سەرژمێرییە گشتییەكانی دانیشتوان لە عیراقدا

01:37 - 2024-08-07
دووتوێ
1529 جار خوێندراوەتەوە

*پرۆفیسۆری یەكەم
د.جەزا تۆفیق تالیب 

 

یەكەم سەرژمێریی رەسمی بەشێوەیەكی ستانداری جیهانی لە عیراقدا لە ساڵی 1947دا ئەنجامدراوە و دواتر دوای 10 ساڵ و لە ساڵی 1957 سەرژمێریی دووەم ئەنجامدراوە

 

پرۆسەی ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتوان Census، پرۆسەیەكی دێرین و لەمێژینەیە و دەگەڕێتەوە بۆ شارستانییەتە كۆنەكانی میسر و چین و رۆما و بابل، كە مەبەستی سەرەكی لەو سەرژمێرییانە بۆ سوودوەرگرتن بووە بەمەبەستی كاروباری سەربازیی و باج وەگرتن و سەرانە و دەستنیشانكردنی ژمارەی كرێكارانی كەرتی كشتوكاڵ و لە زۆربەی سەرژمێرییە كۆنەكاندا، تەنیا زانیاریی سەرەكی لەسەر سەرۆك خێزانەكان و ئەو منداڵە نێرینانەی كە دەگەیشتنە تەمەنی سەربازی كۆدەكرانەوە و منداڵان و ژنان و كچان بەدەردەكران و ناونووس نەدەكران، وەك سەرچاوە مێژووییەكان ئاماژەی پێدەكەن، لە شارستانی میسری كۆندا و لەپێش زیاتر لە (5000 ساڵ) لەمەوبەر پاشای میسر (مینای یەكەم) هەموو دوو ساڵ جارێك سەرژمێریی گشتی كردووە و پاشان فەرمانی ئەوەی كردووە بكرێت بەهەموو ساڵێك1، هەروەها لە ساڵی (2238 پ.ز) سەرژمێریی گشتی لە چین و لە هەردوو سەدەی هەشتەم و چوارەمی پێش زاینیشدا لە ژاپۆن و رۆما ئەنجامدراوە2. لە دوا سەردەمی بابلیشدا كە بە سەردەمی زێڕینی شارستانیی كۆن دەژمێردرێت، لە دەوروبەری (335پ.ز)دا و لە پەرستگاكانی بابلدا باس لە سەرژمێریكردنی دانیشتوان كراوە، بەمەبەستی سوودلێوەرگرتن بۆ كاروباری كشتوكاڵی و ئابووری و ژمارەی ئەندامانی سوپا3.
ئەوەی دەردەكەوێت لە پرۆسەی سەرژمێری لە شارستانییە كۆنەكاندا، ئامانجی سەرەكی بریتی بووە لە زانینی ژمارەی گەنجان، تا لە بواری سەربازیدا سوودیان لێوەربگیرێت، هەروەها لە بواری ئابووریی و باجیشدا سوود لە زانینی ژمارەی خێزان و جووتیار و پیشەوەران وەرگیراوە، تا دەسەڵات باجی پێویستیان لێوەربگرێت، بەم پێیەش بەردەوام پرۆژەی سەرژمێری لای دانیشتوان جۆرە ترس و بێزارییەكی هێناوەتە ئاراوە و هاووڵاتیان تا بۆیان كرابێت خۆیان لە سەرژمێری دزیوەتەوە، تەنانەت لە ئەوروپاش لەنێو چینی رۆشنبیر و پەرلەمانی بەریتانیاشدا وایان لێكدەدایەوە كە سەرژمێریكردنی دانیشتوان دەبێتە هۆی تووڕەبوونی خودا و كارەساتی ئاسمانی گەورەی لێدەكەوێتەوە، ئەم بیركردنەوەیەش پەیوەست بوو بەو سەرژمێرییەی كە پێغەمبەر داود ئەنجامیداوە و دەرەنجامیش بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی پەتایەكی سەرتاسەری و (70) هەزار پیاوی لەناوبردووە.
بیرۆكەی وەستانەوە دژی سەرژمێریی گشتی تا ساڵی 1753ش لە بەریتانیا لەئارادا بوو، بەڵام ماوەی نزیكەی نیو سەدەی ویست تا پەرلەمانی بەریتانیا بتوانێت (یاسای یەكەم)ی سەرژمێری پەسەند بكات و بتوانێت بەشێوەیەكی رەسمی و لە ساڵی 1801دا یەكەم سەرژمێریی گشتی دانیشتوان لە بەریتانیادا ئەنجام بدات4.
سەبارەت بە دەوڵەتە ئەوروپییەكانی دیكەش زۆربەیان سەرژمێریی گشتی دانیشتوانیان بە چەمكە نوێیەكەی لە سەدەی هەژدەدا ئەنجامداوە و وڵاتی ئایسلەنداش پێشەنگی وڵاتانی ئەوروپا و جیهانیش بووە، بڕوانە خشتەی ژمارە1، تەنانەت وڵاتێكی وەك ئەمریكاش پرۆسەی سەرژمێریی گشتی دانیشتوان تیایدا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1790، لە وڵاتە عەرەبییەكانیشدا میسر پێشەنگە و لەساڵی 1882دا یەكەم سەرژمێریی گشتیی دانیشتوانی تێدا ئەنجامدراوە.

سەرژمێریی گشتی لە دوای دووەم جەنگی جیهانەوە
لەدوای دووەم جەنگی جیهانیشەوە زۆربەی وڵاتان سەرژمێریی گشتیی دانیشتوانیان ئەنجامداوە، بۆ نموونە لە ماوەی ساڵانی (1945-1954) دا زیاتر لە (150 وڵات و هەرێم) سەرژمێریی دانیشتوانیان ئەنجامداوە و دەتوانرێت ئەم ماوەیە بە ماوەی (سەرژمێریی جیهانی) ناوببرێت. 

خشتەی ژمارە 1

لەبەر بایەخ و پێزانینی وڵاتان بەسەرژمێریی گشتیی دانیشتوان، نەتەوە یەكگرتووەكان ساڵی (1974)ی بە ساڵی نێودەوڵەتی سەرژمێریی دانیشتوان ناساند و لە ئابی 1974دا سندوقی نەتەوە یەكگرتووەكانی بۆ چالاكییەكانی دانیشتوان دامەزراند6، بەمەبەستی بڵاوكردنەوەی زانیاری و شارەزایی پەیداكردنی زیاتر لەبارەی ئاراستەكانی جووڵەی دانیشتوان و كێشەكانیان و بەرفراوانكردنی هاریكاری نێودەوڵەتی و ئامادەكردنی پرۆگرامی زانستی پەیوەست بە بابەتەكانی دانیشتوان و خێزانەوە7.

چەمكی سەرژمێریی گشتیی دانیشتوان
سەرژمێریی گشتی (التعداد Census) بریتییە لە پرۆسەیەكی گشتی بۆ كۆكردنەوە و ئامادەكردن و هەڵسەنگاندن و شیكردنەوەی داتا دیمۆگرافی و ئابووریی و كۆمەڵایەتییەكان لە دەوڵەتێكدا یان لە بەشێك (هەرێمێك)ی ئەو دەوڵەتەدا، هەمیشە پرۆسەكانی ئابووریی و كۆمەڵایەتی و چالاكییە كارگێڕی و سیاسی و توێژینەوە زانستییەكان پشت بە داتا ورد و زانستییەكانی دەبەستن، لەبەرئەوە سەرژمێرییە خولییەكان (دوەری)ی دانیشتوان سەرچاوە و سەرمایەیەكی گەورەن بۆ دەستكەوتنی زانیاری دەربارەی بارودۆخی دانیشتوان8، یان مەبەست لە سەرژمێریی گشتی دانیشتوان بریتییە لە ژماردنی سەرجەم تاكەكانی دانیشتوان، جا ئەو تاكانە دانیشتوانی رەسەنی ئەو دەوڵەتە بن، یان بیانی بن، بەمەرجێك ئەو كەسانەی سەرژمێری دەكرێن لەژیاندابن، لەكاتی ئەنجامدانی پرۆسەی سەرژمێرییەكەدا  و لە چوارچێوەی ئەو سنوورە جوگرافییە دیارییكراوە (سنووری دەوڵەت)دا بن، لەگەڵ كۆكردنەوەی داتاكانی تایبەت بە تایبەتمەندییە دیمۆگرافی و ئابووریی و كۆمەڵایەتییەكانی ئەو تاكانە، جا ئەگەر لە چوارچێوەی خێزانی خۆیاندا بژین یان لە شوێنە گشتییەكانی وەك نەخۆشخانە و بەندینخانە و خانەكانی چاودێری كۆمەڵایەتیدا بژین9.
كەواتە دەتوانین بڵێین سەرژمێریی گشتیی دانیشتوان بریتییە لە پرۆسەیەكی گشتگیر بۆ كۆكردنەوە و پۆلێنكردن و بڵاوكردنەوەی داتا و زانیارییە دیمۆگرافی و ئابووری و كۆمەڵایەتییەكانی سەرجەم تاكەكانی دانیشتوانی دەوڵەت یان هەرێمێكی دیاریكراوی ئەو دەوڵەتە لە كاتێكی دیاریكراودا.

تایبەتمەندییەكانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتوان
چەندین خەسڵەت و تایبەتمەندی هەن پێویستە لەكاتی ئەنجامدانی پرۆسەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتواندا لەبەرچاو بگیرێن بۆئەوەی پرۆسەكە ئەو ئامانجانە بەدیبهێنێت كە پرۆسەكەی بۆ ئەنجامدەدرێت، گرنگترین ئەو تایبەتمەندییانەش بریتین لە10:
1.پێویستە ئەم پرۆسەیە لەژێر چاودێریی حكومەت و بەگوێرەی یاسای تایبەت رێكبخرێت و ئەنجامبدرێت، لەبەرئەوەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتوان پرۆسەیەكی ئاسان و بچووك نییە، كە رێكخراوێك یان دامەزراوەیەكی ناحوكمی ئەنجامی بدات، بەڵكو بریتییە لە پرۆسەیەكی ئاماری گەورەی گشتگیر، كە پێویستی بە پلان و رێكخستن و دابینكردنی تێچووی زۆر هەیە، هەروەها پێویستە هەندێك جار هەندێك داتا و زانیاری بە نهێنی بهێڵرێتەوە و هەڵبگیرێت.
2.دەبێت پرۆسەیەكی گشتگیر (Universality) بێت، بەشێوەیەك سەرجەم تاكەكانی دانیشتوانی ئەو دەوڵەتە یان هەر هەرێمێكی دیاریكراوی دەوڵەت بگرێتەوە بە دانیشتوانی رەسەن و بیانیشەوە.
3.پێویستە لەكاتی كۆكردنەوەی داتاكاندا بە تەواوی گەمارۆ (الحصر الفردي)ی تەواوی دانیشتوانی هەموو هەرێم و یەكە كارگێڕییەكانی دەوڵەت بدرێت، هەمیشە وەك یاسایەكی گشتی پێویست بەوە دەكات یەك رۆژی تەواو بۆ ئەو مەبەستە تەرخانكرابێت، چونكە لە هەموو ساتێكدا ئەگەری روودانی گۆڕانكاری هەیە لە داتاكانی تایبەت بە دانیشتوان، ئەویش بەهۆی لەدایكبوونی كەسێكەوە یان مردنیەوە، یان گوێزانەوەی لە شوێنێكەوە بۆ شوێنێكی تر، لەبەرئەوە هەمیشە وا باشترە رۆژێكی دیاریكراو لەتەواوی وڵاتدا بۆ ئەو مەبەستە دیاریبكرێت.
4.ئەنجامدانی ئەم پرۆسەیە بەشێوەیەكی خولی (Periodicity) رێكوپێك، (واتە هەموو پێنج یان 10 ساڵ جارێك)، چونكە پرۆسەی بەراوردكاری لەنێوان كات و شوێنە جیاوازەكاندا ئاساندەكات، هەروەها لەرێگایەوە دەتوانرێت ئاراستە دیمۆگرافییە جیاوازەكانی دانیشتوانی وڵات بزانرێت.
5.گەمارۆی تاكی (الحصر الفردي) (Personal Enumeration) لەرێگای تەرخانكردنی فۆرمی تایبەت بۆ هەر كەسێك (تاكێك)و تەواوی زانیارییە داواكراوەكانی تێدا تۆمار بكرێت.
6.دەستنیشانكردنی سنووری جوگرافی ناوچەكە بەتەواوی، واتە پێویستە سنووری ئەو ناوچانەی پرۆسەكەیان تێدا ئەنجامدەرێت بە وردی دەستنیشان بكرێت، لەسەر بنەمای كارگێڕی بەمەبەستی ئاسانكاری و خێراتركردنی كارەكان و پاشان ئامادەكردن و بڵاوكردنەوەی داتاكان.

گرنگیی پرۆسەی سەرژمێریی گشتی
هەموو پرۆسەیەكی بایەخدار چەندین گرنگی لەپشت ئەنجامدانیەوەن، لەوانەش پرۆسەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتوان كە دەتوانین بە چەند خاڵێك گرنگییەكەی بەم شێوەیە بخەینەڕوو11: 
1.سەرژمێریی گشتیی دانیشتوان بە سەرچاوەیەكی سەرەكی دادەنرێت بۆ دەستكەوتنی زانیاری دەربارەی ژمارەی دانیشتوان و مەبەستە كارگێڕییەكان و پرۆسەی توێژینەوەی جۆربەجۆر و پلانی ئابووریی و كۆمەڵایەتی، لەبەرئەوەی راستییە دیمۆگرافییەكان بۆ حكومەت رووناك دەكاتەوە و لەكاتی داڕشتنی پلان و بڕیاری سیاسی و كارگێڕیدا سوودیان لێوەردەگرێت.
2.دەستەبەری داتا و زانیاری دەربارەی لایەنی ئابووری (پیشەسازی، كشتوكاڵی، بازرگانی، گەشتوگوزاری، رێگاوبان و گواستنەوە، ...هتد) لە وڵاتدا دەكات، هەروەها داتا و زانیاری ورد سەبارەت بە پێكهاتەی (تەمەن و رەگەز)ی دانیشتوان دەخاتەڕوو، كە لە رێگایانەوە دەوڵەت دەتوانێت خەمڵاندنی پێویست بۆ ئایندەی وڵات بكات لەڕووی ئاستی پێداویستیەكان لە خواستی ئابووریی و خزمەتگوزاری لە ئێستا و ئایندەدا.

