بەهار شێخ نوری لە دیدارێکدا بۆ کوردستانی نوێ :

هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی، باکگراوندێکی سیاسی لە پشتە

10:48 - 2024-09-15
دیدار
183 جار خوێندراوەتەوە

ئامادەکردنی: نەرمین عوسمان محەمەد

پارێزەر بەهار شێخ نوری لە دیدارێکدا لەگەڵ دیجیتاڵ میدیای کوردستانی نوێ سەبارەت بە هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی لە پەرلەمانی عیراق، بیروبۆچوونی خۆی دەخاتەڕوو:

*هەموار کردنەوەی یاسای باری کەسێتی لە عیراقدا واتای چییە؟ 
-یاسای باری کەسێتی لە هەرێمی کوردستان و پەرلەمانی کوردستاندا هەموار کراوەتەوە و کاری پێدەکەین، بەڵام ئێستا لە پەرلەمانی عێراق دەیانەوێت یاساکە هەمواربکەنەوە، هەرچەندە هیچ کاریگەرییەکی لەسەر هەرێمی کوردستان نابێت چونکە ئێمە کارمان بەو یاسایە نەکردووە و پەرلەمانی خۆمان هەیە.

*پێت وایە ئەم هەموارکردنەوەیە هاندەرێکی هەیە یان کەسێکی لە پشتە؟
-پێدەچێت ئەم هەموارکردنەوەیە باکگراوندێکی سیاسی لە پشت بێت، یاخود لایەنێکی ئایینی لە پشت بێت، بۆ نموونە شیعە مەزهەبەکان دەیانەوێت لە غیابی سەرۆکی پەرلەماندا کە ئێستا پەرلەمانی عێراق سەرۆکێکی کاتیی هەیە، دەیانەوێت یاساکە هەموار بکەنەوە.

 

ئەم هەموارکردنەوەیە کۆمەڵێك کارەسات و کێشەی کۆمەڵایەتیی لێدەکەوێتەوە، یەکێک لەوانە ئەوەیە کاتێک زوو هاوسەرگیریی دەکرێت، دواتر دەبێتە هۆی جیابوونەوە و زۆربوونی تەڵاق

 

*ئەگەر یاساکە وەکو ئەوەی کە داواکراوە هەموار بکرێتەوە چی روو دەدات؟
-بە راستی ئەمە مایەی کارەساتە، چونکە هەندێک بڕگەی تێدایە لەگەڵ سەردەمی پێشکەوتنی ژیانی کۆمەڵایەتیدا ناگونجێت، وەک بە شودانی کچ لە تەمەنی نۆ ساڵیدا و ژنهێنانی کوڕ لە تەمەنی پانزە بۆ شانزە ساڵیدا، ئەمە لە کاتێکدا بە پێی یاسای باری کەسێتی عێراقی کاتی زەواج(واتا هاوسەرگیری) بە (سن الرشد) دانراوە کە تەمەنی هەژدە ساڵە، بەڵام ئەگەر تۆ سەیری بکەیت ئەم یاسایە هەمواربکەیتەوە تەمەنی کوڕ و کچ بۆ تەمەنێکی کەمتر دابنێیت، ئەمە کارەساتە بە نیسبەت ئەوەی ئەم کوڕ وکچە ئاستی ئەوەیان نییە هاوسەرگیریی بکەن یان نازانن خێزان و پێکهێنانی خێزان چییە، دوای ئەوەش هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی خێزان چییە. ئەمانە دەبینین دوا بە دوای خۆی کۆمەڵێك کارەسات و کێشەی کۆمەڵایەتی لێدەکەوێتەوە، یەکێک لەوانە ئەوەیە کاتێک زوو هاوسەرگیری دەکرێت، بەڵام دواتر دەبینیت دەبێتە هۆی جیابوونەوە و زۆربوونی تەڵاق، کە رەنگە لەو نێوەندەدا منداڵ دروست بووبێت و دەبێتە سووتەمەنی نێوان دایک وباوک. 

* چی باشە بکرێت بۆ رێگریی کردن لە هەموارکردنەوەی ئەو یاسایە؟
-لەسەر هەموومان پێویستە نەهێڵین ئەو یاسایە تێ بپەڕێنن، ئەویش لە رێگەی ئەندام پەرلەمانەکانمان، نوێنەرەکانمان لە پەرلەمانی عێراق، هەروەها هۆشیارکردنەوەی هەموو چین و توێژەکان، لە رێگەی سەنتەرەکانی رۆشنبیریی و ژنان و چالاکوانانی مەدەنی، کارێکی وەها بکرێت فشار بخرێتە سەر ئەندامانی ئەنجومەنی عیراق نەهێڵن ئەو پڕۆژە یاسایە هەمواربکرێتەوە. خاڵێکی دیکەی تێدایە کە منداڵ تا تەمەنی هەژدە ساڵی تەواو دەکرد لای دایکەکە بوو، وەک مافی مانەوە و بەخێوکردنی منداڵەکە، بەڵام دەبینین ئەگەر هەموار بکرێتەوە یاساکە جارێکی دیکە کێشە درووست دەکات کە دەڵێت دەبێت منداڵ لە تەمەنی دیاریکراوە وە  بچێتەوە لای باوک، ئەمەش کارەسات دروست دەکات، لەبەر ئەوە ئەم یاسایە بە هەموو لایەک دەبێت هەوڵ بدەین نەهێڵین هەموار بکرێتەوە و بە راستی کێشەیە بۆ هەموو لایەک و کێشە کۆمەڵایەتییەکان زیاتر دەکات. 

بابەتە پەیوەندیدارەکان