چاوپێكەوتن: ئالان محەمەد جەزا
د. خەبات محەمەد ئەحمەد مامۆستای زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی دەربارەی هۆكار و زیانەكانی پیسبوونی ژینگە بۆ كوردستانی نوێ وتی: كاتێك دەڵێین ژینگە، ئەو رەگەزانەی ژینگە دەگرێتەوە كە چواردەوری ئێمەی مرۆڤیان داوە، وەك ئاو، هەوا، خاك، هۆكاری سەرەكی و سەرچاوەی پیسبوونی ژینگەش مرۆڤ خۆیەتی، چونکە مرۆڤ بەهۆی سەرجەم كار و چالاكییەكانی رۆژانەیەوە هۆكارە بۆ پیسبوونی ژینگە .
* زیانەكانی پاڵاوگە نایاساییەكان لەسەر ژینگە، چییە؟
پێویستە بڵێین بەداخەوە لە بوونی پاڵاوگەی نایاسایی لە هەرێمی كوردستان، ئەگەر هەبێـت پێویستە بە هەنووكەیی كاری لەسەربكرێت یان دابخرێت یان بە یاساو رێسا و پەیڕەوكردنی تەكنۆلۆژیا، نوێبكرێتەوە و بگۆڕدرێت بۆ پاڵاوگەیەكی هاوچەرخی یاسایی كە تێیدا سوودی ئابووری هەبێت و ببێتە هۆكار بۆ رەخساندنی هەلی كار بۆ گەنجان و دەرچوانی زانكۆ، بەڵام بەداخەوە ئەم جۆرە پاڵاوگانە بوونەتە هۆكاری سەرەكی پیسبوونی ژینگە بە سەرجەم رەگەزەكانییەوە، وەک تێكەڵبوونی بە هەوا و تێكەڵبوونی پاشەڕۆكانی بە ئاو و خاك .
*باس لە پیسبوونی چەمی تانجەرۆ دەكرێت، زیانەكانی چین بۆ سەر ژینگە؟
گومانی تێدا نییە و لای زۆربەمان روونە بە بەرچاوی خۆمانەوە ئەم رووبارە بە بەردەوامی و لەسەرجەم وەرزەكاندا پیس دەبێت و ئەم پیسبوونە بە شێوازێكی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ كاریگەری هەیە لەسەر شاری سلێمانی و دەوروبەری و شارۆچكەی دەربەندیخان، لەكاتی تێپەڕبوونی ئەم رووبارە و گەیشتنی بە دەریاچەی دەربەندیخان چەندین ئاژەڵ و پەلەوەر بەم رووبارە ژەهراویی دەبن و لەكاتی تێكەڵبوونی بە دەریاچەكە ئاوەکەی ژەهراوی دەبێت و دەبێتە هۆی مردنی چەندین زیندەوەری ناو دەریاچەكە، وەك چۆن لە رابردوودا روویدا.
* رات چییە دەربارەی زیادبوونی ئۆتۆمبێل وەک هۆكارێک بۆ پیس بوونی ژینگە ؟
بێگومان زۆربوونی ژمارەی دانیشتوان و پێشكەوتنی تەكنۆلۆژیا بوونەتە هۆكار بۆ زیادبوونی خواست لەسەر ئۆتۆمبێل و زۆربوونی ژمارە ئۆتۆمبێلیش، زیاتر و زیاتر بەكارهێنانی جۆرەكانی سوتەمەنی وەك گاز - بەنزین – ئێڵ پی جی و سووتانی ئەم بڕە زۆرەی سوتەمەنی، دەبێتە هۆی زیادبوونی رێژەی دووەم ئۆكسید و یەكەم ئۆكسیدی كاربۆن و كەمبوونەوەی رێژەی ئۆكسجین، ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی گەرمبوونی گشتی.
هاوکات کاریگەریی دەبێت لەسەر ئەوەی پێیدەوترێت گڵۆباڵین وۆرمینگ واتا گەرمبوونی جیهانیی، چارەسەری ئەوەش كاركردنە بۆ دامەزراندنی گواستنەوەی گشتی مۆدرێن، وەك پاس و شەمەندەفەر و ترام و ..هتد.
*تا چەند كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان پابەندن بە یاسا و چەند بوونەتە هۆكاری پیس بوونی ژینگە؟
كارێكی زۆرباشە كۆمپانیا نێودەوڵەتییە نەوتییەكان لە هەرێمی كوردستان هەبن و كاربكەن و وەبەرهێنان بكەن لە بواری نەوت و گازدا، ببنە هۆكاری بوژاندنەوەی ئابووری هەرێمەكەمان، بەڵام بەداخەوە سووتاندن و دەرچوونی بڕێكی زۆری گاز لەكاتی بەرهەمهێنانی نەوتدا، راستەوخۆ تێكەڵ بە ژینگە و هەوا دەبن و دەبنە هۆكاری پیسبوونی ژینگە .
لەکاتێکدا دەتوانرێت سوود لەم گازە سوك و قورسانە وەربگیرێت بە بنیادنانی وێسگەی بەرهەمهێنانی كارەبا وەك ئەوەی ئێستا لە (كەلار– رزگاری) هەیە و دانانی فلتەر كارێكی باشە ئەگەر بکرێت بە ئیجباریی.
*چارەسەرەكانی پیسبوونی ژینگەی كوردستان چییە؟
چارەسەركردنی ژینگەی كوردستان پێویستی بەكاری پێكەوەیی و هەرەوەزی هەیە، تێیدا سەرجەم توێژەكانی كۆمەڵگە هاوبەش بن، حكومەتیش دەتوانێت رۆڵ و پێگەی خۆی هەبێت، بۆ نموونە دەتوانن هەر تاكێكی كۆمەڵگە هەوڵبدات كەمترین كات ئۆتۆمبێلە تایبەتەكەی بەكاربهێنێت، حكومەتیش كار بكات بۆ جێبەجێكردن و بنیادنانی گواستنەوەی گشتی مۆدرێن، بە سەرجەم شێوازەكان و هۆكارەكانییەوە و دانانی رێنمایی و رێسای نوێ و توندوتۆڵ بۆ سەرجەم كارگەو پاڵاوگەكان و كۆمپانیا بیانییە نێودەڵەتیەكان، لەگەڵ هەوڵ بدات وێستگەی وەبەرهەمهێنانی كارەبا بەو گازە بەرهەمبهێنێت کە لە كاتی بەرهەمهێنانی نەوتدا دروست دەبێت.
پرۆفایل
* د. خەبات محەمەد ئەحمەد
*مامۆستا لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی
*بەكالۆریۆسی جیۆلۆجی لە زانكۆی سلێمانی
*ماستەر لە ئەندازیاریی جیۆتەكنیكەڵ لە زانكۆی مانچستەر لە بەریتانیا
*دكتۆرا لە ئەندازیاری نەوت لە زانكۆی میشكۆڵس لە هەنگاریا