خەرجییەکانمان لەکاتی دواکەوتنی مووچەدا

10:17 - 2024-08-26
ئابووری
254 جار خوێندراوەتەوە
پێویستە هاووڵاتییان لە کاتی بازاڕکردن و کڕینی شمەکدا هۆشیارانە رەفتار بکەن

ئا: سەرکۆ یونس

 

شارەزایانی ئابووری باس لە هۆشیاریی بەکاربردن دەکەن

بارودۆخی خراپی ئابووری و دارایی و دواکەوتنی مووچە، هەندێک دەرئەنجامی جیاواز لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی و بەکاربردن بەجێدەهێڵێت، هەندێک تاک و خێزان، کار بۆ گۆڕینی هەڵسوکەوت و رەفتاریان دەکەن، تا بگونجێت لەگەڵ بارودۆخی ئێستادا.
بێگومان، نەبوون و دواکەوتنی مووچە و نەبوونی بودجە بۆ پڕۆژەکان، بێبازاڕی لەلایەک و هەڵاوسان لەلایەکی دیکەوە، بێکاری و نەبوونی هەلی کار و کەمبوونەوەی داهاتی تاکەکەس، هەموو ئەمانە دەخوازن، تاک و خێزان و کۆمەڵگا بە شێوەیەکی گشتی هەڵسوکەوت و رەفتاری بەکاربردنیان بگۆڕن و خەرجییەکانیان بگونجێنن لەگەڵ داهاتە سنووردارەکەیاندا. بۆ ئەم مەبەستە دەپرسین، چی بکرێت بۆ ئەوەی هاوسەنگییەک لەنێوان داهات و خەرجییەکانمان دروست بکەین، هەروەها چۆن خۆمان بگونجێنین لەگەڵ بارودۆخی خراپی دارایی و دواکەوتنی مووچەدا؟

هۆشیارییەکی واقعیانە
هەوار عوسمان، پیشەی مامۆستا، پێیوایە، پێویستە خێزانەکان خۆیان بگونجێنن لەگەڵ بارودۆخەکەدا، ئەویش بە هۆشیارییەکی واقعیانە، بۆئەوەی بەو داهاتەی کە وەک مووچە وەریدەگرن، بتوانن پێویستییەکانیان پڕبکەنەوە، بۆ نموونە وازهێنان لە خەرجییە ناپێویستەکانی وەک شمەک و کاڵای جوانکاری، جلوبەرگی نوێ و گۆڕینی کەلوپەلی ناوماڵ، وازهێنان لە گەشت و سەیرانی بەردەوام بەتایبەتی گەشتی دەرەوە. هەوار عوسمان، زیاتر جەخت لەسەر پڕکردنەوەی پێویستییە هەنوکەییەکان دەکاتەوە وەک خواردن و خواردەمەنی.
رێبوار کەریم، فەرمانبەر: پێویستە خێزانەکان بەوپەڕی هۆشیارییەوە پێداویستییەکانیان دابین بکەن، بەشێوەیەک پلەبەندی و ئەولەوییەت بدرێت بە پێویستییە گرنگەکان، بابەتەکانی جوانکاری و گەشت و سەیران کەمبکرێتەوە، تەنانەت هاتوچۆکردنی بازاڕ ئەگەر پێویست نەبێت نەکرێت، چونکە هەموو چوونەبازاڕێک بەبێ بەرنامە، بێگومان خەرجی ناپێویستی بەدوادا دێت، کە کاریگەریی لەسەر داهاتی خێزانەکە دەکات، هەروەها ئەو جەخت لەسەر وازهێنان لە چاولێکەری و کێبرکێی خێزانەکان دەکاتەوە، بەتایبەتی لە بابەتی نانخواردنی دەرەوە لە چێشتخانە و رێستورانتە گرانبەهاکان.

ژنان دەتوانن بارگرانی سەرشانی هاوسەرەکانیان کەمبکەنەوە
ژیان محەمەد، کابانی ماڵ، پێیوایە هۆشیاری ئابووری لە بارودۆخی بێمووچەییدا، بەشێکی زۆری لە ئەستۆی ژنی ماڵەوەیە، بەو پێیەی بەڕێوەبردنی ماڵ و بەخێوکردنی منداڵەکانی لەسەرشانە، ژنان دەتوانن بارگرانی سەرشانی هاوسەرەکانیان کەمبکەنەوە ئەویش بە دەستپێوەگرتن لە زۆربەی بابەتەکانی خۆراک و پێداویستییەکانی ماڵەوەیاندا. ژیان محەمەد دەڵێ: لەم بارودۆخانەدا پێویستە بابەتەکانی سەر خوانی رۆژانەی خێزانەکەی کەمتر بکاتەوە و دوور بکەوێتەوە لە فرەچەشنی، هەروەها لەم بارودۆخانەدا بابەتی دیاری و پۆیلانەی منداڵان دوابخرێت تا کاتێک پارەی دەستدەکەوێت. هەروەها دەتوانرێت ئەو شمەک و کاڵایانە بکڕدرێت کە هاوشێوە و جێگرەوەن، نرخەکانیان جیاوازیان هەیە و هەرزانترە، پێویستە لەم کاتانەدا بەدوای کەمترین نرخدا بگەڕێین.
هاوكات توانا جەلال، مووچەخۆری حکومی، جەخت لەوە دەكاتەوە، پێویستە تاك و خێزانەكان، رێكخستنی داهاتەكانیان بەشێوەیەك بكەن كە بتوانن لەبارودۆخی بێ‌مووچەیی و قەیراندا، بەبێ‌ كێشە پێویستییەكانیان پربكەنەوە، بۆئەوەی تووشی قەرز و قەرزکاریی نەبن، ئەو پێیوایە پێویستە ئەگەر بە شێوەیەكی سادەش بێت، پلانی بەكاربردنمان هەبێت.

