عیراق ناچێتە ژێربارى هاوتاکردنى مووچەی خانەنشینانی هەرێمەوە

12:44 - 2024-08-06
کوردستان
363 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێکى لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانى عیراق رایگەیاند، بەهۆى ئەوەى سندوقى خانەنشینى لە هەرێمى کوردستان بەتاڵە، حکومەتى عیراق ناچێتە ژێربارى پرۆسەى هاوتاکردنى مووچەی 250 هەزار خانەنشین لە هەرێمی کوردستان.
موعین کازمی، ئەندامى لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانى عیراق بە رۆژنامەى سەباحی عیراقى راگەیاندووە، ئەو بڕە پارەیەى لە فەرمانبەران دەبڕدرێت بەناوى خانەنشینییەوە، لە هەرێمى کوردستان دیارنییە و بەمەش حکومەتى عیراق ناتوانێت گەرەنتى ناردنى پارە بۆ هاوتاکردنى مووچەى خانەنشینانى هەرێمى کوردستان بکات، چونکە پارەى دیکە لە چوارچێوەى یاساى بودجە بۆ هەرێم دەنێرێت.
جەختیشیکردەوە، پێویستە چارەسەری دارایی بدۆزنەوە بۆ زامنکردنی مافی خانەنشینان بەبێ بارگرانی دارایی زیادە لەسەر حکومەتى عیراق و بەدواداچوونیش دەکەن بۆ ئەو لێبڕینەى کە بەناوى خانەنشینییەوە لە فەرمانبەران دەبڕدرێت، تاوەکو بتوانن پارەکە بۆ 250 هەزار خانەنشینەکە بگێڕنەوە.
کازمی ئاماژەی بەوەدا، لیژنەی دارایی لە هەوڵدایە بۆ گەیشتن بە چارەسەری پراکتیکی کە مافی خانەنشینان لە ناوچەکەدا زامن بکات و دادپەروەریی لە نێوان خانەنشینانى هەرێم و شارەکانى دیکەى عیراق بەدیبهێنێت.

#مووچە‌

بابەتە پەیوەندیدارەکان