دوێنێ چوارشەممە 11/9/2024 بەبۆنەی 33 ـەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان (تەلەفزیۆنی دایک)ەوە، رێوڕەسمێک لەناو بارەگای کەناڵی سەتەلایتی گەلی کوردستان بەڕێوەچوو.
لە رێوڕەسمەکەدا وێڕای گەیاندنی چەپکە گوڵی پیرۆزبایی نوێنەرانی ئۆرگانە حزبییەکان، ستافی کەناڵەکە پێشوازییان لە ژمارەیەکی زۆر لە نوێنەرانی کەناڵەکانی راگەیاندن و دامەزراوە رووناکبیرییەکان کرد کە بەمەستی گەیاندنی پیرۆزبایی سەردانی کەناڵەکەیان کرد.
هەر لەو چوارچێوەیەشدا تیمێکی کوردستانی نوێ وەک هەڤاڵ و هاوکاری ستافی کەناڵەکە چەپکەگوڵی پیرۆزباییان گەیاندە کەناڵەکە و پیرۆزبایی خۆیان پێ راگەیاندن. هاوکات ژمارەیەکی زۆر لە کارمەندە دێرین و سەرەتاییەکانی ئەو کەناڵە وەک رێزێک لەو ماڵە گەورەیەی میدیاکاران، لەگەڵ کارمەندان و رۆژنامەنووسانی نوێی کەناڵەکەدا ئاوێزانی یەکتری بوون.
جێی ئاماژەیە کەناڵی گەلی کوردستان لە رۆژی 11/9/1991 یەکەم پەخشی خۆی وەک یەکەم کەناڵی کوردیی ئازاد دەستپێکردووە.
کــەناڵی گـــەلی کوردســتان لـــــەو سەردەمەوە تائێستا چەندین هەنگاوی بەرەوپێشەوە ناوە و سەرەتا لە ساڵی 1993 وە چەند کەناڵێکی دیکەشی لە شاری هەولێر و زاخۆ کردەوە، لە ساڵی 1994دا کەناڵی سلێمانی بووە کەناڵی مەرکەزی و پەخشەکەی سەرتاسەری سنووری سلێمانی و هەولێر و قەزاو ناحیەکانیانی گرتەوە.
لەساڵی 2008-یشەوە وەک کەناڵی دایک لە کەناڵێکی لۆکاڵیی هەمەڕەنگەوە بووە کەناڵێکی ئاسمانیی تایبەت بە هەواڵ.
جگە لەوەی لە مێژووی کارکردنیدا بووەتە خوێندنگەی پێگەیاندنی دەیان و سەدان کادری میدیایی و بێژەر و تەکنیککاری بەتوانا، هاوکات مێژوویەکی پڕ سەروەریشی بۆ مێژووی خۆی بەتایبەتی و رۆژنامەنووسیی بینراوی کوردیی تۆمارکردووە کە بۆ رۆژێکیش لە ئیتیکی کاری میدیایی لاینەداوە و هەمیشە وەک کەناڵێکی پابەند بە پرەنسیپە سیاسی و کۆمەڵایەتی و رۆژنامەنووسییەکانەوە مامەڵەی کردووە.
ئا: ئارێز