داستانی بانی مەقان، سەرگوزشتەی گەلێكی قارەمان

09:29 - 2024-08-20
کوردستان
402 جار خوێندراوەتەوە

خوێندنەوەی: ئەرشەد تەحسین

 (داستانی بانی مەقان)، كتێبێكی نوێیە، نووسینی (سەروەر ئەحمەد كەریم)ە، لە دووتوێی 282 لاپەڕەدا چاپ و بڵاوكراوەتەوە، سەرباری تەرخانكردنی بەشێك بۆ پاشكۆ و وێنەی دەستنووس، لەدوو بەشی سەرەكی پێكهاتووە، بەشی هەرەزۆری كتێبەكە تەرخانكراوە بۆ گێڕانەوەی مێژوویی هۆزی هەمەوەند و چۆنیەتی بڵاوبوونەوەی هۆزەكە و گەڕانەوە  بۆ سەرەتاكانی سەدەی رابردوو، كاروخەباتی كەریم بەگی هەمەوەند و سابیری كوڕی و تێكۆشانیان لەپێناو مافەڕەواكانی گەلەكەمان، رۆڵ و كاریگەرییان لەشۆڕشی شێخ مەحمودی حەفید و قوربانیدانی  هۆزی هەمەوەند. بەشێكیتری كتێبەكە تەرخانكراوە بۆ هۆنراوەكانی سابیربەگی هەمەوەند كە بەهۆنراوە داستان و بەرخودانەكانی ئەو سەردەمەی هۆنیوەتەوە.
نووسەر لەسەرتاوە تیشكی خستووەتە سەر رەچەڵەكی هەمەوەند و چۆنیەتی پەیدابوون و بڵاوبوونەوەیان، روونیدەكاتەوە ئەم هۆزە سێ سەد ساڵ لەمەوبەر چۆن پەیدابوون و بەناوچەكانی كوردستاندا بڵاوبوونەتەوە و گەشەیانكردووە و تیرە و هۆزیتریان لێ پەیدابووە، هەروەها رۆڵ و جێدەستیان لەدوانزە سوارەی مەریوانەوە تا سەرجەم شۆڕ و راپەڕینەكانی  دواتر باسدەكات، سەرباری ئەوەی سوارچاك و جەنگاوەری ئازا و قارەمانیان تێداهەڵكەوتووە، لەبوارەكانی كشتوكاڵی و ئاژەڵداریی و پیشەسازی درووستكردنی «رم و شیر و قەڵغان و  چەك»دا ئەسپی خۆیان تاوداوە و بەرگرییان لەموڵك و ماڵ و ناوچەكانیان كردووە، لەبواری خوێندەواریی و ئەدەبیاتیشدا دەستی باڵایان هەبووە و شوێن دەستیان بەئاسمانی ئەدەبیات و نووسیندا دەدرەوشێتەوە.
نووسەر بەپشت بەستن بەچەندین بەڵگە باس لەوەدەكات كە هۆزی هەمەوەند سەرەتا بەدیالێكتی گۆران قسەیان كردووە، هەروەها بەگەڕانەوە بۆ هۆنراوەكانی فەقێ قادری هەمەوەندی و سابیر بەگ كە بەدیالێكتی گۆران هۆنیویانەتەوە، ئەوە دەسەلمێت ئەو شێوەزارە زمانی ئاخاوتنی ئەوكاتی هۆزی هەمەوەند بووە، لەوەش زیاتر نووسەر بەپشت بەستن بەسەرچاوەكانی مێجەرسۆن و ئیدمۆندس دەگەڕێتەوە بۆ ئەو راستیەی زمانی ئاخاوتنی ئەوكاتی هۆزی هەمەوەند جیاوازبووە لەم زمانی ئاخاوتنەی ئەمڕۆ قسەی پێدەكەن، رەنگە بەهۆی ئەوەی لە»كرماشانەوە» كۆچیان كردووە بۆ «هەورامان و پاوە و نەوسوود» و دواتریش بۆتەواوی ناوچەكانی كوردستان، ئەو دیالێكتەیان لەگەڵ خۆیان گواستووەتەوە.
كاتێك ئەم كتێبە دەخوێنینەوە بۆمان دەردەكەوێت راگواستنی كورد لەزێدی خۆی لەهەموو قۆناغەمێژووییەكاندا بوونی هەبووە، هەمووكات فەرمانڕەوایانی كوردستان سەرباری داگیركردنی خاك و نیشتیمان، هەمیشە بیریان لەراگواستنی دانیشتوانەكەشی كردووەتەوە، نەبا دژی داگیركردن و ژێردەستەیی شۆڕش بكەن و داوای مافەڕەواكانیان بكەن، لەقۆناغی پێش یەكەمین جەنگی جیهانیی بەشێكی زۆری هۆزی هەمەوەند لەسەدەی هەژدەی زایینی بۆ تەرابلوسی رۆژئاوا و بۆ شاری بەنغازی گواستراونەتەوە، تەنیا لەبەرئەوەی كوردبوون و بەزمانی كوردی قسەیان كردووە، (هەركەسێك لەسەردەمی داگیركاری عوسمانیەكاندا بەوشێوەی فەقێ‌ قادر بەزوبانی كوردی قسەی كردبێت بۆ تەرابلوسی رۆژئاوا دوریان دەخستەوە). ماوەتەوە بڵێین: ئەم كتێبە زۆر لایەنیتری مێژوویی باسكردووە كە گرنگی و تایبەتمەندی خۆیان هەیە بۆ رۆژگاری ئەمڕۆ، چ بۆ ئەوەی ببنە وانەیەك بۆ داهاتوو چ بۆ ئەوەی ببنەمایەی زیاتر دەوڵەمەندكردنی خەرمانی زانیاریمان لەبارەی رابردوومانەوە، بۆیە كتێبێكە شایستەی خوێندنەوە و دەست خۆشییە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان