‎شیعری شاعیرانی براوەی خەڵاتی نۆبڵ

12:37 - 2024-09-19
ئەدەب و هونەر
144 جار خوێندراوەتەوە
#‎ردیارد کبلنگ (1856-1936)

هەڵگری خەڵاتی نۆبڵی ساڵی 1907

‎شاعیری ئینگلیز ردیارد کبلنگ، لەشاری بۆمبای لە وڵاتی هیندستان لەساڵی 1856 لەدایک بووە و لەساڵی 1936 لە ئینگلترا ژیانئاوایی کردووە. چۆتە کۆلیژی سەربازیی لەدیڤن لە ئینگلترا بەڵام لەبەر چاوکزی نەیتوانیوە لەکاری سەربازیی بەردەوام بێت و لەساڵی 1882گەڕاوەتەوە بۆ هیندستان و لەبواری رۆژنامەگەرییدا کاریکردووە. لەپاڵ ئەوەی بەشاعیر ناسراوە وەکو رۆماننوس و کورتە چیرۆکنووسیش جێ دەستی دیاربووە، زۆر سەرسام بووە بە ئیمپراتۆریەتی بەریتانی و خاوەنی ئەو شیعرە بەناوبانگەیە کە دەڵێ:(رۆژه هەڵات رۆژ هەڵاتە و رۆژ ئاواش رۆژ ئاوا، هەردووکیشیان هەرگیز بەیەکتر ناگەن). ردیارد خەڵاتی نۆبڵی لەپای تێبینییە بەهێزەکانی و رەسەنایەتی هزری و گوڕوتینی بۆچوونەکانی، هەروەها توانای بێ ئەندازەی لە چڕکردنەوەدا پێ بەخشراوە.

 

وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە:
ئاوات حەسەن ئەمین

ئـــەگـــەر
‎گەر توانیت ورەی خۆت بپارێزیت،

‎لەکاتێکدا هەموو ئەوانەی دەورو پشتت لەدەستیان داوە و 
خەتاکەشیان خستۆتە ئەستۆی تۆ.

‎گەر توانیت باوەڕت بەخۆت هەبێت
‎لەکاتێکدا سەرجەم خەڵکیی گومانت لێ دەکەن،
‎تۆش لێیان دەبووریت لەو گومانکردنەیان.

‎گەر توانیت چاوەڕوان بیت بەبێ ئەوەی بێزار بیت،
‎یان کەسانی تر درۆت لەگەڵ بکەن بێ ئەوەی تۆ درۆیان لەگەڵ بکەیت،
‎یان رقیان لێت ببێتەوە بەبێ ئەوەی تۆ رقیان بەرامبەر هەڵگریت.
‎لەهەمان کاتیشدا دڵت بەخۆت خۆش نییە و
 فەلسەفەش بەسەر کەسدا لێ نادەیت.
‎ گەر توانیت خەون ببینیت بەبێ ئەوەی خەون ببێتە گەورەت.
‎گەر توانیت بیر بکەیتەوە بەبێ ئەوەی بیرکردنەوەت ببێتە ئامانجت.
‎گەرتوانیت لەگەڵ سەرکەوتن و شکستا رووبەڕوو ببیتەوە بەهەمان شێوە.
‎گەر توانیت گوێت لە گوتارێکی راستگۆیانەبێت
‎کە لەلایەن تەڵەکە بازەکانەوە شێوێنراوە
‎تاببێتە تەڵەیەک بۆ گەمژەکان،
‎یان بتوانیت تەماشای ئەوهەموو شتە بکەیت
 کەتەمەنت بۆ سەرف کرد تا دروستیان بکەیت و
‎ دواتر لەبەرچاوتدا ووردوو خاش دەبێت،
‎دواتر دەچەمێیتەوە تا بە کەرەستە پەرپووتەکانت 
هەوڵی دروست کردنیان بدەیتەوە.
‎گەر توانیت هەموو پاشەکەوتەکانت کۆبکەیتەوە و
 بەیەکجار قوماری پێوە بکەیت، بە پشتبەستن بە چارەنووس و بەختت
‎دەی دۆڕێنی و
‎دواتر لەسەرەتاوە، لەسفرەوە دەست پێدەکەیتەوە،
‎بەبێ ئەوەی لێوی پەشیمانیی بگەزیت.
‎گەر توانیت زۆر لەدڵت یان مێشکت بکەیت بەردەوام بن لەرۆڵگێڕانت
‎دوای بەسەرچوونیان
‎یان بتوانیت خۆڕاگر بیت، دوای ئەوەی هیچت بەدەستەوە نامێنێ لە ناختا،
‎تەنیا ئەو ئیرادەیە نەبێ کە پێت دەڵێ خۆڕاگربە.

‎ئەگەر توانیت گوتار بۆ جەماوەر بدەیت و سیفەتی راستگۆیی بپارێزیت
‎یان لەگەڵ پادشاکاندا رێ بکەیت،
‎بێ ئەوەی پێیەکانت لەزەوی بترازێن
‎ئەگەر نە دۆست و نە دوژمن توانای ئەوەیان نەبێ کە بریندارت بکەن
‎گەر توانیت رێز بۆ هەموو کەسێک دابنێیت بەڵام 
بەبێ زیادە رۆیی.
گەر توانیت ساتێکی شەست چرکەیی پڕبکەیتەوە 
بە راکردنە خێراکەت
‎کەواتە :
‎چی لەجیهان و ناویدایە
‎هی تۆیە.
‎لەوەش زیاتر
‎کە زۆر گرنگە
‎ئیتر تۆ بە پیاو هەژمار دەکرێیت و زیاتریش
‎بەپیاویش دادەنرێیت ئەی کوڕی خۆم.

سەرچاوە:قصائد من شعراء جائزه نوبل
إختارها وترجمها د. شهاب غانم مارس 2009

#ئەدەب و هونەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان