شێوەكاری عەرەب، فاتیمە عوبەیدی بۆ کوردستانی نوێ : کەرکوک شاری پێکەوەژیانی هونەرمەندانە

11:11 - 2024-09-08
دیدار
113 جار خوێندراوەتەوە

شێوەكار فاتیمە عادل جومعە ئەلعوبەیدی لەساڵی 1974 لە كەركوك لەدایكبووە و هەر لە تەمەنی منداڵییەوە خولیای وێنەكێشان بووە و لای مامی هونەرمەندی شێوەكاری بە ئەزموون مەحمود عوبەیدی كە یەكێك بووە لە گروپی شێوەكارانی كەركوك، فێری وێنەكێشان بووە و تابلۆكانی بەزۆری گوزارشت لە واقیعی و دەربڕینی (تەعبیری) و دانڕی (تەجریدی) دەكەن.

هونەرمەندی شێوەكار فاتیمە ئەلعوبەیدی لە نەتەوەی عەرەبە لەشاری كەركوك و یەكێكە لە دیارترین و بە ئەزموونترین شێوەكاران لەسەر ئاستی كەركوك بەتایبەتی و عیراق بەگشتی و بەشداریی دەیان پێشانگەی ناوەوە و دەرەوەی عیراقی كردووە و چەندین خەڵاتی لە فێستیڤاڵەكاندا بەدەستهێناوە.
فاتیمە ئەلعوبەیدی بە دوالاپەڕەی وت: دوایین بەشداریكردنم مانگی تەمموزی رابردوو بوو لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی توركیا كە 15 وڵات بەشداری تێدا كردبوو، هەروەها بەشداربووم لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی بینالی سربیا بە بەشداری 72 هونەرمەندی شێوەكار كە نوێنەرایەتی 20 وڵاتیان كردبوو.
 وتیشی: خۆم ئامادە كردووە لە داهاتوودا  لە هەندێ چالاکیدا بەشداری بكەم، كە بڕیارە لە وڵاتەكانی كازاخستان و جۆرجیا بەڕێوەبچێت.
سەبارەت بە شێوەكارانی كوردی كەركوك، فاتیمە ئەلعوبەیدی ئاماژەی بە رۆڵی شێوەكاری بەتوانا سامان ئەبوبەكر كرد كە جێگای دەستی دیارە لەنێو هونەرمەندانی كورد لە بواری وێنەكێشان وپەیكەرتاشی  لەو شارەدا، كە بە شارێكی پێكەوەژیانی هونەرمەندان دەژمێردرێت .
رزگار شوانی - كەركوك

بابەتە پەیوەندیدارەکان