رێگری لە هەناردەکردنی بەرهەمی کارگەکانی هەرێم دەکرێت

11:05 - 2024-08-08
ئابووری
447 جار خوێندراوەتەوە
#جموجۆڵی بازرگانی لە نێوان هەرێم و پارێزگاکانی دیکەی عیراقدا

زریان محەمەد

هەناردەکردنی کاڵاکان لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستانەوە و ئاراستە کردنیان بۆ پارێزگاکانی دیکەی عیراق رێگری لێدەکرێت و ئەوەش ئاستەنگی زۆری بۆ کارگە ناوخۆییەکان دروستکردووە

لە بازگەكانی نێوان هەرێمی کوردستان و عیراقدا رێگریی دەكرێت لە ناردنی بەرهەمی كارگەكانی هەرێمی كوردستان بۆ پارێزگاكانی ناوەڕاست و خوارووی عیراق، بە بیانوی نەبوونی مۆڵەت لە بەڕێوەبەرایەتییە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی عیراقەوە، ئەم رێكارەش كاریگەریی نەرێنی هەیە لەسەر كارگەكانی هەرێمی كوردستان كە ئێستا پشتیوانییەكی زۆر لە كەرتی پیشەسازیی دەكرێت لە عیراقدا، لە بازگە گومرگییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عیراقدا ئەو بەرهەمانەی لە هەرێمی كوردستانەوە دەڕوات، دووبارە گومرگییان بۆ دەكرێتەوە. 
بە نووسراوی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق دەبێت بەرهەمی ناوخۆی کارگەکانی هەرێمی کوردستان لە وەزارەتی پیشەسازیی عیراق تۆمار کرابێت، پاشان بۆی هەیە بەرهەمەکانی بۆ پارێزگاکانی عیراق هەناردە بکات.
ئەم رێكارانە ناڕەزایی بازرگانان و خاوەنكارگەكانی لێكەوتۆتەوە و داوای چارەسەركردنی بەپەلەدەكەن تا زیانی زۆریان بەرنەكەوێت و نەبێتە هۆی داخستنی كارگەكانیان و راوەستانی جوڵەی بازرگانی لە دەروازەكانی هەرێمی كوردستان.

هەڵوێستی ژووری بازرگانیی و پیشەسازیی سلێمانی 
نەوزاد غەفور، سەرۆکی ژووری بازرگانیی و پیشەسازیی سلێمانی، بە کوردستانی نوێی راگەیاند: بە پێی نوسراوێکی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق کە چەند رۆژێکە دەرچووە و تایبەتە بە رێگرییکردن لە بەرهەمی کارگەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، هەناردەکردنی کاڵاکان لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستانەوە و ئاراستە کردنیان بۆ پارێزگاکانی دیکەی عیراق رێگریی لێدەکرێت و ئەوەش ئاستەنگی زۆری بۆ کارگە ناوخۆییەکان دروستکردووە، چونکە بە پێی بڕیارەکە بەرهەمی هەموو کارگەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی دەبێت تەنها لە بازگەی چیمەن لە پارێزگای کەرکوکەوە بڕوات بۆ شارەکانی خوارووی عیراق، ئەمەش بۆ ناوچەکانی گەرمیان گرفتە. کارگە ناوخۆییەکان مۆڵەتی وەزارەتی بازرگانیی و پیشەسازیی هەرێمییان هەیە، بەڵام بە پێی بڕیارەکەی حکومەتی عیراق دەبێت کارگەکانی هەرێم مۆڵەت لە وەزارەتی پیشەسازیی عیراق وەربگرن کە ئەمەش میکانیزمێکی قورسە بۆ کارگەکانی هەرێم.

