خەسرەو گورون
121
یارییەك لە یارییەكانمان لەگەڵ یانەی بابەگوڕگوڕ بوو پاش ئەوەی مۆڵەتی رەسمییان وەك یانەیەكی نوێی ئەوسەردەمە وەرگرتبوو
لە ژمارەی پێشوودا باسی سێ یاریی دۆستانەی یانەی سلێمانیم كرد كە مەبەست لێیان خۆئامادەكردنی تیپەكەمان بوو بۆ یارییەكانی دوا قۆناغی خولی پلە دووی یانەكانی عیراق كە ئەو یانانە بەشدارییان تیادا دەكرد دوا تیپی ریزبەندیی هەر چوار گروپەكانی خولەكە بوون، ئێمەش ئەو وەرزە 1991-1992 دوا تیپی ریزبەندیی گروپی باكوری یانەكانی عیراق بووین.
ئەو سێ یارییەش كە لە ژمارەی پێشوودا باسم كردون، ئەم یارییانە بوون:
*یانەی سلێمانی 4 × 0 یانەی سیروان، ئەم یارییە رۆژی 13/3/1992 لە یاریگای سلێمانی كردمان.
*یانەی سلێمانی 3 × 1 پۆلیسی سلێمانی، ئەم یارییە رۆژی 9/4/1992 لە یاریگای سلێمانی كردمان.
*یانەی سلێمانی 2 × 2 یانەی پۆلیسی سلێمانی، ئەم یارییە رۆژی 13/4/1992 لە یاریگای سلێمانی كردمان.
وا لەم ژمارەیەی باسەكانمدا، تیشك دەخەمە سەر چوار یاریی تر كە ئەمانیش هەر یاریی دۆستانە بوون و هەر بەمەبەستی خۆئامادەكردن بۆ دوا قۆناغی یارییەكانی خولی پلە دووی یانەكانی عیراق كردبوومان.
*یانەی سلێمانی 2 × 1 یانەی بابە گوڕگوڕ، ئەم یارییە رۆژی 1/5/1992 لە یاریگای سلێمانی كردمان، یارییەكە بەبۆنەی رۆژی كرێكارانی جیهانەوە بوو، سەعات 5 – ی عەسر لە یاریگای سلێمانی دەستیپێكرد، سەعدی غەریب یارییەكەی بەڕێوە برد، ئەم یارییەش یەكەم یاریی تیپی یانەی بابەگوڕgوڕ بوو پاش ئەوەی مۆڵەتی رەسمییان وەك یانەیەكی نوێی كوردستانی ئەوسەردەمە وەرگرت.
تیمی كارگێڕی ئێمە خوالێخۆشبوو فەهمی فەقێ رەشیدی قەشان و مامۆستا ئازاد وەهاب و شێخ ئیسماعیل مەحمود بوون، راهێنەریشمان حەمە بچكۆل بوو، مامۆستا ئازاد مستەفاش یاریدە دەری بوو، هەردوو گۆڵەكەی ئێمە یەكێكیان ئاسۆ رەشید لە دەقیقەی 63 و ئەوی تریشیان بەكری شێخ مستەفا لە دەقیقەی 70 دا كردی.
*یانەی سلێمانی 1 × 0 یانەی هەڵەبجە، ئەم یارییە رۆژی 29/5/1992 لە یاریگای هەڵەبجە كردمان، هاندەرێكی زۆری شاری هەڵەبجە ئامادەی یارییەكە بوون، خوالێخۆشبوو حەمەی عەبۆل یارییەكەی بەڕێوەبرد، دوو یاریدەدەریش لە هەڵەبجە یارمەتیان دەدا، تیمی كارگێڕی ئێمە هەمان تیمی یاریی پێشووبوون، راهێنەر و یاردەدەرەكەشی هەمان راهێنەر و یاریدەدەر بوو، گۆڵی بردنەوەكەی ئێمە حەمەی كەریم لە دەقیقەی 71 دا كردی.
*یانەی سلێمانی 1 × 0 یانەی دەربەندیخان، ئەم یارییە رۆژی 5/6/1992 لە یاریگای دەربەندیخان كردمان، كاك سەعدی غەریب یارییەكەی بەڕێوەبرد، یاریدەدەرەكانی لە دەربەندیخان بوون، كاك فەهمی رەحمەتی و كاك عومەر حەمە كەریمی رەحمەتی و شێخ ئیسماعیل مەحمود ئیداری تیپەكە بوون، حەمە بچکۆل و ئازاد مستەفا راهێنەر و یاریدەدەری راهێنەری ئێمەبوون، خوالێخۆشبوو كاك فایەقی قەسابیش لەگەڵ تیپەكە هاتبوو، حەمەی كەریم گۆڵی بردنەوەكەی ئێمەی لە دەقیقەی 67 دا كرد.
*یانەی سلێمانی 2 × 1 لاوانی یانەی سلێمانی، ئەم یارییەش رۆژی 20/6/1992 لە یاریگای سلێمانی كردمان، تیپی لاوانی یانەی سلێمانی ئەو ساڵە لە پاڵەوانێتیی یانەكانی عیراقدا سێیەم بوون، پاڵەوانێتییەكەش لە بەغدا كرا و كاك عومەر خەتاب راهێنەریان بوو، هەردوو گۆڵەكەی ئێمە تایەری دەربەندیخان لە دەقیقەی 41 و بەكری شێخ مستەفا لە دەقیقەی 69 دا كردیان.