كەژاڵ ئەحمەد
غەریبیت دەكەم گوڵەباخ
دەڵێی سەرابی
دەست رادەكێشم و ناتگرم.
هەنگاو دەنێم و ناتگەمێ.
غەریبیت دەكەم،
سەعات نۆ
بلیتێكی پاسی شەستیم بۆ وەرگرە.
یادت بەخێر پاسی شەستی
چەند بەتام بوو خولانەوەی درێژخایانی ڕێگا
كە هەر دەتوت
سەفەرە بەرە و هەسارەی كاكێشان،
چەند خۆشبوون تامی نیسكافێ و
تەعلیقی پیاوە كەنەفت و
خەڵەفاوەكانی قەڵا،
یادت بەخێر ...
سێبەری پرچی درەخته
عەیارەكانی گڵكەند و
هەتاوی ویستگە پیسەكەی
بەرامبەر پەرلەمان.
لۆت دەمرم گوڵەباخ
دڵم هەروەكو زەمبیلەی بن هەنگڵی
ژنەكانی شێخەڵڵا كون كونە و
ئازارم وەك عەرەبانەی
كەرەستەی دۆڵمە دەگەڕێ.
من لەعەشقی تەنزەوە بوو
پێم دەوتی (هەولێرە ماست)
كەچی تۆ وەك بۆینباخەكەی هادی چاوشلی
بەردەوام هەر بە ویقار بووی،
بۆیە سەری پەشێمانیم
وەختە دوو شاخی لێ بڕوێ!
تازە ئیدی
گوڵەكانی سلێمانی و تاران و ئەنقەرە
بەمن چی؟!
كە هیچیان بۆنی پەنا گوێی
گوڵەكەی خۆمیان لێ نایە.
یار و دیارم چەند دوورن
وەرزی دڵم چەند تەنیایە .
(سێو پێگەیی نەهاتم،
كە لیمۆ زەرد بوو هەرنایەم
نەخۆش كەوتی نەهاتم
وادەی رۆحكێشان قەت نایەم)
غەریبیت دەكەم ئێوارەی
رۆژێكی دیكەش دەچین بۆ عەنكاوە
غەریبیت دەكەم تۆ بڵێی
مەغریبی ساتێكی دیكەیش
بۆ سەیری بەهەشتە سەیرە
هەڵواسراوەكانم بەری و
لەلای (هەدلە) دوو قاوە بگرینەوە ؟!
قەلەندەر خۆمان گوڵەباخ
هێڵی سەعاتەكان باڵن
بڕوانە زەمەن چۆن چۆنی پێیان دەفڕێ
ئاوڕێك ناداتەوە،
نامەیەك نانێرێ !
ژیانی ئێمە بێ باكە
وەك بێ ئاویی گەڕەكی عارەبان
ناموڕادە وەك شەقامی كۆتر سەلام،
ئاه ... خودایە
یار و دیارمان چەند دوورن
وەرزی دڵمان چەند تەنیایە.
1996 – كرماشان