تەها عەبدوڵڵا
بەوتەی ئەندامێكی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران، «جگە لەپێدانی مووچە، حكومەت یاسای بودجەی گشتیی ئەمساڵی جێبەجێنەكردووە، بەتایبەتی بودجەی وەبەرهێنان و پەرەپێدانی پارێزگاكانی عیراق بەهەرێمی كوردستانیشەوە، كە بووەتەهۆی پەكخستنی زۆربەی پڕۆژەكان».
جەمال كۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: جگە لە دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران، بڕگەكانی تری بودجەی گشتیی عیراق جێبەجێنەكراوە، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندیی بە بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكان و بودجەی وەبەرهێنانەوە هەیە، وتیشی: لەمیانی بەدواداچوونەكانمان بۆ هۆكاری خەرجنەكردنی بودجەی گشتیی عیراق، وەزیری دارایی فیدراڵ پێیڕاگەیاندین كە بەهۆی كەمی پارەی كاش نەیانتوانیوە بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكان و وەبەرهێنان خەرج بكەن، ئەوەی لەبەردەستیانە تەنها بۆ مووچەی فەرمانبەران تەرخانكراوە.
ئەوەشی خستەڕوو كە بەهۆی خەرجنەكردنی بودجەی وەبەرهێنانەوە، زۆربەی پڕۆژەكان پەكیانكەوتووە و فەرمانگەكانیش قەرزاری وەبەرهێنەران و سەرمایەدارانن، كە پێویستە لەمەودوا دەست بەخەرجكردنی پارەی وەبەرهێنان بكرێت، بەپێچەوانەوە زۆربەی پڕۆژەكان پەكیان دەكەوێت.