بەڕێوەبەرێکى بەڕێوەبەرایەتى خانەنشینى پێشمەرگە رایگەیاند، مووچەى مانگی 8ی خانەنشینانى پێشمەرگە هاوشێوەى پێشتر دەبێت و هەوڵدەدرێت لە مانگى 9 مووچەکانیان بەهاوتاکراوى لەگەڵ عیراقدا دابەشبکرێت.
هادى ئەکرەم، بەڕێوەبەرى جێبەجێکار لە بەڕێوەبەرایەتى خانەنشینى پێشمەرگەى سلێمانى رایگەیاند، کێشەى بەردەم هاوتاکردنى مووچەى خانەنشینانى پێشمەرگە نزیکەى سێ هەزار پلەدارى پێشمەرگەیە و تاوەکو ئێستا نەتوانراوە مووچەکانیان هاوتابکرێت.
وتیشى، ئەوانەى لە بزووتنەوەى رزگاریخوازى گەلى کورد بەشداربوون و پلەیان پێدراوە مووچەکانیان کەمدەکات لەبەرئەوە لە هەوڵى چارەسەرکردنی گرفتى ئەوانین و بۆ مانگى ئاب بەهەمان لیستى مووچەى مانگى تەمموز خانەنشینانى پێشمەرگە مووچە وەردەگرن و بۆ مانگى ئەیلول مووچەکانیان هاوتادەکرێت.
راشیگەیاند، زۆرینەى خانەنشینانى پێشمەرگە بە هاوتاکردنى مووچەکانیان لەگەڵ خانەنشینانى سەربازیى عیراق، مووچەکانیان زیاددەکات و هەموو مووچە کەمەکان دەکرێتە 600 هەزار دینار.