لێكەوتەكانی بوومەلەرزەكەی ئەفغانستان بەسەر رزگاربوانەوە

10:05 - 2022-06-28
جیهان
552 جار خوێندراوەتەوە

چەند رۆژێك بەسەر بوومەلەرزەكەی باشووری خۆرهەڵاتی ئەفغانستاندا تێدەپەڕێ ‌و وێڕای گیانلەدەستدانی زیاتر لە هەزار كەس ‌و برینداربوونی زیاتر لە دوو هەزار كەسی دیكە ‌و رووخانی هەزاران خانوو، رزگاربوانی رووداوەكەش تائێستا بە دەست نەبوونی خۆراكی پێویست ‌و جێگەی گونجاوەوە دەناڵێنن. 

خۆراكی پێویست  لە گەنجینەكانیاندا زۆر كەمیكردووە
رێكخراوی مانگی سووری ئەفغانستان داوا لە وڵاتانی كۆمەكبەخش دەكات، كە بڕە پارە ‌و هاوكارییە مرۆییەكانیان پێشكەش بە رزگاربوانی بوومەلەرزە بەهێزەكەی ئەفغانستان بكەن، چونكە خۆراكی پێویست لە گەنجینەكانیاندا زۆر كەمیكردووە ‌و تەنانەت خێمەی پێویستیشیان لەبەردەستدا نییە، بۆیە ئێستا پێشكەشكردنی راستەوخۆی پارە بە گوندنشینەكان تا پێداویستی خۆیانی پێ دابین بكەن، زۆر سوودی زیاترە بۆیان.


تاقیكردنەوەیەكی  گەورەی سەركردەكانی تالیبانە
بەبۆچوونی چاودێرانی سیاسی، بوومەلەرزەكە تاقیكردنەوەیەكی گەورەی سەركردەكانی تالیبانە، كە دەسەڵاتی ئەفغانستانیان گرتۆتەدەست، چونكە بەهۆی نیگەرانییان لە دۆخی مافی مرۆڤ لە سایەی دەسەڵاتی تالیباندا زۆرێك لە حكومەتەكان ئامادەنین مامەڵە لەگەڵ ئەو دەسەڵاتەدا بكەن.
ئاماژە بەوەش دەدەن: بەهۆی سەپاندنی سزا بەسەر دامەزراوە حكومییەكان ‌و بانكەكانی ئەفغانستاندا ‌و راگرتنی هاوكارییە راستەوخۆكان بۆ حكومەتی كابول،  پێش روودانی بوومەلەرزەكەش، شانبەشانی بڵاوبوونەوەی برسێتی، ئەو وڵاتە گیرۆدەی تەنگژەی مرۆیی ببوو، بەڵام ئێستا دۆخی ناوچە كارەساتبارەكان زۆر خراپتربوون.  
رۆژی چوارشەممەی رابردوو، بوومەلەرزەیەكی بەهێز بە گوڕی 6.1 پلە بە پێوەری رێختەر، كە لە ماوەی دوو دەیەی رابردوودا بەهێزترین بوومەلەرزەبوو لەو وڵاتە، ناوچەیەكی دوورەدەستی لە باشووری خۆرهەڵاتی ئەفغانستان گرتەوە ‌و بەهۆیەوە لانیكەم هەزار كەس گیانیانلەدەستدا ‌و زیاتر لە دوو هەزاری دیكەش برینداربوون ‌و نزیكەی 10 هەزار خانووش رووخان ‌و زیانیان بەركەوت. نووسینگەی بەهاناوەچوونی مرۆیی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكانیش رایگەیاند، كە 155 منداڵ لە نێو قوربانییەكاندان ‌و زیاتر لە 250ی دیكەش برینداربوون، زیاتر لە 60 منداڵیش بەهۆی رووداوەكەوە دایک و باوکیان لەدەستداوە. بە وتەی جێگری سەرۆكی رێكخراوی مانگی سووری ئەفغانی، خەڵكە زیانلێكەوتووەكە داوای پارەی كاش دەكەن لە جیاتی هاوكاری ‌و خۆراك.

سەرچاوە: ئاژانسەكان

#ئەفغانستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان