خه‌لیل عه‌لی
هونه‌رمه‌ندی كورد ‹ئاكۆ كه‌مال› له كارێكی پڕۆژه ئاسادا، كۆمه‌ڵێك پۆرترێتی ‹شۆك› ئاسا به‌رهه‌م ده‌هێنێت و زۆربه‌شیان شێواو و راماو دیارن، ئه‌گه‌ر له دیدگایه‌كی ده‌روونشیكاری، ئینجا هونهرییەوە لێیان بڕوانرێت ئه‌وا به مرۆڤی خودگه‌را و خۆویست ده‌چن، به جۆرێك ده‌ربڕینخوازیی گوزارشتی له‌ناخی مرۆڤه‌كان كردووه و هه‌ستێكی شاراوه له‌نێو پۆرترێتهكاندا خۆی مه‌ڵاس داوە، بێگومان ئه‌مجۆره له خۆحهشاردانهش جۆرێك له ترس و توڕه‌بوونی پێوه دیاره.
شایانی باسه، مرۆڤی رۆژهه‌ڵاتیی جۆرێك له ‹تاوگیری› به رهفتارهكانییهوه دیارن، ئه‌مه‌ش وه‌ك گوزارشتێكی رۆژهه‌ڵاتییانه به ره‌فتاری تاكه‌كانه‌وه ده‌رده‌كه‌وێت و خۆگرنییه و ته‌نگاو و په‌ست و تاوگیره له‌به‌رانبه‌ر هه‌ر هه‌ڵسوكه‌وتێكی سه‌یر و جیاوازدا. هه‌ربۆیه پۆرترێته‌كانی هونه‌رمه‌ندیش هه‌ڵگری كۆمه‌ڵێك نهێنی شاراوه و مه‌دلولی نه‌بیستراون، چونكه ده‌م و چاوه‌كان جۆرێك جووڵه‌ی خۆكاریی له‌خۆده‌گرن و له‌نێوان ‹فیگۆر› و ‹نافیگۆر›دا چه‌ندین نهێنییان شاردۆته‌وه، ئیدی به‌مه‌ش پۆرترێته‌كان جۆرێك له كه‌سانی په‌ست له رابردوودا پیشان ده‌ده‌ن، هه‌روه‌ك ‹سالم›ی شاعیر ده‌ڵێت:
به نیگاری عه‌جه‌می تۆ نایه‌ته زه‌بت
تازه ئاموخته مشتاقی ده‌كا خه‌تی ئه‌میر
ئاکۆ کەمال
كه‌واته ‹ئاكۆ› هه‌ر به‌و ریتمه نه‌وه‌ستاوه و جۆرێك له جووڵه‌ی به رووخساره‌كان به‌خشیووه، كه پێده‌چێت رووخساری خۆی بن له كاتی په‌ستی و ناجێگیریدا كێشابنی، هه‌ر بۆیه لێره‌دا ده‌كرێت پرسیار بكرێت، ئاخۆ هونه‌رمه‌ند چی وەڕس و دڵته‌نگی كردووه؟ ئایا ئاخۆ ده‌بێت چ هه‌ستێكی نا ئومێدی له ناخیدا هه‌ڵگرتبێت؟ به‌ڵام له شێوه گشتییه‌كه‌دا هه‌ستێكی ئیستاتیكی مه‌زنی به رووخساره‌كان به‌خشیووه و به زیندوویی هێشتونییهوه، كه ئه‌مه‌ش سیحری كاره‌كانی ‹ئاكۆ›ی باڵاتر كردووه.
له‌و گاڤه‌ی هونه‌رمه‌ندا كۆمه‌ڵێك نوێبونه‌وه و قه‌ڵه‌مبازی بوێرانه ده‌بینرێن و ده‌شتوانرێت بپرسین: ئایا ده‌توانرێت هه‌نگاوه‌كانمان رێچكه و فۆڕمی كاركردنمان بگۆڕن؟ بێگومان، ‹ئاكۆ› پێی وایه: هونه‌رمه‌ند پێویستی به په‌ڕینه‌وه‌یه له پۆرترێته‌وه به‌ره‌و ده‌ربڕینخوازی هەیە، ئه‌مه‌ش هونه‌رمه‌ند ده‌خاته دۆخێكی تری شێوازی كاركردنه‌وه، كه لهمهوپێش پێدا تێنه‌په‌ڕیووه و هه‌نگاوه‌كانی كاركردنی له دیدگایه‌كی ته‌واو گۆڕاودا ده‌دۆزێته‌وه، ئه‌مه‌ش بۆ خۆی گۆڕانه گه‌وره‌كه‌یه له‌نێو كایه هونه‌رییه‌كه‌دا، هه‌روه‌ك چۆن به‌شێك له ره‌خنه‌گران پێیان وایه: (وه‌ستان مردنه). كه‌واته گۆڕانكاری له شێواز و فۆڕمی كاركردندا جۆرێك له‌مانه‌وه و به‌رده‌وامی به هونه‌رمه‌ند ده‌به‌خشێت و دۆخێكی نوێی كاركردنی بۆ ده‌ڕه‌خسێنێت.
ئه‌وه‌ی لێره‌دا گرنگه و پێویسته ئاماژه‌ی پێبدرێت، ئه‌و دنیا بینییه ئایندهخوازهییەی ‹ئاكۆ›یه، كه بۆ داهاتوو بڕیاڕیان له‌سه‌ر ده‌دات و هه‌میشه به‌ئومێده‌وه له‌كاری هونه‌ری ده‌ڕوانێت، به‌ومه‌رجه‌ی له گۆشه‌یه‌كه‌وه قه‌تیس نه‌كرێت و په‌نجه‌ره‌كانی ئافراندن به‌ڕووی خۆیدا بكاته‌وه. كه‌واته ئه‌مجۆره له ‹گاڤ›ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌خات، كه نابێت شێوه‌كار له بازنه‌یه‌كی داخراودا بسوڕێته‌وه و هه‌میشه پێویسته له خه‌یاڵی خه‌یاڵبازیی نوێ‌دا شێوازی نوێ تهی بكات و نوێگه‌ری له هێڵ و خاڵ و فۆڕمدا بكات، تا ئه‌و ئاسته‌ی بتوانێت به‌ربه‌سته‌كانی به‌رده‌می ببڕێت و جۆرێك له نوێگه‌ری به‌رهه‌مبهێنێت.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی تێڕامانه ئه‌وه‌یه، كه ئایا هونه‌رمه‌ند ده‌توانێت ‹خه‌یاڵباز› بێت؟ چونكه كاتێك به‌گشتی مرۆڤ ناتوانێت توانای خه‌یاڵكردن Deducation بباته ناو پڕۆسه‌ی كاری هونه‌رییه‌وه ئه‌وا بێگومان له‌جێوه ده‌مرێت و توانا شاراوه‌كانی خۆی زینده‌به‌چاڵ ده‌كات. به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌و پڕۆسه كاریگه‌رییه‌ی ‹ئاكۆ›دا ده‌بینرێت، ده‌توانرێت ناوی لێبنرێت دووباره هه‌ڵچنینه‌وه، یان دووباره داڕشتنه‌وه به ئاواز و فۆڕمێكی ته‌واو داهێنراودا.
ئیدی لێره‌وه توانا دهربڕینخوازییهكان Expressionism رۆڵ و كاریگه‌ریی خۆیان به‌سه‌ر پنت و دواتریش هزری هونهرمهندەوە به‌جێده‌هێڵن، چونكه ئه‌وه هونه‌رمه‌نده بڕیاڕ ده‌دات چۆن و به‌چی گوزارشت له هه‌سته‌كانی بكات و دواتر له چێوه‌یه‌كی هونه‌ریدا شێوه‌كان دووباره دابڕێژێته‌وه. جا هه‌ندێك جار ئه‌م فۆڕمانه ده‌بنه جێگه‌ی ره‌خنه‌ی توندی هه‌ندێك له ره‌خنه‌گران، به‌ڵام له‌هه‌مان كاتیش‌دا بینه‌ر سه‌رسام ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش بۆ هونه‌رمه‌ند كاره لهپێشینهكهیه، چونكه بینه‌ر به‌شێكی دانه‌بڕاو ده‌بێت له‌و هاوكێشه تهواوكراوهی هونه‌رمه‌ند، كه مه‌به‌ستییه‌تی لێیه‌وه په‌یامه‌كه‌ی بگه‌یه‌نێت. كه‌واته ده‌ربڕینخوازیی هه‌ستێكی شاراوه كه‌شف ده‌كات، به‌ڵام له رێگه‌ی هه‌ندێك سیما و هێمای جیاواز جیاواز، كه دواتر هونه‌رمه‌ند به‌پێی كات و ساتی روودانی رووداوه‌كان رێكیان ده‌خات و دواتریش ده‌یانخاته چوارچێوه‌یه‌كی ته‌واو هونه‌رییه‌وه. هه‌ربۆیه هونه‌رمه‌ند زۆرجار له ئاگایی، یان هه‌ندێكجاری تریش له نائاگاییه‌وه چیرۆكه‌كان پێكدهگرێت و دواتر رێكیان ده‌خات، ئینجا كاریان له‌سه‌ر ده‌كات، به‌ڵام زۆرجار دیدی هونه‌رمه‌ند بۆ فۆڕم و داڕشتن هاوتا نین و به‌یه‌ك ئاڕاسته ناڕۆن، هه‌ربۆیه هونه‌رمه‌ند هه‌وڵده‌دات هاوسه‌نگی ده‌ربڕینخوازیی له شێوازی گوزارشتكردنهكهدا بكات، تا بتوانێت كارێكی ته‌واو هونه‌رییانه پیشان بدات و ته‌نها له رابردودا نه‌ژی، به‌ڵكو رابردوو بكاته كه‌ره‌سته‌ی كاری داهاتوو، به‌ڵام به ته‌كنیكی نوێخوازی نوێوه ئێستا ده‌ربخات.
له‌كۆتاییشدا ‹ئاكۆ كه‌مال› له‌م زنجیره پڕۆژه‌یه‌دا كۆمه‌ڵێك كاری جوان به قه‌باره‌ی جۆراوجۆر نمایش ده‌كات، شایه‌نی سه‌یركردن، ئینجا خوێنده‌وه و له‌سه‌ر وه‌ستانن.
‹ئاكۆ كه‌مال› له ساڵی ‹1982› له شاری سلێمانی له دایكبووه. ساڵی ‹2004› به‌شی شێوه‌كاریی له‌په‌یمانگه‌ی هونه‌ره‌جوانه‌كان ته‌واو ده‌كات، دواتر بۆ درێژه‌دان به خوێندن روو ده‌كاته زانكۆی سلێمانی به‌شی هونه‌ر و له ساڵی ‹2008› به‌شی وێنه‌كێشان له‌و زانكۆیه ته‌واو ده‌كات. له ساڵی‹2015› بڕوانامه‌ی ماجستێری له هونه‌ردا به‌ده‌ستهێناوه و له‌ده‌ره‌وه و ناوه‌وه‌ی كوردستاندا به‌شداریی له چه‌ندین نمایشی هونه‌ریدا كردووه.