكێتی، دایڕشتووە، ئێوە شەونخونی زۆرتان كردووە و پێشمەرگەئاسا خەباتتان كردووە و ئەركی زۆرتان كێشاوە، دەبێت ئێمە مافەكانتان بۆ مسۆگەر بكەین، ئێمە لە سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی، ئەركی سەرشانمانە داخوازییەكانتان بۆ جێبەجێبكەین، دڵنیابن داخوازییەكانتان جێبەجێ دەكرێن.

یەكێتی بۆ یەك سەردەم  دروست نەبووە
لێپرسراوی مەكتەبی راگەیاندن و هۆشیاری، ئەوەشی خستەڕوو كە «لە پێنجەمین كۆنگرەی یەكێتیدا بەشێكی زۆری كێشەكان چارەسەر كران، دەبێت لە شەشەمین كۆنگرەدا هەنگاوی زیاتر بنێین بۆ چارەسەری كێشەكان، چونكە یەكێتی بۆ یەك سەردەم دروست نەبووە، یەكێتی كە بۆ سەردەمی راماڵینی دوژمن و رزگاركردنی كوردستان لە ساڵی 1975 دروستبووە، لە ساڵی 1976 شۆڕشی چەكداری بەرپاكرد، لە دوای راپەڕینیش، یەكێتی هێزێكی سەرەكی و بنەڕەتی بوو بۆ دامەزراندنی قەوارەی هەرێمی كوردستان و هێنانەدی ئەم دەستكەوتانە، بەڵام ئەم دەستكەوتانە پێویستیان بە پاراستن و گەشەپێدان و بەرەوپێشبردنە، پێویستمان بەوەیە بژاری نەخۆشییەكانی ناو پڕۆسەی سیاسی و ئیداری و حزبایەتی خۆمان بكەین. چونكە وەك باسمكرد یەكێتی بۆ هەموو قۆناغەكانی كوردایەتی دروستبووە، دەبێت خۆمان بۆ قۆناغێكی دیكە ئامادەبكەین و ئەركی خۆمان جێبەجێ بكەین، بۆ ئەوەش وەكو مەكتەبی راگەیاندن و هۆشیاری، ئەركی قورسمان لەسەرشانە، دەبێت ئێمە ئەو ئەركە بەباشی جێبەجێ بكەین، بۆئەوەی بتوانین لەسەروو هەموو شتەكانەوە، رۆحی سەرۆك مام جەلال و شەهیدەكانمان شادبكەین.
وتیشی: دڵنیام بە هەموومانەوە هەوڵی ئەوە دەدەین ئەو راگەیاندنەی ئێستا هەمانە، بەیانی دەبێت جیاواز بێت، مانگێكی دیكە دەبێت جیاواز بێت، ئەو قسانەی لەم كۆنفرانسەدا كردوومانە، دەبێت لەناو راگەیاندندا رەنگبداتەوە و بە كردار جێبەجێیان بكەین.

بابەتە پەیوەندیدارەکان