نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ بە هاوڕێیەتی هەڤاڵان ئاسۆ مامەند، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و فەیسەڵ کەریم خان، ئەندامی سەرکردایەتی لە دۆڵی بالیسان سەردانی گوندی چیوەیان کرد و لەگەڵ خزمانی عەشیرەتی خۆشناوی سنوورەکەدا کۆبوونەوە.
لەمیانی وتەیەکی بۆ ئامادەبووان شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ باسی لە رۆڵی مێژوویی دۆڵی بالیسان و گوندەکانی ئەو سنوورە و خزمانی عەشیرەتی خۆشناو کرد، کە هەمیشە لانکەی شۆڕش و شوێنی حەوانەوەی پێشمەرگە بوون و خزمەتیان کردووە.
شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ گوتیشی، بەداخەوە بە مەبەست خزمەتی ئەو ناوچانە نەکراوە و هەوڵدراوە وەک پێویست خزمەت نەکرێن، ئێمە لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەمانەوێت بەبێ جیاوازی خزمەتی سەرجەم گوند و ناوچەکان، شار و شارۆچکەکان بکەین.
هاوکات ئاسۆ مامەند وتەیەکی پێشکەشی ئامادەبووان کرد و باسی لە سیاسەتی یەکێتی کرد بۆ داهاتوو و رایگەیاند، ئامانجمانە وەک چۆن لە کەرکووک سەرکەوتنمان بەدەستهێنا، بە هەمان شێوە لە هەولێریش سەربکەوین.