نرخی زێڕ بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە

زیو لەجیاتی زێڕ بۆ پێکهێنانی ژیانی هاوسەریی

09:10 - 2024-08-20
ڕاپۆرت
177 جار خوێندراوەتەوە
بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ بێ بازاڕی بۆ زێڕنگەران دروست کردووە

راپۆرتی/ ئەسرین محەمەد



داواکردنی رێژەیەکی زۆر لە زێڕ لەلایەن کچانەوە یەکێک بووە لە هۆکارەکانی کەمبوونەوەی ژنهێنان و شووکردن
کاوە حەوت مانگە لەگەڵ سەناریا دەستگیراندارن، دڵخۆشن بەوەی هەر زوو ئەو زێڕەی بڕیاریان لێدابوو کڕیویانە، لەبەرئەوەی رۆژانە نرخی زێڕ زیاتر گران دەبێت.
کاوە دەڵێت: ئێستا کە دەبینم رۆژانە نرخی زێڕ بەرز دەبێتەوە دەڵێم چاکم کرد پێش هەر شتێک زێڕم بۆ خاتوون کڕی.
کڕینی زێڕ یەکێکە لە پێویستییە نەرتییەکانی پێکهێنانی ژیانی هاوسەری لە زۆربەی وڵاتان و هەرێمی کوردستانیش، ئێستا کە نرخی زێڕ بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە، وەک گرفتێک باسی لێوە دەکرێت لەبەردەم کەمبوونەوەی ژنهێنان و شووکردندا.
وتەبێژی سەندیكای زێڕنگەران
بۆ   کوردستانی نوێ      : بەپێی راپۆرتی بانکە جیهانییەکان بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ چاوەڕوانکراو بوو و پێشبینی ناکرێت بە هەمیشەیی نرخی زێڕ دابەزێت


نرخی زێڕ لە بازاڕدا
لە ماوەی ئەمساڵدا بەردەوام نرخی زێڕ لە بەرزبوونەوەدا بووە، بەپێی زانیاریی سەندیکای زێڕنگەرانی کوردستان، نرخی مسقاڵی زێڕ لە هەرێمی کوردستان بەم شێوەیە:
مسقاڵێک زێڕی عەیار 24=600,000 دینار
مسقاڵێک زێڕی عەیار 22=550,000 دینار
مسقاڵێک زێڕی عەیار 21=525,000 دینار
مسقاڵێک زێڕی عەیار 18=450,000 دینار

گۆڕان و بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا پەیوەستە بە دوو هۆکار، بەرزبوونەوەی نرخی ئۆنسەی زێڕ لەسەر ئاستی جیهان و دابەزینی نرخی دینار بەرامبەر دۆلار لە بازاڕەکانی ناوخۆدا.
هەندرێن وەرتی وتەبێژی سەندیكای زێڕنگەرانی كوردستان دەڵێت: زێڕ کانزایەکی دەگمەنە و لەلایەن وڵاتانی وەک، هیندستان، چین و ئەمریکا داخوازی زۆری لەسەرە ئەوەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخەکەی لە جیهاندا، دۆخە گشتییەکە کاریگەریی لەسەر هەرێمی کوردستان دروست کردووە و بەردەوام نرخی لە بەرزبوونەوەدایە.
وتیشی، جگە لە زۆربوونی خواست، دابەزینی بەهای دۆلار لە جیهاندا هۆکارێکی دیکەیە بۆ بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ لە جیهاندا و ئەوەش کاریگەریی لەسەر کۆی دۆخەکە و دراوە ئەلیکترۆنییەکانیش دەبێت.

بێ بازاڕیی زێڕنگەران
زێڕ زیاتر لە ئیمارات و تورکیاوە دەهێنرێتە هەرێمی کوردستان و بە وتەی وتەبێژی سەندیكای زێڕنگەرانی كوردستان هیچ داتایەکیشمان نییە لەسەر قەبارەی هێنانی زێڕ.
کاوە عەلی زێڕنگەرێکە لە بازاڕی سلێمانی دەڵێت: چەند ساڵێکە بەهۆی قەیرانی دارایی و پێنەدانی مووچە لەکاتی خۆیدا بازاڕمان سست بوو، ئێستا بەرزبوونەوەی نرخەکەشی وایکردووە زیاتر بازاڕمان لاواز بێت.
 وتیشی: زۆرینەی هاووڵاتیان بۆ فرۆشتنی زێڕ روومان تێدەکەن، ئەو کەسانەی بۆ کڕین دێن زیاتر ئەو کوڕ و کچانەن کە تازە ژیانی هاوسەریی پێکدەهێنن و ئەوانیش لەچاو ساڵانی رابردوودا رێژەی کڕینیان کەم کردووەتەوە، بەشێوەیەک کڕینی زێڕ بووەتە شتێکی رەمزی.
لە ماوەی رابردوودا لەکاتی پێکهێنانی پرۆسەی هاوسەریی، داواکردنی رێژەیەکی زۆر لە زێڕ لەلایەن کچانەوە یەکێک بووە لە هۆکارەکانی کەمبوونەوەی ژنهێنان و شووکردن لە هەرێم.
وتەبێژی سەندیكای زێڕنگەرانی كوردستان دەڵێت: بازاڕی زێڕنگەران لە گرانی و هەرزانیشدا بە رێژەیەک هەر هەیە، بەڵام  لە ماوەی رابردوودا خراپی دۆخی ئابووری کاریگەریی هەبووە لەسەر کەمبوونەوەی فرۆشی زێڕ، گرانبوونی نرخەکەشی زیاتر کاریگەریی دەبێت.
وتیشی: بەپێی راپۆرتی بانکە جیهانییە گەورەکان، بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ چاوەڕوانکراو بوو، رەنگە بەشێوەیەکی کورت مەودا نرخی زێڕ دابەزێت، بەڵام پێشبینی ناکرێت بە هەمیشەیی نرخی زێڕ دابەزێت و بەردەوام روو لە زیادبوونە.

زێڕ و خۆشبەختی

زێڕ جگە لەوەی خانمان بۆ جوانکاری بەکاریدەهێنن، هەندێکیان لەجیاتی پارە بۆ رۆژی تەنگانە هەڵیدەگرن و لەکاتی پێداویستیدا بەخێرایی دەست بۆ فرۆشتنی دەبرێت.
سۆزان کەمال توێژەری کۆمەڵایەتی دەڵێت: بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ بەم رێژە زۆرە، بارگرانییەکی زۆری دروست کردووە بۆ گەنجان، بۆیە پێویستە لەسەر گەنجان خۆشەویستی و رێز بکەنە بنەمای سەرەکی پێکهێنانی ژیانی نوێیان و واز لە داواکردن و کڕینی زێڕی زۆر بهێنن.
وتیشی: پێویستە گەنجان و بەتایبەت کچان هۆشیاربن لەوەی کڕینی زێڕی زۆر خۆشبەختییان بۆ ناهێنێت، بەتایبەت لەم دۆخەدا کە بەردەوام نرخی لە بەرزبوونەوەدایە، ناکرێت بیکەنە گرفت لەبەردەم پێکهێنانی ژیانی هاوسەریی.
سەنار کامەران مانگێکە ژنی مارە کردووە، هێشتا زێڕی بۆ دەستگیرانەکەی نەکڕیوە و دەڵێت: دەستگیرانەکەم لەکاتی داواکردنی زێڕ ئەوەی لەبەرچاو گرت کە بەردەوام نرخی لە بەرزبوونەوەدایە و تەنها داوای 10 مسقاڵ ئاڵتوونی کرد.
وتیشی: لەگەڵ ئەوەی بڕەکەی کەمە، بەڵام بەردەوام چاوم لەسەر نرخی زێڕە چاوەڕوانم کەمێک دابەزێت پاشان بیکڕم، هەرچەندە رۆژ بە رۆژ نرخەکەی زیاتر بەرزدەبێتەوە و دۆخەکە بە دڵی من نییە.
توێژەرێکی کۆمەڵایەتی پێشنیازی کڕینی زیو دەکات لەکاتی پێکهێنانی ژیانی هاوسەریی لە جیاتی زێڕ.
سۆزان کەمال ئاماژەی بەوەکرد: دەکرێت هەڵمەتێكی هۆشیاریی رابگەیەنرێت و لەم دۆخی بەردەوام بەرزبوونەوەی نرخی زێڕدا، وەک ئاسانکارییەک زیو بکرێتە بژاردەی سەرەکی ئەو کچ و کوڕە گەنجەکانەی دەیانەوێت شوو بکەن و ژن بهێنن.

#راپۆرت

بابەتە پەیوەندیدارەکان