پارە خەرجکردن بە شێوەی هەڕەمەکی 
لە كاتێكدا، بێستون قادر، خاوەنی سوپەرمارکێت، پێیوایە، ئەم بارودۆخە نالەبارە، خواست و داواکاری بەکاربەرانی بە شێوەیەکی تەواو گۆڕیوە، لە هەمانکاتدا، قەبارەی فرۆشریان رۆژ لەدوای بەرەو کەمبوونەوە دەچێت، ئەو وەک خاوەن مارکێتێک دەڵێ: فرۆشراوەکانمان زیاتر شمەکە پێویستییەکانی رۆژانەی خێزانەکانە، ئەویش بەڕێژەی کەم. ئەو پێیوایە، بەشێکی زۆری خێزانەکان، هۆشیاری ئابووریان نییە و بە شێوەی هەڕەمەکی پارە خەرج دەکەن، لەکاتی بوونی پارەدا بە لێشاو و بێپلان شمەک و کاڵا دەکڕن، بەبێ رەچاوکردنی پلەبەندیی پێویستییەکانیان، زیادەخەرجی لەکاتی هەبوونی پارەدا، دەردێکی کوشندەی داهاتی خێزانەکانە. ئەو پێیوایە، هۆشیاری ئابووری، پرۆسەیەکی بەردەوامە و پێویستە لە پەیڕەو و پرۆگرامی قۆناغەکانی خوێندندا هەبێت.
سەنگەر عەزیز، خاوەنی نووسینگەی وەرگرتنی ڤیزە و تکتی فڕۆکە، پێیوایە، دواکەوتنی مووچە و ترس لە ئاییندەی مووچە، تەنها کاریگەریی لەسەر شمەک و کاڵای رۆژانە نەکردووە، بەڵکو کاریگەریی گەورەی کردۆتە سەر خواستی مووچەخۆران بۆ گەشتی دەرەوەی هەرێم، بە شێوەیەک ئاستی داواکردنی ڤیزە و تکتی فڕۆکە زۆر کەمی کردووە، سەرەڕای ئەوەی کە لە ناوەڕاستی وەرزی گەشتوگوزارداین.

نانخواردن لە ماڵەوە
لەم بارەیەوە، د. ئەیوب سماقەیی، پسپۆڕی ئابووری و مامۆستای زانکۆ، پێیوایە: لە بارودۆخی خراپی ئابووری و دواکەوتنی مووچەدا، تاک و خێزانەکان، ناچارن خەرجییەکانیان کەمبکەنەوە و هەروەها پێویستە زۆرێک لە رەفتار و هەڵسوکەوتیان بگۆڕن، وەک ئەوەی ناچارن شتومەکی جوانکاری و بۆنی خۆش وازلێبهێنن، ناچارن گەشت نەکەن، هەروەها جلوبەرگی نوێ نەکڕن و هەوڵبدەن زۆرترین نانخواردنەکانیان لەماڵەوە بێت، خوانی سادە و کەمخەرجی بێت. بە شێوەیەکی گشتی هەموو لێگرتنەوەیەک دەبێت بکرێت بۆ ئەوەی هاوسەنگی و گونجاندن دروست بکرێت لەنێوان ئەو داهاتەی دەستیان دەکەوێت لەگەڵ خەرجی و پێویستییەکانیاندا. هەروەها پێیوایە، هەتا بارودۆخی مووچە بەم شێوەیە بێت، خەرجییەکانی تاک و خێزان کەمدەبنەوە و خۆشگوزەرانی کەمتر دەبێتەوە.

کاریگەریی بۆ سەر لایەنی دەروونی
هەر سەبارەت بەو بابەتە د. ئیبراهیم حاجی، پسپۆڕی کۆمەڵناسی وتی: بارودۆخی خراپی دارایی راستەوخۆ کاردەکاتە سەر رەفتاری تاک و خێزانەکان و کۆمەڵگا، گۆڕانکاری لە رەفتار و هەڵسوکەوتی بەکاربەراندا بەناچاری، دەرئەنجامی خراپی بۆ سەر لایەنی دەروونی کەسەکان هەیە و ئێستا رەنگیداوەتەوە. ئەو پسپۆڕە پێیوایە، ئەم دەرئەنجامانە لە کۆمەڵگەی کوردەواریدا لەڕووی دەروونیەوە کاریگەریی نەرێنی لەسەر تاکەکانی کۆمەڵگە دادەنێت و ژیانی کۆمەڵایەتی سانای هاوڵاتیان رووەو ئاڵۆزی و لەنگی دەبات.
مزەفەر جەبار، رێنمایکاری پەروەردەیی، پێیوایە، بۆ ئەم مەبەستە گرنگە، سەرپێخستنی سیستەمی لەپێشدانان (ئەولەویەت) پەیڕەو بکەین، چونکە کاڵاو داواکاری و نوێگەرییەکان زۆر و جۆراوجۆرن، ئێمەش توانای دابینکردنی هەموو کاڵاکانمان نییە، بۆیە پێویستە سیستمی (گرنگ و پێویست) پەیڕەو بکەین. خۆراهێنانی دەروونیش بۆ ئەم مەبەستە گرنگ و پێویستە، توانای بڕواپێهێنانی خود لەم رووەوە خاڵی بنەڕەتییە.

#مووچە‌

بابەتە پەیوەندیدارەکان