هاوتاکردنى مووچە و پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران دەکەوێتە ساڵی داهاتوو

04:51 - 2024-08-14
کوردستان
217 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێکى ئەنجومەنى نوێنەرانى عیراق ئاشکرایدەکات، بەغدا بۆ ئەمساڵ تەنیا مووچە و بودجەى حاکیمە بۆ هەرێمی کوردستان خەرجدەکات و هاوتاکردنى مووچەى خانەنشینان و پلەبەرزکردنەوە و دامەزراندن بۆ ئەمساڵ جێبەجێناکرێت.
کاروان یاروەیس، ئەندامى ئەنجومەنى نوێنەرانى عیراق رایگەیاند، بەگوێرەى یاساى بودجەى 2024 عیراق هیچ بڕە پارەیەک بۆ هاوتاکردنى مووچەى خانەنشینان و پلەبەرزکردنەوەى فەرمانبەران و دامەزراندنى مامۆستایانى وانەبێژى هەرێمى کوردستان دیارینەکراوە، بەوهۆیەوە بەغداد ئامادە نییە پارەیان بۆ خەرجبکات و دەکەوێتە ساڵى داهاتوو.
وتیشى، بەگوێرەى وتەکانى وەزیرى نەوتى عیراق کە لە لیژنەى دارایى وتوویەتى، هەناردەى نەوت دەستپێناکاتەوە و کێشەیان لە گرێبەستە نەوتییەکان و خەرجى کۆمپانیاکانى نەوت هەیە و نابێت چاوەرێى ئەوەبین بۆ ئەمساڵ نەوتى هەرێم بەبۆرى بۆ دەرەوەى وڵات هەناردە بکرێت.
کاروان یاروەیس رایگەیاند، بەغدا ئامادە نییە هیچ گواستنەوەیەک لە بودجەدا بکات بۆ ئەوەى داواکارییەکانى هەرێمى کوردستان بۆ ئەمساڵ جێبەجێ بکرێت، تاکە رێگە ئەوەیە حکومەتى هەرێمى کوردستان لەگەڵ عیراق بگاتە رێکەوتن و لەئێستاوە دەست بەگفتوگۆ بکات تاوەکو بۆ ساڵى داهاتوو ئەو داواکارییانە لەخشتەى بودجەى 2025 جێگەى بکرێتەوە.

#مووچە‌

بابەتە پەیوەندیدارەکان