عیراق و سەرژمێریی دانیشتوان

  ئەگەرچی یەكەم سەرژمێریی رەسمی بەشێوەیەكی ستانداری جیهانی لە عیراقدا لەساڵی 1947دا ئەنجامدراوە و دواتر دوای 10 ساڵ و لەساڵی 1957 سەرژمێری دووەم ئەنجامدراوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەندێك راپۆرتی بازرگان و كونسوڵە بەریتانیەكان لەماوەی 1866-1867 بەردەستە سەبارەت بە خەمڵاندنی ژمارەی دانیشتوانی ویلایەتەكانی عیراق، هەروەها ئەو خەمڵاندنانەی كە دوڵەتی عوسمانی لەساڵی 1890دا سەبارەت بە ژمارەی دانیشتوانی ویلایەتەكانی عیراق ئەنجامیداون، بڕوانە خشتەی ژمارە2، لە خشتەكەوە ئەو  راستییە دەردەكەوێت، كە عیراق بە هەر سێ ویلایەتەكەیەوە لەماوەی نێوان 1867-1919 بەگوێرەی خەمڵاندنەكان ژمارەی دانیشتوانەكەی نەگەیشتۆتە سێ ملیۆن كەس و هەر ویلایەتێكیش لەو سێ ویلایەتەی كە عیراقی لێ پێكهاتووە، خاوەنی خەسڵەتی دیمۆگرافی خۆی بووە.

وەك لە خشتەی ژمارە2  وە بەدەردەكەوێت كە ژمارەی دانیشتوانی عیراق لە ساڵی 1867دا گەیشتۆتە (1,280,000 كەس) و لەدوای كۆتاییهاتنی یەكەم جەنگی جیهان لە ساڵی 1919، واتە دوای زیاتر لە نیو سەدە ژمارەی دانیشتوانی عیراق گەیشتۆتە (2,848,000)كەس.
سەرژمێرییە گشتییەكانی عیراق پاش ساڵی 1921:
لەدوای پێكهاتنی دەوڵەتی عیراق لە ساڵی 1921دا حكومەتی عیراق چەند هەوڵێكی سەرەتایی دا بە مەبەستی ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتی لە عیراقدا، بەو پێیەی عیراقی تازە پێكهاتوو هیچ جۆرە سەرژمێرییەكی تێدانەكراوە، تا ئەو دەوڵەتە پشت بە داتا و زانیارییەكانی ببەستێت و بونیادی دەوڵەت و پلانەكانی پشت ئەستوور بێت بەو داتایانەی كە لە سەرژمێریی گشتییەوە بەدەستدەكەوێت، لێرەوە حكومەت یەكەم هەنگاوی نا بەرەو ئەنجامدانی سەرژمێرییەكی سەتاسەری لە عیراقدا و لە ساڵی 1927دا یەكەم هەوڵی سەرژمێری دراوە، وەك دواتر باسی لێوەدەكەین و ئاماژەش بە سەرژمێرییەكانی تر دەدەین.

یەكەم: سەرژمێریی گشتیی دانیشتوان لە ساڵی 1927دا
ئەم سەرژمێرییە هەوڵێكی شكستخواردووی حكومەتی عیراق بوو، كە لە رێگای چەند لیژنەیەكی تایبەتەوە كە مزگەوت و قوتابخانە حكومییەكانیان كردبووە بنكە و كارەكانیان لێوە بەجێدەگەیاند و لەنێو شارەكاندا بڵاوبوونەوە، بەڵام  لەنێو گوند و شوێنە دوورە دەستەكاندا زۆربەی كارەكان لە رێگای خەمڵاندنەوە ئەنجامدەدران، ئەم سەرژمێرییە لە مانگی تشرینی یەكەمی 1927 دەستیپێكردو لە كۆتایی ساڵی 1928 كۆتاییهات، تەنها دوای چەند مانگێك لە كۆتاییهاتنی سەرژمێرییەكە حكومەتی عیراق نادروستی و شكستی سەرژمێرییەكەی بۆ دەركەوت و بە شێوەیەكی رەسمی ئەنجامی سەرژمێرییەكەی هەڵوەشاندەوە و كاریشی پێنەكرد، لەم سەرژمێرییەدا ژمارەی دانیشتوانی عیراق گەیشتبووە (2,968,054 كەس)13.

سەرژمێریی گشتی (التعداد Census) بریتییە لە پرۆسەیەكی گشتی بۆ كۆكردنەوە و ئامادەكردن و هەڵسەنگاندن و شیكردنەوەی داتا دیمۆگرافی و ئابووریی و كۆمەڵایەتییەكان لە دەوڵەتێكدا یان لە بەشێك (هەرێمێك)ی ئەو دەوڵەتەدا

 

دووەم: سەرژمێریی گشتیی دانیشتوان لە ساڵی 1934دا
ئەم سەرژمێرییە لە سەرژمێریی ساڵی 1927 وردتر بوو، بەو پێیەی لیژنەكانی سەرژمێری لە شوێنە گشتییەكاندا جێگیركرابوون و لە رێگای موختارەكانەوە سەرۆكی خێزانەكان بانگێشت دەكران تا ژمارەی ئەندامی خێزانەكانیان ناونووس بكەن، ئامانجی سەرەكی ئەم سەرژمێرییە زانینی ژمارەی نێرینەی نێو خێزانەكان بوو تاوەكو لە بواری سەربازیی و كردن بە سەربازدا (تجنید) سوودیان لێوەربگرن، چونكە لەو ساڵەوە خزمەتی سەربازی زۆرەملێ دەستیپێكردبوو، بەم پێیەش زۆرێك لە دانیشتوان لە ترسی سەربازی خۆیان لە سەرژمێرییەكە دەدزییەوە و هەندێكیش زانیاری نادروستیان سەبارەت بە رەگەزی منداڵەكانیان دەدا، بەتایبەتیش باس لەوە دەكرا كە هەندێك كەس رەگەزی نێری منداڵەكانیان بە رەگەزی مێ دەنووسی، تا لە خزمەتی سەربازی بەدووربن، لە دەرەنجامدا زانیاری و داتاكانی ئەم سەرژمێرییەش پشتگوێ خرا و تەنیا حكومەت لە بواری سەربازیدا سوودی لێوەردەگرت، ئەوەی زانراوە لەم سەرژمێرییەدا كە لە مانگی ئەیلولی ساڵی 1934ەوە دەستیپێكرد، تا لە مانگی تشرینی یەكەمی هەمان ساڵدا كۆتاییهات و ژمارەی دانیشتوانی عیراق تیایدا گەیشتبووە (3,213,173 كەس)  پاش ئەوەی لە ساڵی 1935 جارێكی دیكە بواری ناونووسكردن درا بەو كەسانەی كە لە سەرژمێریی ساڵی 1934دا نەیانتوانیبوو خۆیان ناونوس بكەن، ئەنجامی ئەم سەرژمێرییە بۆ ماوەی نزیكەی 20 ساڵ لە عیراقدا كاری پێدەكرا و وەكو بەڵگەنامەیەكی رەسمی لێی دەڕوانرا، بەڵام لە(22/10/1955) دا لەلایەن حكومەتی عیراقەوە رەتكرایەوە و ئیدی كاری پێنەدەكرا14.

 

سێیەم: سەرژمێریی گشتیی دانیشتوان لە ساڵی1947دا

ئەم سەرژمێرییەی دانیشتوان بە گشتگیرتر و باشترین سەرژمێری دەژمێردرێت لەوكاتەدا و بەگوێرەی چەمكی سەرژمێریی و دیمۆگرافی هەنگاوە سەرەكییەكانی سەرژمێرییان پەیڕەوكردووە و گروپ و دەستەكانی سەرژمێری سەردانی ماڵی هاووڵاتییانیان كردووە بۆ ناونووسكردنیان و وەرگرتنی زانیاری پێویست لێیان15، كە جۆری زانیارییەكان گشتگیرتر بوون لە زانیاری پەیوەست بە بەسەربازگرتن و باج و هەڵبژاردن و هەستدەكرا كە سەرژمێرییەكی گشتییە و مەبەست لێی كۆكردنەوەی زۆرترین داتا و زانیارییە سەبارەت بە ژمارە و پێكهاتە و دابەشبوونی دانیشتوان بە شێوەیەكی ورد. سەرژمێرییەكە لە نێوەندی شارەكاندا لە 19/10/1947 دەستیپێكرد و هەر لەو رۆژەشدا تەواو بوو، بەڵام لە ناوچەی هۆڕ و زۆنگاوەكان و ناوچە دوورە دەستەكاندا، مانگێك پێش سەرژمێرییە رەسمییەكە دەستیپێكرد واتە لە 19/09/1947 دەستیپێكرد و لە 19/10/1947 كۆتاییهات، ئەوەی لەم سەرژمێرییەدا جێگەی رەخنە و لاوازی بوو، ئەوەیە كە رەوەندی عیراقی لە دەرەوەی وڵات و ئەو هۆزە رەوەندانەی كە لە گوند و بانی خۆرئاوای عیراقدا بە بەردەوامی لە جووڵە و كۆچكردندا بوون، ناونووس نەكران، بەڵام ئەم سەرژمێرییە بووە بەڵگەنامەیەكی رەسمی بۆ حكومەتی عیراق و ئیدی پشت بە سەرژمێریی ساڵی 1934 نەدەبەسترا و حكومەتی عیراقی رەتیكردەوە، ژمارەی دانیشتوانی عیراق لە سەرژمێریی ساڵی 1947دا گەیشتە ( 4,816,185 كەس)16.

چوارەم: سەرژمێریی گشتیی دانیشتوان لە ساڵی 1957دا
عیراق لەم سەرژمێرییەدا پەیوەست بوو بە رێنماییەكانی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانەوە، كە هەر 10 ساڵ جارێك سەرژمێریی گشتیی دانیشتوان ئەنجامبدات و لە مانگی تشرینی یەكەمی ئەو ساڵەدا ئەنجامبدرێت، ئەوە بوو لە 12/10/1957دا سەرژمێریی گشتی ئەنجامدرا، ئەم سەرژمێرییە بەڕای گەلێك لە پسپۆڕانی بواری دیمۆگرافیا و دانیشتوان بە باشترین سەرژمێریی گشتی دانیشتوان دەژمێردرێت لە عیراقدا، ئەویش بەهۆی ئەوەی ئەنجامدانی سەرژمێرییەكە كەلە سەردەمی حوكمی پاشایەتیدا و لە دۆخێكی سیاسی و سەربازیی ئارامدا ئەنجامدراوە، جگە لەوەی زانیاری و داتا كۆكراوەكان بەشێوەیەكی زۆر ورد پۆلێنكراون و زۆر لایەنی دیمۆگرافی و كۆمەڵایەتی و ئابووری و ئاوەدانكردنەوەی لەخۆگرتووە بەگوێرەی یەكە كارگێڕییەكانی عیراق (پارێزگا، قەزا، ناحیە، گوند)، ئەم زانیاری و داتا پۆلێنكراوانە لە دووتوێی (37 خشتەدا) بڵاوكرانەوە، ئەوەی جێگەی سەرنجە لەم سەرژمێرییەدا پێكهاتەی نەتەوەیی و ئاینیی دانیشتوانی عیراق بڵاوكراوەتەوە لەگەڵ هەموو ئەو تێبینیانەشی كە لەسەر ئەم سەرژمێرییە هەن، بەڵام هەروەك سەرژمێرییەكی گرنگ و باوەڕپێكراو سەیردەكرێت و بۆ زۆر مەسەلەی چارەنووسساز دەكرێت پەنای بۆ ببرێت وەك جێبەجێكردنی مادەی 140 و دەستنیشانكردنی سنووری جوگرافی هەرێمی كوردستان، لەم سەرژمێرییەدا ژمارەی دانیشتوانی عیراق گەیشتە (6,298,976)كەس17.
پێنجەم: سەرژمێریی گشتیی دانیشتوان لەساڵی 1965دا
بەگوێرەی ئەم رێككەوتنەی كە هەبوو، وا بڕیاربوو كە لە ساڵی 1967 سەرژمێریی گشتی دانیشتوان ئەنجامبدرێت واتە هەر 10 ساڵ جارێك وەك چۆن پێشتر لە ساڵانی 1947 و 1957 ئەنجامدراوە، بەڵام بەبڕیارێكی لەپڕ و بێ پاساو لە ساڵی 1964دا بڕیاردرا كە لە ساڵی 1965 سەرژمێریی گشتی لە عیراقدا ئەنجامبدرێت، ئەوەبوو لە رۆژی پێنجشەممە 14/10/1965 پرۆسەی سەرژمێریی گشتی دانیشتوان دەستیپێكرد و ئەنجامدرا، هەرچەندە زانیاری و داتاكانی نێو ئەم سەرژمێرییە چڕتر و دەوڵەمەندتر بوون بە بەراورد بە سەرژمێری ساڵی 1957 و لە (46 خشتە) پێكهاتبوو، بەڵام دەرەنجامەكانی ئەم سەرژمێرییە زۆر ورد و دروست نەبوون، ئەویش بەهۆی پەلەكردن لە ئەنجامدانی پرۆسەكە كەوا بڕیار بوو لە ساڵی 1967 ئەنجامبدرێت، هەروەها لە كوردستاندا شۆڕشی ئەیلول بەردەوام بوو زۆرێك لە ناوچەكانی كوردستان بەهۆی پرۆسە سەربازییەكانەوە پرۆسەی سەرژمێرییان تێدا ئەنجامنەدرا و لەرێگەی خەمڵاندنەوە داتا و زانیارییان سەبارەت بەو ناوچانە تۆماردەكرد 18، لەبەرئەوە حكومەتی عیراق لەدوای بڵاوكردنەوەی ئەنجامی سەرژمێرییەكەش كاری بە ئەنجامی سەرژمێرییەكە نەكرد، لەم سەرژمێرییەدا ژمارەی دانیشتوانی عیراق گەیشتە (8,097,220 كەس)19.

شەشەم: سەرژمێریی گشتی دانیشتوان لە ساڵی 1977دا
لەدوای ئەوەی لە سەرژمێریی گشتیی ساڵی 1965 زۆر كەموكوڕی بەدەركەوتن و لە كۆتاییشدا سەرژمێرییەكە لەلایەن حكومەتی عیراقەوە كاری پێنەكرا، لەبەرئەوە لە 17 تشرینی یەكەمی 1977دا سەرژمێری ئەنجامدرا و لەرووی تەكنیكی و زانستییەوە لە سەرجەم سەرژمێرییەكانی پێشتر پێشكەوتووتر بوو، بەو پێیەی شریتی موگناتیسی و كۆمپیوتەری تێدا بەكارهات و گەلێك زانیاری و داتا و وردەكاری تێدا بەدەستكەوت كە لە سەرژمێرییەكانی پێشتردا لەئارادا نەبوو، لەم سەرژمێرییەدا (95 خشتە)ی لەخۆگرتبوو20، دەربارەی سەرجەم داتا و زانیارییە پەیوەستدارەكان بە دانیشتوان و لایەنی كۆمەڵایەتی و ئابووریی و ئاوەدانكردنەوە و گەلێك بواری دیكە، بەڵام لەم سەرژمێرییەدا و بەو هەموو خشتە و زانیارییانەی كە لەخۆی گرتبوو، دوو بواری گرنگی لەخۆ نەگرتبوو كە ئەوانیش هەردوو خشتە و داتای (پێكهاتەی نەتەوەیی) و (پێكهاتەی ئایینی) دانیشتوان بوون، لێرەوە ئەو راستیە بەدەردەكەوێت كە حكومەتی عیراق ناتوانێت داتا و راستییەكانی پێكهاتەی نەتەوەیی و ئاینی وڵاتەكەی بەشێوەیەكی دروست بخاتەڕوو.

سەرژمێریی گشتی دانیشتوان لە ساڵی 1957دا، لەم سەرژمێرییەدا  عیراق پەیوەست بوو بە رێنماییەكانی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانەوە، كە هەر دە ساڵ جارێك سەرژمێریی گشتی دانیشتوان ئەنجام بدات و لە مانگی تشرینی یەكەمی ئەو ساڵەدا ئەنجامبدرێت، ئەوە بوو لە 12/10/1957 دا سەرژمێریی گشتی ئەنجامدرا

دەبێت ئاماژە بەو راستییە بكەن كە ئەم سەرژمێرییە لەدوای نسكۆی شۆڕشی ئەیلولەوە ئەنجامدراوە، لەگەڵ ئەوەشدا شۆڕشی نوێ لەئارادا بووە و گەلێك ناوچەی كوردستان بەدەست هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە بووە و حكومەتی عیراق نەیتوانیووە ئەو ناوچانە سەرژمێری بكات بۆیە بەشێوەی خەمڵاندن ژمارەی دانیشتوانی تۆماركردووە، ژمارەی دانیشتوانی عیراق لەم سەرژمێرییەدا كە لە ئەیلولی ساڵی 1987دا بڵاوكرایەوە (12,000497)21 بوو.

حەوتەم: سەرژمێریی گشتی دانیشتوان لە ساڵی 1987دا
سەرژمێریی گشتیی دانیشتوان ساڵی 1987 لە گەرمەی جەنگی عیراق_ئێراندا ئەنجامدرا، وادیاربوو حكومەتی عیراق لەوكاتەدا دەیویست ئەو بسەلمێنێت كە پابەندی ئەوەیە كە بە شێوەیەكی خولی هەر 10 ساڵ جارێك توانای ئەوەی هەیە سەرژمێریی گشتی ئەنجامبدات و بەرەی ناوخۆی هێمنە و دۆخی جەنگ شیرازەی ناوخۆی نەشێواندووە، لەگەڵ ئەوەی حكومەتی عیراق هۆكار و توانایەكی زەبەلاحی دارایی و هونەری خستە خزمەتی پرۆسەی سەرژمێرییەكەوە و دەرەنجامی سەرژمێرییەكە لە چوارچێوەی (126 خشتەكەدا) خرانەڕوو22، لەگەڵ ئەوەشدا دەرەنجامەكانی ئەم سەرژمێرییە لە وردی و دروستیدا نەدەگەیشتە دەرەنجامەكانی سەرژمێریی گشتی ساڵی 1977، ئەویش لەبەر چەند هۆكارێك لەوانە:
أ‌. كاتی ئەنجامدانی سەرژمێرییەكە هاوكاتبوو لەگەڵ گەرمەی جەنگی عیراق _ ئێراندا، ئەم  هۆكارەش دژی ئەو بنەمایەیە كە جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە دەبێت كاتی ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتی لەكاتی ئاشتی و هێمندا بێت، لەم كاتەدا عیراق سەرجەم ئەو كوژراو و نادیار و دیلانەی كە لە جەنگدا هەبووە تۆمارنەكردووە، جگە لە كۆچی زۆرەملێی زۆرێك لە دانیشتوانی عیراق لەكاتی جەنگەكەدا بۆ دەرەوەی عیراق و ئاماژە پێنەكردنیان لە سەرژمێرییەكەدا، هەروەها ژمارەیەكی كەم نین ئەو كەسانەی بە تایبەتیش گەنجە نێرەكان كە لەبەرئەوەی هەڵهاتوو بوون لە خزمەتی سەربازی و لە رۆژی سەرژمێرییەكەدا قەدەغەی هاتووچۆ (منع التجوال) بووە، لەترسی دەستگیركردنیان خۆیان ناونووس نەكردووە.
ب‌. لەكاتی سەرژمێرییەکەدا شۆڕشی رزگاریخوازی كورد لە كوردستاندا لە گەرمەی شەڕ و پێكداداندا بوو لەگەڵ سوپای عیراقدا و بەشێكی دانیشتوانی هەرێمی كوردستان پێشمەرگە بوون لە شاخ و ناوچە جیاوازەكانی كوردستاندا دژی سوپای عیراق دەجەنگان، هەروەها بەشێكی هەرە زۆری گەنجانی نێری كوردستانیش هەڵهاتوو یان دواكەوتوو بوون(متخلف) لە خزمەتی سەربازی و رۆژی سەرژمێریی گشتی لە ترسی دەستگیركردنیان، خۆیان ناونووسنەكردووە، لەبەرئەوە میكانیزمی كاری لیژنەكانی سەرژمێری زۆر كەم و كورتی تێكەوتووە، وەك لە دەرەنجامی سەرژمێرییەكەدا دەردەكەوێت كە رێژەی رەگەزی نێر (105 نێر) بووە بۆ (100) مێ، ئەم داتایانەش پێچەوانەی راستییەكانن، چۆن دەبێت عیراق لە شەڕێكی تا ئەوكاتە 1987 حەوت ساڵیدا بێت و رێژەی نێر لە رێژەی مێ زیاتر بێت؟!، لەكاتێكدا بەشی هەرە زۆری ئەوانەی كوژراون و نادیار بوون و دیلبوون و هەڵهاتووی شەڕبوون و كۆچیان بۆ دەرەوەی وڵات كردووە و پێشمەرگە بوون لە رەگەزی نێر بوون، كەواتە دەرەنجامی سەرژمێرییەكە ئەوە دەردەخات، كە هەڵە و كەموكورتی و دەستێوەردانی گەورە لە سەرژمێرییەكەدا كراوە لەگەڵ ئەوەشدا حكومەتی عیراق بە سەرژمێرییەكی سەركەوتووی لەقەڵەم دا و وەك بەڵگەنامەیەكی رەسمی لە دامودەزگاكانی دەوڵەتدا پشتی پێدەبەست.
خاڵێكی لاوازی دیكەی ئەم سەرژمێرییە لەوەدا بوو كە جارێكی دیكە زانیاریی و داتای سەبارەت بە هەردوو پێكهاتەی (نەتەوەیی) و (ئایینی) لەخۆ نەگرتبوو ئەم خاڵەش سەلمێنەری ئەو راستییەیە، كە حكومەتی عیراق، لەبەر نادروستیی داتا و زانیارییەكان و ئەو كێشە نەتەوەیی و ئاینییانەی لەنێو كۆمەڵگەی عیراقدا هەیە، ترسی بڵاوكردنەوەی زانیاری و داتاكانی پەیوەست بە پێكهاتەی (نەتەوەیی) و (ئایینی) هەبووە، ئەم خاڵەش بەجۆرێك گومان دەخاتە سەر كۆی ئەنجامی پرۆسەی سەرژمێرییەكە، لەگەڵ ئەوەشدا حكومەتی عیراق دەرەنجامی پرۆسەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتوانی 1987 بڵاوكردەوە كە ژمارەی دانیشتوانی عیراق گەیشتبووە (16,335,199 كەس)23.