تەنیا دوو بازگە
راشیگەیاند: حکومەتی عیراق بۆ هەرێمی کوردستان دوو بازگەی داناوە بۆ دووبارە سەیرکردنەوەی ئەو کاڵایانەی لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمەوە دەچێتە ناوەوە و دەنێردرێت بۆ شارەکانی خوارووی عیراق، بازگەی باوە مەحمود لە خانەقین بۆ پارێزگای سلێمانی کە هەربارێک لەلایەن بازرگانان دەنێردرێت بۆ پارێزگاکانی خوارووی عیراق، دووبارە سەیردەکرێتەوە، ئەگەر لەگەڵ پێناسەی گومرگی عیراقدا یەکنەگرێتەوە، ئەوا تەواوکارییان بۆ دەکرێت و پارەی دیکەیان لێ وەردەگیرێت، ئەمەش ئاستەنگی دروستکردووە لەبەردەم کاری بازرگانیدا، بازگەی دووهەم بۆ پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک و زاخۆیە لە بازگەی ئەسەد لە نزیگ پارێزگای موسڵ.

ژوورى بازرگانیی کەرکوک داواى دانانەوەى بازگەى گومرگی لە نێوان پارێزگاى کەرکوک و پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان دەکات
بە پێی نوسراو ژمارە 2/1356 لە رێکەوتی 6/8/2024 کە لەلایەن ژووری بازرگانیی و پیشەسازیی کەرکوک دەرچوێندراوە، و کۆپییەکی لای کوردستانی نوێیە ئاماژە بەوە کراوە، بازگەیەکى گومرگیی لەسەر رێگای کەرکوک - هەولێر، بەدیاریکراوی لە نێوان ناحیەی پردێ و کەرکوک دابنرێت، تاوەکو باج لەو بارهەڵگرانە وەربگیرێت کە لە دەروازەى ئیبراهیم خەلیل هاتوونەتە خاکى عیراق و بە پارێزگاى کەرکوکدا دەچنە پارێزگاکانى ناوەڕاست و باشوورى عیراق. هەروەها بازگەى گومرگی لەسەر رێگای کەرکوک – سلێمانی، بە دیاریکراوی لە نێوان ناحیەی قەرەهەنجیر و کەرکوکدا دابنرێت، بۆ ئەوەى باج لەو بارهەڵگرانە وەربگیرێت کە لە دەروازەى باشماخەوە کەلوپەل لە دەهێننە خاکى عیراق و بە پارێزگاى کەرکوکدا دەیگوازنەوە.
نوسراوەکەی ژوورى بازرگانیی کەرکوک ئەوەشی تیادا هاتووە، مۆڵەتی شەش مانگ بدرێت بە خاوەنی کارگەکانی هەرێمی کوردستان تا خۆیان لە یەکێتیی پیشەسازیی عیراق تۆماربکەن.
نەوزاد غەفور، سەرۆکی ژووری بازرگانیی و پیشەسازیی سلێمانی لەسەر داواکاری ژورری بازرگانی کەرکوک دەڵێت: ئەو پێشنیازە بە پەسەند نازانین، دەروازەکانی هەرێمی کوردستان بەشیکن لە دەروازەکانی عیراق، هەموو ئەو کاڵا و کەلوپەلانەی لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستانەوە دێنە ناو هەرێمی کوردستان و لەوێشەوە بۆ شارەکانی عیراق دەچێت، ئێمە داوای لابردنی ئەو بازگانە دەکەین، چونکە دانانیان تەنها دروستکرنی ئاستەنگە بۆ بازرگانان و خاوەن کارگەکان.

پێویستە چارەسەر بکرێت
ژووری بازرگانیی و پیشەسازیی سلێمانی نووسراوی ئاراستەی یەکێتی پیشەسازیی عیراق و یەکێتی ژوورە بازرگانییەکانی عیراق و وەزارەتی بازرگانیی عیراق و وەزارەتی پیشەسازیی عیراق و بەشی یاسای و ئابووری ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێم کردووە، داوا دەكات چارەسەرێكی بەپەلە بۆ ئەم گرفتە بدۆزرێتەوە و حكومەتی هەرێمی كوردستان و عیراق بگەنە رێكەوتن.
بەپێی ئامارێکی ژووری بازرگانیی و پیشەسازیی سلێمانی 5347 کارگە لە پاریزگای سلێمانی مۆڵەتیان هەیە لەو رێژەیە 1200 کارگەیان گەورە و مامناوەندە و 4147 کارگەیان بچووک و پیشەیین، بەرهەمی ئەم کارگانە پیداویستی ناوخۆی هەرێم و عیراق پردەکەنەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان