ئەگەر پەروەردە توندوتیژبێت!

12:09 - 2024-09-19
کەلتور
70 جار خوێندراوەتەوە


 شەهێن نوری


مرۆڤ لەسەر دەستی دوو کارەکتەر پەروەردە و گەورە دەبێت، یەکەم دایک و ئەویتر مامۆستایە لەناو چوارچێوەی سیستمی پێگەیاندن و خوێندندا. لە رابردوودا ئەم ئەرکە لەناو خێزاندا زیاتر لەسەر دایک بوو. دایک ئەرکی لە پەروەردە و بەخێوکردنی منداڵدا هەبوو. بە تێپەڕبوونی کات و گۆڕانکاریی لە قۆناغەکانی گەشەی شارستانیی و مرۆڤایەتیدا، پەروەردە و کارەکتەری مامۆستا لە دەرەوەی ماڵ و لە سیستمی پەروەردە و فێرکردندا رۆڵی پەروەردەی سەرەتایی لە دایک وەک مامۆستای یەکەم سەندەوە. هەردووکیان دایک یان مامۆستا لە چوارچێوەی سیستمی پەروەردەیی و پەروەردەی هەڕەمەکی ناوماڵ، دەستیان لە دروستکردنی منداڵ وەک کارەکتەرێکی داهاتوو هەیە.
‏‎لێرەوە سەرنجێک لەسەر پەیوەندیی نێوان پەروەردە و توندوتیژی دەخەمەڕوو، بەداخەوە خەڵکانێکی زۆر بوونەتە قوربانی توندوتیژی ناو سیستمی پەروەردە لە رابردوودا.

پەروەردە ئاڕاستە و داهاتووی مرۆڤ دیاری دەکات کە بەرەو چ ئاقارێک لە کارەکتەربوون دەڕوات

رۆڵی مامۆستا لە کەسایەتی منداڵدا
مامۆستایانمان ئەوانەی هەمیشە لەناو فەزای پڕ هات و هاواری خوێندنگەکان هیلاک و شەکەت دەبن، ئەرکێکی زۆر قورسیان لەسەر شانە. ئەویش ئەرکی دروستکردنی مرۆڤێکە لە سەرەتاوە یان لەو پارچە کاغەزەی کە فەیلەسوفی ئینگلیزی جۆن لۆک باسی لێوە دەکات لە دروستکردنی مرۆڤێک وەک ئەوەی بتەوێ. ئەو دەڵێت: مێشکی مرۆڤ لە سەرەتاوە وەک پارچەیەک کاغەز وایە، ئەوەی تیای بنووسی تۆمار دەبێت. دوای ئەویش فرۆید بۆچوونێکی هاوشێوەی هەیە و دەڵێت: منداڵ وەك هەویر وایە، چۆن بتەوێت ئاوا دروستی دەكەیت.
رۆڵی مامۆستا لە دروستکردنی کەسایەتی منداڵدا، لە چوارچێوەی سیستمی پەرەوەردە وەک کارەکتەرێک بۆ داهاتوو، دەبێت وەک رۆڵێکی ژیانی بزانین. بیرمان نەچێت پەروەردە ئاڕاستە و داهاتووی مرۆڤ دیاری دەکات کە بەرەو چ ئاقارێک لە کارەکتەربوون دەڕوات.
ئەگەر لە رابردوودا، لێدان، گوێبادان و کردنە دەرەوەی خوێندکار لە پۆل یەکێک بووبن لە شێوازەکانی توندوتیژی، ئێستا ئەگەرچی ئەوانە نەماون، بەڵام تێکشاندنی کەسێتی خوێندکار لە رووی دەروونییەوە یەکێکە لە شێوازەکانی توندوتیژی سەردەم. بۆیە پەروەردە دواجاریش مامۆستا دەستی لە دروستکردنی مرۆڤ و ئاڕاستەکردنیدا هەیە.

چیرۆکی توندوتیژی خوێندکارێک
لێرەوە سەرنجتان بۆ چیرۆکی هاوڕێیەكی خۆم رادەکێشم: زۆر دەمێکە وازی لە خوێندن هێناوە، پێیوتم هۆكاری وازهێنان و پێش چاوكەوتنی مامۆستا قسە زبر و رەقەكانی بووە و وتی: بەهۆی ئیشوكار و نەبوونی و یارمەتیدانی دایكم نەمدەتوانی وەک پێویست و هاوپۆلەکانم وانە بخوێنم. مامۆستاكەشمان وەک پێویست وانەی بۆ روون نەدەكردینەوە، هەموو رۆژێك دوو بۆ سێ لاپەڕە ئەرکی پێدەداین، ئەوکات لێدان هەر مابوو، مامۆستاکەم رۆژێک دوای لێدانێكی توند کردمی بە گاڵتەپێكەری هاوڕێكانم، دواتر چەندینجار ئەمە دووبارە بووە و هیچ هاوڕێیەكم لە دەورنەما لەکاتی رێستەكاندا بە تەنها دادەنیشتم بەدیار هاوڕێكانمەوە کە یاریان دەكرد، من تەنها كچێكی تەمبەڵ و جلوبەرگ دڕاو بووم، باری داراییمان باش نەبوو. لەسەر تەختە شكاوەكەم دەمامەوە، ئەم دۆخە بەرەو ئەوەی بردم وازم لە خوێندن هێنا، زۆر دڵخۆش بووم وتم ئیتر هاوڕێكانم نامبینن گاڵتەم پێبكەن، هیچ مامۆستایەك نەما ئازارم بدات و پێم بڵێت تەمبەڵ لە هاوپۆلەكانت گەورەتری و سەیری قیافەی خۆت بكە!.
کەسایەتی مرۆڤ لە پەروەردەکەیەوە سەرچاوە دەگرێت، پەروەردە وا دەکات ئەم کارەکتەرەی ئێستا لە داهاتوودا چۆن مامەڵە لەگەڵ منداڵ و دەوروبەری خۆی دەکات. بۆیە گرنگە مامۆستاکانمان کە لە خۆمەوە دەستمپێکردووە، وابکەن هێندەی دەکرێت لە هێنانەئارای کەشێکی ئارام و شیاوی پەروەردەییدا رۆڵ ببینین. دەبێت وابکەین پەروەردەیەکی ناتوندوتیژمان هەبێت، چونکە لە چوارچێوەی ئەم سیستمەدا مرۆڤێکی ناتوندوتیژ بەرهەمدێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان