لاپەڕەی ئابووری
هەرچەندە لە هەرێمی كوردستان گرفتی كۆكردنەوەی داهات هەیە، بەمەبەستی دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران و تائێستاش كۆی دۆسێی نەوتی هەرێم شەفاف نییە و بەشێكی زۆری داهاتەكەی نادیارە، لەگەڵ ئەوەشدا پارەیەكی زۆر لە بودجە و داهاتی هەرێم بۆ هێزی «رۆژ» خەرج دەكرێت كە لە بنەڕەتدا لە دەرەوەی هێزی پێشمەرگەن.
״بەشێكن لە ئەجێندای پارتی״
لەوبارەیەوە، فەتحوڵڵا حوسێنی نووسەر و رۆژنامەنووس، بە كەناڵی ئاسمانیی گەلی كوردستانی راگەیاندووە: كاتی خۆی ئەو لەشكرە بۆ ئەوە دامەزرا كە لە داهاتووی سوریادا كورد خاوەنی سوپایەكی رێكخراو بێت لە نەتەوەی كورد، بەڵام دوای چەند مانگێك مەبەستی رێكخستنی ئەو هێزە گۆڕدرا و بەگوێرەی ئایدۆلۆژیایەكی نادیار ئەرك و كارەكانیان گۆڕی.
وتیشی: «تائێستا رێگە بە هیچ كەسێك نەدراوە كە سەردانی ئەو هێزە بكات، بۆ ئەوەی بزانرێت لە كوێوە كۆمەك دەكرێن و لەكام سەربازگە مەشق دەكەن و چ ئامانجێكیان هەیە و بە چ شێوەیەك لەناو هێزی زێرەڤانیدا رێكخراون».
بەوتەی فەتحوڵڵا حوسێنی، «ئەم هێزە وەكو پاڵپشتییەك بۆ هێزی زێرەڤانی دروستكراون و لەناو خاكی هەرێم و عیراق شەڕ دەكەن، ئەمەش كارێكی نایاساییە و جێگەی قبوڵكردن نییە كە دوو سوپا لە وڵاتێكدا هەبن».
ئاماژەی بەوەشدا: ئەم هێزە بوونەتە بەشێك لە ئەجێندای پارتی، بۆیە هێزی سوریای دیموكرات رێگەیان پێنادات بە ئەجێندایەكی دیاریكراوەوە بچنە ناو خاكی رۆژئاڤاوە، چونكە هیچ پڕۆژەیەكی نیشتمانییان نییە.
״بەشێكن لە بارگرانیی بۆ مووچەخۆران״
لای خۆیەوە، رەشاد گەڵاڵی چاودێری سیاسی، بە كەناڵی گەلی کوردستانی راگەیاندووە: رۆڵی هێزی رۆژ دیار بوو لە داگیركردنی عەفرین و شەڕەكانی (گرێ سپی و سەرێكانی) كە جێبەجێكردنی مەرامە هەرێمایەتییەكان بوو دژی بەرژەوەندییە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانی كورد.
بەوتەی رەشاد گەڵاڵی، زیاتر لە 18 هەزار چەكداری رۆژ لە چوارچێوەی هێزی زێرەڤانیدا مووچە لەسەر بودجە و داهاتی هەرێمی كوردستان وەردەگرن كە بەشێكن لە بارگرانی بۆ مووچەخۆرانی هەرێم.
هێزێكی دیكە لەسەر داهاتی هەرێم
هاوكات، غەیاس سورچی لێپرسراوی راگەیاندنی مەڵبەندی نەینەوای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بە ماڵپەڕی (PUKmedia)ی راگەیاندووە: هێزی رۆژ لەلایەن پارتییەوە لەسەر بودجە و قوتی خەڵكی هەرێم پێكهێنراوە، بەپێی زانیارییەكانیش، مووچەكانیان لە مووچەی هێزی پێشمەرگە زیاترە و خراونەتە سەر زێرەڤانی كە سەر بە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمن.
وتیشی: «تەنیا ئامانجێك لە دروستكردنی ئەو هێزە، نانەوەی پشێوییە لە رۆژئاڤا و بۆ زیادكردنی ژمارەی دەنگەكانی پارتییە لە هەڵبژاردنەکاندا، كە ئەوەش دژی دەستووری عیراقە كە خەڵكێك ناسنامەی وڵاتێكی تری هەبێت و دایبمەزرێنیت».
راشیگەیاند: ئەگەر لە بری ئەو هێزە، یەكەم و دووەم و سێیەمەكانی زانكۆ و پەیمانگەكانی هەرێم دابمەزرێنرانایە، خەڵكی كوردستان لێی سوودمەند دەبوو.
ئەوەشی ئاشكراكردووە: جگە لە هێزی رۆژ، پارتی هێزێكی پێكهێناوە لە دوو بۆ سێ لیوا لە نەتەوەكانی عەرەب و توركمان بەناوی هێزی «جزیرە» و بودجەیەكی زۆریان بۆ خەرج دەكرێت و سەر بە هێزی زێرەڤانین و مووچەكانیان لە هێزی پێشمەرگە زیاترە و تەنیا بۆ دەنگدان، پارتی سوودیان لێ وەردەگرێت، نەك بۆ بەرگریی لە خەڵك و خاكی هەرێمی كوردستان.