دەوڵەتی یاسا قسەی هەیە

توركیا و پرسی سەروەریی خاكی عیراق

10:27 - 2024-08-21
ڕاپۆرت
355 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی/ ئیدریس جەبار 


پێویستە ئەنجوومەنی نوێنەران کۆببێتەوە و تاوتوێی پێشێلکارییەکان بکات

هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا دژ بە پێشێلكردنی سەروەریی خاكی عیراقە لەلایەن توركیا و بەپێویستی دەزانێت ئەنقەرە ئەو پێشێلكارییانە رابگرێت، سەركردەیەكی هاوپەیمانییەكەش كە لەلایەن نوری مالیكییەوە سەركردایەتی دەكرێت، جەخت لەسەر هەڵوێستی هاوپەیمانییەكە دەكاتەوە كە دژ بە هەموو پێشێلكارییەكی سەروەریی خاكی  عیراق دەوەستێتەوە و حكومەتیش هاندەدات لەو رووەوە هەڵوێستی یەكلاكەرەوە بنوێنێت. 

 

بوونی هێزەكانی توركیا لەسەر خاكی عیراق نایاساییە
سەعد موتەڵیبی، سەركردە لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لەو بارەیەوە تایبەت بە (كوردستانی نوێ‌)ی راگەیاند: «وەك چەمكێكی گشتی، بۆ سەروەریی عیراق، بەدڵنیاییەوە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بەوپەڕی هێز و توانایەوە لەگەڵ سەروەریی تەواوەتی دەوڵەتی عیراق و لەگەڵ پاراستنی هەموو بستە خاكێكی عیراقە كە ئاڵای عیراقی تێدا هەڵدەكرێت كە بە دڵنیاییەوە خاكی هەرێمی كوردستانیش لەو چوارچێوەیەدایە، بوونی هێزەكانی توركیا لەسەر خاكی عیراق نایاساییە، بەو پێیەی لەئێستاشدا هیچ رێككەوتنێك لەنێوان ئەنقەرە و بەغدا لەو بارەیەوە نییە كە رێگە بە هێزەكانی توركیا بدات بێنە نێو خاكی عیراقەوە، وێڕای دەستدرێژیكردنی سەربەخۆ بۆسەر ناوچەكانی عیراق و هاووڵاتیانی عیراقی، بابەتی پارتی كرێكارانی كوردستانیش (پەكەكە) بابەتێكی سیاسییە و پێویستە بە شێوازیی سیاسی چارەسەر بكرێت، دوور لە توندوتیژی و هەڕەشە كە ببێتە مایەی هەڕەشە بۆسەر ئاسایشی هاووڵاتیانی عیراقی، ئەم مەسەلەیەش پەیوەستە بە دەستووری عیراقییەوە و ئەمە راوبۆچوونی سیاسی تایبەتی خۆم نییە و  رای گشتی هەموو گەلی عیراقە و لە دەستووری عیراقدا هاتووە». 
بە بۆچوونی سەعد موتەڵیبی: «حكومەتی عیراق دەبێت رێگە بە رێكخراوێكی سیاسی نەدات كە چەك بۆ مەبەستی هەڕەشەكردن لە وڵاتانی دراوسێ‌ بەكاردەهێنێت، بە هەمان شێوەی ئەوەی كە دژ بە بوونی هێزە بیانییەكانیشە لەسەر خاكی وڵاتەكەی، وێڕای ئەوەی دژ بە بەكارهێنانی چەكە بۆ هەڕەشەكردن لە وڵاتانی دراوسێ‌، بە دڵنیاییەوە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاساش لەگەڵ هەموو ئەو هێزانەدایە كە داوا دەكەن تەواوی هێزە بیانییەكان لەسەر خاكی عیراق نەمێنن و بچنە دەرەوە، نەك بە تەنیا هێزەكانی توركیا و هێزەكانی ئەمریكا». 