هەشتەم: سەرژمێریی گشتی دانیشتوان لە ساڵی 1997دا
لە ساڵی 1997 حكومەتی عیراق ئامادەكاریی پێویستی بۆ ئەم سەرژمێرییە كرد و سەرژمێرییەكەشی تێدا ئەنجامدا، بەڵام لە چ دۆخێكدا؟ دۆخێك عیراقی دوای جەنگی كەنداوی  دووەم كە تێیدا سەرخان و ژێرخانی عیراق وێرانببوو، نزیكەی ملیۆنێك سەرباز و چەكدار و هاووڵاتی عیراق لەنێوان كوژراو و دیل و نادیاردا هەژمار دەكران و نزیكەی ئەوەندەش كۆچیان كردبوو بۆ دەرەوەی عیراق و وڵات لەژێر ئابڵوقەیەكی ئابووریی و سیاسی بەهێزدا بوو، لەولاشەوە سێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان لەدوای راپەڕینی ئازاری 1991ەوە لە عیراق دابڕابوون، پەرلەمان و حكومەتی هەرێمیان تێدا پێكهێنابوو بەشێوەیەكی كرداری وەك وڵاتێكی سەربەخۆ رەفتاری دەكرد و هەرسێ پارێزگای سلێمانی و هەولێر و دهۆك بە حوكمی ئەو واقیعە سەرژمێریی گشتیان تێدا ئەنجام نەدرا و حكومەتی عیراق بەگوێرەی خەمڵاندنی دانیشتوان و لەژێر رۆشنایی گەشەی دانیشتوانی لەماوەی (1977-1987)دا ژمارەی دانیشتوانی سێ پارێزگاكەی هەرێمی خەمڵاند و لەگەڵ ژمارەی دانیشتوانی پارێزگاكانی دیكەی عیراقدا كۆیكردەوە و بەم پێیەش ژمارەی دانیشتوانی عیراق لە سەرژمێری بەناو گشتی ساڵی 1997دا گەیشتە (22,046,244 كەس)24.
ئەوەی جێگە سەرنجە لەم سەرژمێرییەدا وەك سەرژمێرییەكی نادروست و باوەڕپێنەكراو سەیردەكرێت و لەلایەن توێژەران و تەنانەت دامودەزگا رەسمییەكانی دەوڵەتیشەوە بەهەند وەرناگیرێت، هەروەها لەم سەرژمێرییەدا هاوشێوەی هەردوو سەرژمێریی 1977 و 1987 داتا و زانیاری لەسەر هەردوو پێكهاتەی (نەتەوەیی) و (ئایینی) لەخۆناگرێت، بەمەش گومان لای پسپۆران و توێژەران دروستدەكات.

سەرژمێریی ساڵی 2007 ئەنجامنەدرا
بەگوێرەی ئەجندای سەرژمێریی بێت، لە عیراقدا دەبوایە لە ساڵی 2007 سەرژمێریی گشتی دانیشتوان ئەنجامبدرایە، بەڵام بەهۆی ئەوەی كە رژێمی عیراقی كۆتایی پێهێنرابوو و عیراقیش لە دۆخێكی ئەمنیی دژواردا بوو، لەبەرئەوە بیركردنەوە لە پرۆسەی سەرژمێری كارێكی ئەستەم بوو.
لەدوای ساڵی 2007ەوە بیر لەوە دەكرایەوە كە عیراق پێویستی بە سەرژمێرییەكی سەرتاسەرییە بە هەرێمی كوردستانیشەوە، وا بڕیار بوو لە مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی 2010 دا سەرژمێرییەكی سەرتاسەری ئەنجام بدرێت و هەموو پێداویستییە لۆجستی و هونەریی و داراییەكانیش ئامادەكران بەڵام  ئەنجامدانی سەرژمێرییەكە دواخرا بۆ كاتێكی نادیار، ئەویش بەهۆی ناكۆكیی نێوان لایەنە سیاسییە دەسەڵاتدارەكانی عیراقەوە لەبارەی چۆنیەتی و بەرپرسیارییەتی ئەنجامدانی سەرژمێری لە ناوچە جێناكۆكەكانی نێوان حكومەتی هەرێمی كودرستان و حكومەتی فیدراڵەوە بوو كە بە ناوچەی مادەی (140) ناسراوە، بەم پێیەش ساڵ لەدوای ساڵ پرۆسەی ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتی دوادەخرا تا گەیشتە ئێستا كە ساڵی 2024ە.
حكومەتی عیراقیش لەبەر نەبوونی سەرژمێرییەكی نوێ و باوەڕپێكراو و بۆ راییكردنی كاروباری سیاسی و كارگێڕیی و ئابووری حكومەت، دەزگای ناوەندیی ئاماری عیراق بەشێوەی خەمڵاندن و پشتبەستن بە تێكڕای گەشەی دانیشتوانی عیراق لەماوەی (1987-1997)، كە لەوانەیە ئەو تێكڕای گەشەی خەمڵێنراوە (2.6 لە هەزار)ی تێنەپەڕاندبێت، كاری خەمڵاندنی بۆ ژمارەی دانیشتوانی عیراقی ئەنجامدا تا بەشێوەیەكی نزیك لە واقیعەوە، ژمارەی دانیشتوانی عیراق بزانێت و كاری حكومەتی پێ راییبكات.

سەرژمێریی چاوەڕوانكراوی ساڵی 2024
لە عیراقدا لە ساڵی 1997 ەوە سەرژمێریی گشتی دانیشتوان ئەنجامدراوە، واتە (27 ساڵە) ئەم وڵاتە بەبێ داتا و زانیاریی دیمۆگرافی دەڕوات بەڕێوە و بەشی هەرەزۆری ئەو ئامار و زانیارییانەی كە حكومەتی عیراق تا ئێستا (2024) پشتی پێدەبەستێت بریتین لە ژمارە و زانیاری كە لە رێگای خەمڵاندنەوە بەدەستهاتوون، سەبارەت بە سێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستانیش (سلێمانی و هەولێر و دهۆك) لە ساڵی 1987وە سەرژمێریی گشتی دانیشتوانیان تێدا ئەنجامنەدراوە، واتە ماوەی 37 ساڵە هەرێمی كوردستانیش بێ سەرژمێرییە و زیاتر لەرێگەی خەمڵاندنەوە داتا و زانیاری سەبارەت بە دانیشتوان بەدەستدەكەوێت. لەبەرئەوە چاوی جیهان و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و خودی دەوڵەتی عیراق و پسپۆڕان و توێژەرانی بواری دانیشتوان و پسپۆرانی ئابووری لەسەر ئەنجامدانی سەرژمێریی ساڵی 2024 و ئەنجامەكانیەتی، وڵاتێكی دەوڵەمەند و فرە پێكهاتەی نەتەوەیی و ئایینی بێ سەرژمێریی و داتای راست و دروستە و بە خەمڵاندن پلان و بودجە و بڕیاری هەستیاری ئابووریی و سیاسی و سەربازی لێوەدەدرێت.
لەبەر نەبوونی ئەنجامی سەرژمێریی گشتی لە ساڵی 1997وە لە عیراقدا تەنانەت لەدوای ساڵی 2003وە، عیراق بەگوێرەی خەمڵاندنەوە داتا و زانیاری سەبارەت بە دانیشتوانی عیراق دەخاتەڕوو، بۆ نموونە لە بڵاوكراوەیەكی وەزارەتی پلاندانانی عیراقدا كە لەلایەن دەزگای ناوەندیی ئاماری عیراقەوە بڵاوكراوەتەوە، خەمڵاندن بۆ ژمارەی دانیشتوانی عیراق دەكات بۆ ماوەی (2015-2030) و ژمارەی دانیشتوان لەساڵی 2015 دا بە (35,212,600 كەس) دەخەمڵێنێت و لە ساڵی 2023دا بە (43,324,000كەس)، بڕوانە خشتەی ژمارە3، واتە عیراق تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت(2024) هەر لە رێگەی خەمڵاندنەوە كۆی ژمارەی دانیشتوان و داتا گرنگەكانی دیكە ئامادە دەكات و حكومەتیش لەژێر رۆشنایی ئەو ژمارە خەمڵێنراوانەدا پلان و بودجە و بڕیارە ستراتیژییەكان دەدات.

میكانیزمی ئەنجامدانی سەرژمێری 2024 
حكومەتی عیراقی هەموو توانا دارایی و هونەریی و لۆجیستییەكانی خۆی خستۆتەگەڕ تا لە ئەمساڵدا (2024) دا سەرژمێریی گشتی دانیشتوان ئەنجامبدات و لە دەستپێكی ئەم پرۆسەیەشدا هەر ئەمساڵ لە 31/5/2024 دا سەرژمێریی ئەزموونی (تجریبي) لەسەرجەم پارێزگاكانی عیراقدا بە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانیشەوە لەماوەی (14 رۆژدا) و لە (86 ناوچە)دا ئەنجامدا.

خشتەی ژمارە 3

كورد و سەرژمێری ساڵی 2024
وا بڕیارە سەرژمێریی گشتی دانیشتوان لە 20ی تشرینی یەكەمی 2024دا ئەنجامبدرێت و وەك ئاماژەمان پێكرد، عیراق هەموو پێداویستییەكانی ئەم سەرژمێرییەی ئامادەكردووە، بەڵام ئەوەی پەیوەستە بە هەرێمی كوردستان و كوردەوە تا ئێستا ئەوەی ئاشكرایە ئامادەیی هەرێمە وەك پارێزگاكانی دیكە پرۆسەی سەرژمێرییەكەی تێدا ئەنجامبدرێت، تا ئێستا ئەم هەڵوێستانە بابەتێكی رەسمی و كاری ئاسایی و رۆتینە، بەڵام ئەوەی كە خاڵی گرنگ و پەیوەستداری ستراتیژییە بە كوردەوە لەم سەرژمێرییەدا بریتین لەم خاڵانە:
یەكەم: دۆخی ناوچە جێناكۆكەكان ئەوەی كە ناسراوە بە (ناوچەكانی مادەی 140)، تائێستا نازانرێت و ئاشكرانییە كە میكانیزمی سەرژمێری لەم ناوچانەدا چۆنە؟ و كێ دەگرێتەوە؟ و كێ ناگرێتەوە؟ و ئایا چۆن ناوی ئەو لێشاوە عەرەبە هاوردە و ئاوارانە ناونووس دەكرێن؟ وەكو دانیشتوانی رەسەنی ئەو ناوچانە سەرژمێر دەكرێن یان وەكو تەنها لەو كاتەدا بوونیان هەبووە؟ چەندین پرسیاری دیكەی لەم شێوەیە لەئارادایە، بەڵام تائێستا نازانین ئەم پرسیار و گومانانە لەنێو سەرژمێریكردنەكەدا بە چ شێوازێك مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت و لەنێو پرۆسەكەدا پراكتیزە دەكرێت.
دووەم: خشتەی پێكهاتەی (نەتەوەیی) و (ئایینی) لەسەرژمێرەكەدا هەیە یان نا، لەراستیدا ئەم دوو خشتەیە لای دانیشتوانی هەرێمی كوردستان و كورد و پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینییەكان جێگای بایەخە و نازانرێت لەم سەرژمێرییەدا ئاماژەی پێدەكرێت یان نا؟ لەبەرئەوەی لە سەرژمێری ساڵی 1957 بەشێوەیەكی زانستی و دروست ئاماژە بە پێكهاتەی (نەتەوەیی) و (ئایینی) درابوو، بەڵام لە سەرژمێرییەكانی دیكەدا بەتایبەتیش هەردوو سەرژمێریی 1977 و 1987 بابەتی پێكهاتەی نەتەوەیی و ئایینی لەخۆنەگرتبوو.
لای كورد ئەم دوو بڕگەیە بایەخی تایبەتی هەیە، لەبەرئەوەی زانینی رێژەی نەتەوەكان لە پارێزگا و شوێنە جێناكۆكەكاندا چەندین راستی نەتەوەیی و ئایینی و جوگرافیمان بۆ دەردەخەن كە دەكرێت زۆر كێشە و ململانێی سیاسی و یاسایی یەكلابكاتەوە، بەڵام پێدەچێت لە ئێستادا (2024) حكومەتی عیراق نەیەوێت بڕگەكانی (نەتەوە) و لانیكەم  ئایینزاكان لە سەرژمێرییەكەدا جێگە بكاتەوە، بەمەش جارێكی دیكە جۆرە گشتگیرییەك بە سەرژمێرییەكەوە دەردەكەوێت و خەسڵەتە ئەسنۆگرافی و تایبەتمەندیدارەكانی دانیشتوانی عیراق دەشارێتەوە و وندەبن.
ئەوەی لەم سەرژمێرییەوە چاوەڕواندەكرێت زیاتر دەرخستنی ژمارە و زانیاری رەها بێت سەبارەت بە دانیشتوانی عیراق بە گشتی و دانیشتوانی پارێزگا و یەكە كارگێڕییەكان بەتایبەتی، بۆ نموونە كاتێك باس لە ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی كوردستان دەكرێت، تەنها كۆی ژمارەی دانیشتوانی هەر سێ پارێزگای (سلێمانی و هەولێر و دهۆك)مان لە كۆی ژمارەی گشتی دانیشتوانی عیراق بەڕێژە و ژمارەی رەها پێشكەش دەكەن، لێرەوە ئەم ژمارە و رێژانە دەكەنە پێوەرێكی سەرەكی و كاری بودجە و پلانی ئابووریی ئایندەی عیراقی پێ بەڕێوەدەبەن و دادەڕێژن.
سێیەم: سەبارەت بە چاودێریی پرۆسەی سەرژمێرییەكە لەلایەن لایەنێكی بێلایەنی نێودەوڵەتییەوە كە دەكرێت نوێنەرایەتی نەتەوە یەكگرتووەكان بێت یان یەكێتی ئەوروپا یان هەر لایەنێكی نێودەوڵەتی و هەرێمی دیكە، تائێستا دیارنییە كە ئایا ئەو چاودێرییە لەئارادا دەبێت یان نا؟ بەتایبەتی لە ناوچەكانی مادەی 140دا، لێرەدا تائێستا (2024) نازانین نوێنەرایەتی هەرێمی كوردستان و كورد لە وەزارەتی پلاندانانی عیراق و فەرمانگەی ناوەندی ئامار لە چ ئاستێكدایە و رۆڵیان چییە؟

ژمارەی دانیشتوانی عیراق بەچەند دەخەمڵێنرێت؟
وەك پێشتر لە خشتەی ژمارە 3 دا ئاماژەمان پێكرد بەگوێرەی خەمڵاندنەكانی فەرمانگەی ناوەندی ئاماری عیراق لە ساڵی 2024دا ژمارەی دانیشتوانی عیراق دەگاتە (44,414,800 كەس)، ئەگەر ئەم ژمارە خەمڵێنراوە بەراورد بكەین بە ژمارەی دانیشتوانی عیراقی خەمڵێنراو لە ساڵی 2023دا كە گەیشتۆتە (43,324,000 كەس) ئەوا بە ژمارەی رەها بڕی (1,090,000 كەس) لە عیراقدا لەماوەی تەنیا یەك ساڵدا زیاد دەكات و ئەگەر ژمارەی دانیشتوانی عیراق بەگوێرەی خەمڵاندن لە ساڵی 2024 دا بەراورد بكەین بە ژمارەی خەمڵێنراوی دانیشتوانی عیراق لە ساڵی 2025دا، ئەوا ژمارەی رەهای زیادبوو لەنێوان 2024 تا 2025 دەگاتە (1,105,700 كەس).
هەروەها بە گوێرەی هەمان خەمڵاندنی دەزگای ناوەندی ئاماری عیراق، ژمارەی دانیشتوان لە عیراقدا لە ساڵی 2030دا دەگاتە (51,211,700 كەس)، واتە لەماوەی نێوان ساڵی 2024 تا 2030 بڕی رەهای ژمارەی دانیشتوانی زیادبوو دەگاتە (6,794,900 كەس).
ئەوەی لەو خەمڵاندنەی فەرمانگەی ناوەندی عیراقەوە بەدەردەكەوێت بریتییە، لە لێدانی زەنگێكی مەترسیدار كە خۆی لە زیادبوونی دانیشتوان دەبینێتەوە كە ساڵانە لە (ملیۆن كەس) تێدەپەڕێت و لە ناوەڕاستی ئەمساڵیشدا 2024 ئەوە راگەیەندرا، كە تەنیا ژمارەی دانیشتوانی پارێزگای بەغدای پایتەخت (8 ملیۆن كەس)ی تێپەڕاندووە، ئەوەی لێرەدا جێگای هەڵوێستەیە ئەوەیە كە لە سەرژمێرییە ئەزموونییەكەی 31/5/2024 دا دەركەوت كە بچووكترین قەبارەی خێزان لە هەرێمی كوردستاندایە واتە دانیشتوانی هەرێمی كوردستان رێژەی زیادبوونیان كەمترە بە بەراورد بە پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشووری عیراق.

سەرچاوەكان:
1. صلاح الدين نامق، التضخم السكاني و التنمية الاقتصادية في الجمهورية العربية المتحدة، دار المعارف، 1966،ص 12.
2. عبد علي حسن الخفاف و عبد مخور الريحاني، جغرافية السكان، جامعة البصرة، مطبعة جامعة البصرة، البصرة، 1986، ص52.
3. طه باقر، مقدمة في تأريخ الحضارات، الجزء 2، بغداد، 1962، ص359.
4. د. عبد علي الخفاف، سكان الوطن العربي خلال القرن العشرين، دار الشؤون الثقافية العامة، بغداد،1999، ص10.
5. John I. Clarke, Population Geography, pergamon,London,1969,p8.
6. عبدالحسين زيني، الاحصاء الديموغرافي، جامعة بغداد، 1969، ص13.
7. د. عبدالحسين زيني و د. عبدالحليم القيسي و د. رفيق العلي، الاحصاء السكاني، جامعة بغداد، ط1، بغداد، 1980، ص 10-11.
8. عباس فاضل السعدي، محافظة بغداد (دراسة في جغرافية السكان، مطبعة الازهر، ط1،بغداد، 1976،ص17.
9. عبدالله محمد محمود، تقييم و تنقيح بيانات السكان مع التطبيق على محافظة القليوبية بجمهورية مصر العربية لعام 2006، رسالة ماجستير في (الاحصاء التطبيقي، كلية التجارة جامعة بنها 2009,ص5.
10. بڕوانە:
أ‌. د. طه حمادي الحديثي، جغرافية السكان، مطبعة جامعة الموصل، الطبعة الثانية،2011، ص25-29.
ب‌. عبدالحسين زيني، الاحصاء السكاني، دار الحرية للطباعة، بغداد، المطبعة الثانية، 1974، ص35-40.
ج. د. عبدالحسين زيني و د. رفيق العلي، طرائق التعداد،مطبعة جامعة بغداد، بغداد، 1982، ص9. تا 11
11. د. جەزا تۆفيق تاليب و عطا حمەلاو حمە يوسف، شاري سلێمانی لە سەرژمێرييە فەرميیەكانی دانيشتواندا، گۆڤاری زانكۆی سلێمانی بەشی (B)، ژمارەی تايبەت بە چوارەمين كۆنفرانسی نێودەوڵەتی كۆلێژی زانستە مرۆڤايەتييەكان، 2018، ل11.
12. د. محمد سليمان حسن، دراسات في الاقتصاد العراقي، دار الطليعة، بيروت، ط1، 1966، ص164.
13. فاضل الانصاري، سكان العراق (دراسة ديموغرافية- جغرافية مقارنة)، دمشق، ط1، 1970، ص38.
14. بڕوانە:
أ‌. د. عبدالحسين زيني و د. عبدالحليم القيسي، مصدر سابق، ص58.
ب‌. عبد علي حسن الخفاف و عبد مخور الريحاني، مصدر سابق، ص81-82.
15. د.احمد نجم الدين، جغرافية سكان العراق، جامعة بغداد كلية الاداب، مطبعة جامعة بغداد، 1982،ص9.
16. عبد علي حسن الخفاف و عبد مخور الريحاني، مصدر سابق، ص83.
17. وزارة الداخلية، مديرية النفوس العامة، المجموعة الاحصائية لتسجيل عام 1957 لآلوية الموصل و اربيل و كركوك و السليمانية و ديالى و المجاميع عن القطر العراقي، دار التضامن للتجارة و الطباعة و النشر، بغداد، 1961، الجداول رقم (8).
18. جەزا تۆفيق تاليب، بايەخی جيۆپۆلتيكی دانيشتوانی هەرێمی كوردستانی عيراق، چاپی يەكەم، 1999، ل43.
19. وزارة التخطيط، الجهاز المركزي لللاحصاء، نتائج التعدادات العان للسكان لسنة 1965، لمحافظات الموصل و اربيل و السليمانية و كركوك و ديالى و العراق، الجداول رقم (1).
20. د. عباس فاضل السعدي، جغرافية العراق، مطبعة دار الجامعية، بغداد، 2008، ص310.
21. وزارة التخطيط، الجهاز المركزي للاحصاء السكاني، نتائج التعداد العام للسكان لسنة 1977، لمحافظات دهوك و نينوى و اربيل و تأميم و صلاح الدين و ديالى و لكافة انحاء العراق، مطبعة الجهاز المركزي للاحصاء بغداد، 1987، الجداول رقم (22).
22. وزارة التخطيط، الجهاز المركزي للاحصاء، مديرية الاحصاء السكاني، نتائج التعداد العام للسكان لسنة 1987، لمحافظات دهوك و نينوى و اربيل و التأميم و صلاح الدين و لكافة انحاء العراق، مطبعة الجهاز المركزي للاحصاء، بغداد، 1987، الجداول رقم (22).
23. جەزا تۆفيق تاليب، بايەخی جيۆپۆلتيكی دانيشتوانی هەرێمی كوردستانی عيراق، سەرچاوەی پێشوو، ل49.
24. جمهورية العراق، مجلس الوزراء، هيئة التخطيط، الجهاز المركزي للاحصاء، نتائج التعداد العام لسكان العراق 1997.
25. وزارة التخطيط، الجهاز المركزي للاحصاء، المؤشرات السكانية (تقديرات سكان العراق للفترة 2015-2030، 2013 ، بدون رقم الصفحة.
*پسپۆری جیۆسیاسی و ئاسایشی نەتەوەیی

بابەتە پەیوەندیدارەکان