 

سەعد موتەڵیبی :
بوونی هێزەكانی توركیا لەسەر خاكی عیراق نایاساییە، لەبەرئەوەی هیچ رێككەوتنێك لەنێوان ئەنقەرە و بەغدا لەو بارەیەوە نییە

پێویستە ئەنجوومەنی نوێنەران بڕیار بدات 
ئەو سەركردەیەی دەوڵەتی یاسا، بەپێویستی دەزانێت: «ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق كۆببێتەوە و بابەتی پێشلكارییەكانی توركیا بۆسەر سەروەریی خاكی عیراق تاوتوێ‌ بكات و كۆمەڵێك بڕیار و راگەیەندراو دەربكات و حكومەت پابەند بكات، هەنگاوی گونجاو هەڵبنێت، بۆ پاراستن و بەرگریكردن  لە خاك و بەرژەوەندییەكانی وڵات و هاووڵاتیانی عیراق» و موتەڵیبی لەو رووەوە بۆ (كوردستانی نوێ‌) وتی: «ئاشكرایە لای هەموان، حكومەت بەدوور لە ئەنجوومەنی نوێنەران نەوەستاوە و كارەكانی لەچوارچێوەی دەزگای راپەڕاندندایە، ئەنجوومەنی نوێنەران خاوەنی بڕیاریی كۆتاییە و حكومەتیش تەنیا وەك دەزگای راپەڕاندنی بڕیاری سیاسی عیراقی كارەكان رایی دەكات، بۆیە زۆر پێویستە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق كۆببێتەوە و بڕیاریی گونجاو دەربكات و حكومەت پابەند بكات بەو بڕیارە سیاسییانەی كە پێویستە بدرێن بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانی عیراق». 

 

هەرێم كەمال ئاغا:
حكومەتی عیراق بڕیاریدا ئەوەی پەیوەندیی بە رێكخراوی (پەكەكە)وە هەبێت، كارەكانی قەدەغە بكرێت


عیراق پێویستی بە رێككەوتنە 

هەر لەو چوارچێوەیەدا، هەرێم كەمال ئاغا سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق، بە (كوردستانی نوێ‌)ی راگەیاند: «سەبارەت بە رێككەوتنی ستراتیژی، عیراق لەئێستادا لە توركیا زیاتر پێویستی بە رێككەوتنێكی لەو جۆرەیە، چونكە هەر عیراقە ئۆپەراسیۆنی سەربازی لەسەر خاكەكەی دەكرێت و سەروەرییەكەی پێشێل دەكرێت، هەر عیراقە رۆژانە ناوچەكانی لەلایەن هێزەكانی توركیاوە بۆردومان دەكرێت، ئەمانە وایانكردووە هەر عیراق زیاتر پێویستی بەو رێككەوتنە بێت، بەو پێیەی بەردەوام پرۆسە سەربازییەكانی دەوڵەتی توركیا لەسەر خاكی عیراق لە زیادبووندان». 
بە وتەی هەرێم كەمال ئاغا: «بۆ رێخۆشكردن بۆ پاشەكشەكردنی هێزەكانی توركیا لەسەر خاكی عیراق، پێویستە رێككەوتنەكە بكرێت، باشتریش لەوە ئەگەر بكرێت، هاوشێوەی مامەڵە بێت لەگەڵ هێزەكانی ئۆپۆزسیۆنی كوردی ئێران كە گوێڕایەڵی حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ بوون و رەچاوی رەوشی هەرێمی كوردستانیان كرد، بارەگاكانیان لە سنووری ئێران و عیراق كشاندەوە، تا ئێران زیاتر گوشار نەكات، بۆیە بیر لەوەش دەكرێتەوە لەگەڵ (پەكەكە)ش كارێكی وابكرێت، لەبەر ئەوە پێویستە پارتی كرێكارانی كوردستانیش هەمان رێڕەو بگرێتەبەر و رەچاوی ئەوە بكات، كە هەوڵێكی دەستەجەمعی هەیە شەڕی لەدژ بەرپابكرێت، ئەمەش ئەگەر رووبدات هەر كورد زیانی پێدەگات و خاكی كوردستان دەسوتێنرێت، پێویستە لەئێستادا كار بۆ ئەوە بكرێت، هێزەكانی سوپای توركیا لەسەر خاكی هەرێمی كوردستان بكشێنەوە و لایەنەكەی تر رەچاوی ئەم قۆناغەی ئێستا و جێبەجێكردنی دەستووری عیراق بكات، لەكاتێكدا حكومەتی عیراق بڕیاریدا ئەوەی پەیوەندیی بە رێكخراوی (پەكەكە)وە هەبێت، كارەكانی قەدەغە بكرێت، بۆیە پێویستە ئەوانیش لەم رەوشە تێبگەن و چی دی زیان بە خۆیان و خەڵكی كوردستان نەگەیەنن». 

بابەتە پەیوەندیدارەکان