د. توانا نەجەف بەڕێوەبەری گشتیی کارگێڕیی و دارایی لە وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لە دیدارێكی تایبەتیی کوردستانی نوێ -دا:

كوردستانی نوێ‌، هەموو شتێك لەبارەی زانكۆلاین و خوێندنی پارالێڵ و دامەزراندنی وانەبێژان و خاوەن بڕوانامە باڵاكان و سێ‌ یەكەمەكان دەخاتەڕوو

10:07 - 2024-09-22
دیدار
231 جار خوێندراوەتەوە

د. توانا نەجەف بەڕێوەبەری گشتیی کارگێڕیی و دارایی لە وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لە دیدارێكی تایبەتیی  کوردستانی نوێ   -دا:

لە رێگەی رۆژنامەی كوردستانی نوێ‌-ەوە دڵنیایی دەدەین بە دەرچووانی پۆلی دوانزە، كە هەموویان كورسیی خوێندنیان بۆ تەرخانكراوە 

پێشنیاز دەكەم بۆ هاووڵاتیان، خۆیان فۆڕمی زانكۆلاین پڕبكەنەوە و نەچنە نووسینگەكان بە پارە پڕی بكەنەوە

زانكۆكان 70 %ی داهاتی خۆیان، بۆ كاروبارەكانی زانكۆكەیان خەرجدەكەنەوە


  پارەی كرێی خوێندن لە باخچەی ساوایان و خوێندنگە ئەهلییەكانی پەروەردە زیاترە لە كرێی خوێندنی دكتۆرا!

دیداری: مەریوان مەسعود


لە دیدارێكی تایبەتی كوردستانی نوێ-دا لەگەڵ د. توانا نەجەف محەمەدخان بەڕێوەبەری گشتیی  کارگێڕیی و دارایی لە وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، چەندین تەوەری گرنگ-ی پەیوەست بە بواری خوێندنی باڵا و زانست و زانكۆكان دەخەینەڕوو، كە هەندێك زانیاری نێو دیدارەكە یەكەمجارە لە زاری بەرپرسێكی باڵای وەزارەتەوە دەوترێت، جگە لەمەش چەند لایەنێكی باشیی و خراپیی (رانكین) باس دەكات، هەروەها باس لە وردەكاریی خوێندنی خۆڕایی و خوێندن بەپارە دەكات، هەروەها هەڵوەستە لەسەر بایەخ و دادپەروەریی زانكۆلاین دەكات، لەگەڵ چەند وردەكارییەكی پەیوەست بە باری دارایی زانكۆ و پەیمانگەكان. هەروەها بابەتی دامەزراندنی سێ‌ یەكەمی زانكۆ و پەیمانگەكان و خاوەن بڕوانامە باڵاكان و وانەبێژان دەخاتەروو:
*لەوانەیە گەرمترین پرسیار ئێستا، مەسەلەی وەرگرتنی خوێندكاران بێت لە زانكۆ و پەیمانگە حكومییەكان، بەو پێیەی لە چەند رۆژی رابردوودا وەزارەتی پەروەردە ناوی زیاتر لە 55 هەزار خوێندكاری بۆ وەزارەتەكەی ئێوە بەرزكردەوە. ئایا وەكو ساڵانی پێشوو پلانی تۆكمەتان هەیە بۆ وەرگرتنی هەموو خوێندكارەكان؟ چونكە پێشتر ساڵانە كێشەی نەبوونی كورسی بۆ خوێندكاران روویدەدا، بەڵام لەم چەند ساڵەی دواییدا ئێوە بە پلانێكی گونجاو نەتانهێشتووە هیچ خوێندكارێك بێ‌ كورسی بێت؟ ئەمساڵیش وا دەبێت؟

چانسی خوێندن بۆ هەموان
-لەبارەی پلانی وەرگرتن لە زانكۆكان، من بۆ ئێوە و بۆ رای گشتی رایدەگەیەنم كە جەنابی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، هەر لە سەرەتای دەستبەكاربوونییەوە زۆر مەبەستی بوو كە پلانی زانكۆكان بەشێوەیەك بێت كە هیچ خوێندكارێك لە دەرەوەی پلانی زانكۆكان نەمێنێت كە وەرنەگیرێت و هەمووان بە خۆڕایی چانسی خوێندنیان هەبێت لە زانكۆكانمان، لەبەر ئەوە بە دڵنیاییەوە پلانی زانكۆكانی وا پەسەند كرد كە ئەو خوێندكارانەی لە وەزارەتی پەروەردەوە دێن و ئەپڵای دەكەن لە رێگەی سیستمی زانكۆلاینەوە ژمارەی كورسییەكان زیاتر بێت لە ژمارەی ئەو كەسانەی كە پێشكەشیان كردووە، بۆ نموونە ئەگەر ساڵانە 60 هەزار كەس هاتبێت بۆ خوێندنی باڵا، ئەوا پلانی وەزارەتمان 63 هەزار بووە، ئەگەر 55 هەزار بووبێت، پلانی ئێمە 60 هەزار خوێندكار بووە. 
سەبارەت بەوەی چەندی بە خۆڕایی بووە و چەندی بە پارالێڵ بووە، جەنابی وەزیری خوێندنی باڵا هەر لە سەرەتاوە لەگەڵ پارالێڵ نەبووە لەبەر ئەوە هەوڵیداوە زۆرترین كورسی بە خۆڕایی بێت، چونكە وەزیری خوێندنی باڵا زۆر باوەڕی بە پرۆسەی بەنیشتمانبوون هەیە و خۆشەویستی بۆ نیشتمانیش لەوەوە سەرچاوە دەگرێت كە هەمووان وەكو یەك و بە شێوەیەكی یەكسان هەلی خوێندنمان بۆ دابینبكرێت.

پارالێڵ بە پارەیەكی رەمزییە 
لێرەشەوە بە ئێوە و بە خوێنەرانی بەڕێزتان رادەگەیەنم كە پلانی خوێندنی باڵا بۆ زانكۆ و پەیمانگەكان لە ساڵی 2024-2025 بەو جۆەرەیە كە ژمارەی كورسییەكانی خوێندنی باڵا زیاترە لە دەرچووانی پۆلی دوانزە، بۆیە لە رێگەی رۆژنامەی كوردستانی نوێ‌-ەوە دڵنیایی دەدەین بە دەرچووانی ئەمساڵ كە هەموویان كورسی خوێندنیان بۆ تەرخانكراوە و بە ئارەزووی خۆیان دەتوانن پێشكەشی كۆلێجەكانی بكەن بە پێی ئەو نمرەیەی كە هێناویانە.
بەڵام لە هەمان كاتدا ئێمە رێگر نابین، بۆ نموونە خوێندكارێك نمرەكەی لەو شوێنەی كە ئارەزووی دەكات وەرنەگیرێت ئەوا چانسی ئەوەشمان بۆ كردۆتەوە كە بە پارالێڵ بخوێنێت بە بڕە پارەیەكی رەمزی، لەبەر ئەوە چانسی ئەوەمان داوەتێ‌ ئەگەر نەیەوێت بە خۆڕایی بخوێنێت، بە پارەیەكی رەمزی بچێتە شوێنی دڵخوازی خۆی و بخوێنێت.
هەروها خوێندكاران چانسی ئەوەشیان هەیە كە بچنە خوێندنی ئەهلی، ئەمەش مافێكی سەرەتایی خۆیانە، بە تایبەتی كە ئێمە خوێندنی ئەهلی بە بەشێك لە خوێندنی حكومیی و تەواوكەری كارەكانی خۆمان دەزانین، بەڵام هەرگیز ئێمە هاندەر نابین كە خەڵك بڕوات لە خوێندنی ئەهلی بخوێنێت.
*یەكێكی تر لەو بەرەوپێشچوونانەی ئێوە كردووتانە، مەسەلەی زانكۆلاینە، كە ئەوەندەی ئێمە بەدواداچوونمان كردووە، سیستمێكی دادپەروەرانەیە و ساڵانە بە شێوەیەكی رێكوپێك خوێندكاران دابەش دەكات بەسەر ناوەندەكانی خوێندندا. دەكرێ روونكردنەوەی زیاتر لەبارەی زانكۆلاینەوە بدەیت بە خوێنەران؟

شێوازێكی ئەلەكترۆنیی پێشكەوتوو
-سەبارەت بە زانكۆلاین بەڵێ‌ بە دڵنیاییەوە چاكسازییەكی باشمان كردووە، زانكۆلاین تا ئێستاش دەتوانم بڵێم باشترین سیستمی دادپەروەرانەیە لە هەرێمی كوردستان بۆ وەرگرتنی خوێندكاران، ئەگەر بە شێوەیەكی ئاسانیش باسی بكەین، ئەوا زانكۆلاین تەرازوویەكە لایەكی نمرەی خوێندكارەكەیە، لایەكەی تری پلانی پەسەندكراوی وەزارەتی خوێندنی باڵای تێدایە و كاتێك نمرەكان دەخەینە تەرازووەكە بە پێی نمرەكە لە سنوورێك دەوەستێت، كە دیارە بەهۆی كێشەی نەبوونی بەشی ناوخۆیی و باری ئابووری، %80ی خوێندكارانی هەر پارێزگایەك، لە پارێزگاكەی خۆی وەردەگیرێت، %20یشی دەنێردرێت بۆ پارێزگاكانی تر. تەنانەت ئەمەش لە زانكۆ لاین جێگای كراوەتەوە، بۆیە هەموو خوێندكارێك كە یوزەرنەیم و پاسۆردی خۆی وەردەگرێت ئازادە لەوەی كە چ كۆلێجێك هەڵدەبژێرێت كە لەگەڵ نمرەكەی خۆی دێتەوە. بە تایبەتی كە زانكۆلاین بە شێوەیەكی ئەلیكترۆنیی پێشكەوتوو خۆی هەموو زانیارییەك و ئۆپشنێك كە لەگەڵ نمرەكەی بگونجێت پێی دەڵێت و ئاسانكاری بۆ دەكات بە شێوەیەكی دادپەروەرانە، بۆیە لە كاتی راگەیاندن و كردنەوەی زانكۆلایندا، هەموو خوێندكارێك 10 بۆ 15 رۆژی هەیە كە زانكۆلاین پڕ بكاتەوە و كاری لەسەر بكات. 
داواكارم و پێشنیاز دەكەم، بۆ هاووڵاتیان خۆیان فۆڕمەكان پڕبكەنەوە و نەچنە نووسینگەكان بە پارە پڕی بكەنەوە، بەڵكو بچنە نێو زانكۆكان كە ناوەندی وەرگرتنی و زانكۆلاینیان هەیە، لەوێ هاوكاریان دەكەن و تیمی گەڕۆكیان هەیە بە شێوەیەی خۆبەخش بۆ یارمەتیدانی پڕكردنەوەی فۆڕمەكە، لەسایتی خوێندنی باڵا و زانكۆكانیش فێركاری شێوازی پڕكردنەوەی زانكۆلاین دادەنرێت.

سێ یەكەمەكان دادەمەزرێن
*پرسیارێكی ترمان، سەبارەت بە دامەزراندنی سێ‌ یەكەمی كۆلێج و بەشەكانی زانكۆ و پەیمانگەكان و هەروەها خاوەن بڕوانامە باڵاكان و وانەبێژانە، ئەم كەیسانە چیان بەسەرهات؟ ئایا هیچ هیوایەك هەیە كە دابمەزرێن؟

-ئەركی لە پێشینەی وەزارەتمان بوو كار بۆ دامەزراندنی سێ‌ یەكەمەكان لەسەر ئاستی بەش لەسەرجەم زانكۆ و پەیمانگەكانی كوردستان بكات و خودی جەنابی وەزیری خوێندنی باڵا زۆر مەبەستی بووە چونكە پێمان وایە مافێكی یاسایی خۆیانە، هەروەها كاركردن بۆ دامەزراندنی خاوەن بڕوانامە باڵاكان، كە ژمارەیان نزیكەی هەزار كەس دەبێت، كە بەردەوام نووسراومان بۆ كردوون و داتاكانمان بۆ وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم ناردووە، دیسانەوە بۆ حكومەتی ناوەندیشمان ناردووە تا بەدواداچوونیان بۆ بكەین، چونكە پێویستمان پێیانە، هەروەها پێویستمان بە سێ‌ یەكەمەكان هەیە، دیارە ئەو كەیسەی ئێستا ئیشی لەسەر دەكەین هەوڵمان بۆ ئەوەیە كە دەرچووانی سێ‌ یەكەمەكان لەسەر ئاستی بەش لە ساڵانی 2017-2018ەوە تا 2022- 2023 كە ژمارەیان نزیكەی 12 هەزار كەسە و 9500 كەسیان بایۆمەترییان ئەنجامداوە دابمەزرێن، بۆ ئەمەش نووسراومان بۆ وەزارەتی دارایی هەرێم كردووە كە داوا لە وەزارەتی دارایی عیراق بكات پارەیان بۆ تەرخانبكرێت و لە زانكۆ و پەیمانگەكانی سەر بە خوێندنی باڵا دابمەزرێن، چونكە ئێمە لە وەزارت پێویستمان بە میلاكی ئەم سێ‌ یەكەمانەیە كە ئەوانە كەسە زیرەكەكانی ناو كۆمەڵگەی خۆمانن.

لە هەوڵی چارەسەری گرفتی وانەبێژانداین
سەبارەت بە هەڵگرانی بڕوانامە باڵاكان، ئەوانیش نووسراومان بۆ كردوون، كە ئێستا تێكەڵ بووە لەگەڵ بابەتی وانەبێژەكان، دیارە وانەبێژەكان لەساڵانی رابردوودا بە پارەیەكی زۆر كەم وانەیان وتۆتەوە لە زانكۆ و پەیمانگەكاندا، بۆیە ئێمەش دەمانەوێت ئەو پاداشتەیان بدەینەوە كە نەیانهێشتووە ئەو بۆشاییەی لە ناوەندەكانی خوێندن هەبووە پێوەی دیار بێت، بۆیە ئێمەش دایاندەمەزرێنین، بە خۆشحاڵییەوە لیستەكەمان ئامادەكردووە كە نزیكەی سێ هەزار كەس دەبن، بۆ ئەوەی لە ئەنجومەنی وەزیرانیش رەزامەندییان بۆ بێتەوە، دیارە بۆ دەرچووانی 2022-2023 بەجیا نووسراومان كردووە و بۆ وانەبێژانی پێش ئەو ساڵانەش بەجیا نووسراو دەكەین بۆ ئەوەی بەشێوەی گرێبەست دابمەزرێن و پاداشتێكی كەمی ماندووبوونیان بدەینەوە.
*بابەتێكی تری گرنگ مەسەلەی پارالێڵ-ە، بە تایبەتی كە لەم چەند ساڵەی دواییدا ئەگەر راشكاوبم، لەوەتەی د. ئارام محەمەد قادر بۆتە وەزیری خوێندنی باڵا و ئێوە كاروبارەكانی وەزارەت بەڕێوەدەبەن، ساڵانە بە رێژەی %45 لێخۆشبوون بۆ هەموو خوێندكارانی پارالێڵ دەردەكەن، جگە لەوەش لە زانكۆ و پەیمانگە ئەهلییەكان بە پێی پلەبەندییەك ئەوانیش لێخۆشبوون دەكەن بۆ خوێندكاران؟ ئەمە چۆنە؟ تەنانەت ئەمساڵ هەر لە هاوینەوە ئەم مژدە خۆشەتان دا بە كەسوكاری خوێندكارانی پارالێڵ؟

داشكاندن چەندین توێژی جیاجیا دەگرێتەوە
-سەبارەت بە داشكاندنی كرێی پاراڵێل دووبارەی دەكەمەوە كە جەنابی وەزیری خوێندنی باڵا هەر كە دەستبەكاربوو لەساڵی 2019وە نییەتی بوو كە شتێك نەمێنێ‌ بە ناوی خوێندن بەپارە، بۆیە پێموابێت هەر لە دووەم كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزارەت، لەسەر پێشنیازی وەزیری خوێندنی باڵا بە زۆرینەی دەنگ بڕیاری كەمكردنەوەی كرێی خوێندنی پارالێڵ درا بۆ ئەوەی شێوەیەك لە داپەروەری هەبێت لە نێوان ئەوانەی بە خۆڕایی دەخوێنن و ئەوانەی بە پارە دەخوێنن، بەڵام لەلایەكی ترەوە لەبەر ئەوەی توانای دارایی زانكۆكان بە شێوەیەك نەبوو كە بتوانن ئەو هەموو ژمارە زۆرەی خوێندكار پەسەند بكەن لەبەرامبەر ئەو بارە داراییەی كە هەیانە، بۆیە سیستمی پارالێڵ هاوسەنگییەكی دروستكرد و وای كرد زانكۆكان نەكەون و سوود لەو بڕە پارەیە وەربگرن بۆ خزمەتگوزاریی و بەردەوامی زانكۆكانیان.
بۆیە ئێمەش بە بڕیاری وەزیری خوێندنی باڵا، بڕیارماندا كە بە رێژەی %45 لێخۆشبوون لە كرێی خوێندنی پارالێڵ بكرێت، جگە لەمەش داشكاندنی وەزارەتی خوێندنی باڵا، خوێندنی تایبەتیشی گرتەوە، ئەویش بە پێی رانكین یان ئەو ئاستە زانستییەی كە هەیانە، كە ئەویش لە نێوان %10 بۆ %25ە. جگە لەمەش داشكان بۆ دوو خوێندكار كە هەردووكیان لەیەك خێزانن یان ژن و مێردن و بە پارالێڵ دەخوێنن ئەویش بە بڕیاری وەزیری خوێندنی باڵا جگە لە داشكاندنەكانی تر %50ی تریشیان بۆ دەكرێت لە كرێیەكە.
لەوانەش گرنگتر بەخشینی كەسوكاری پلە یەكی شەهیدانە ئەویش هەر بە بڕیاری وەزیری خوێندنی باڵا بووە كە %100 بەخشینیان بۆ دەكرێت، هەروها بەخشینی سێ‌ یەكەمەكان كە دانەمەزراون، لەگەڵ بەخشینی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان و چەندین توێژی تر.

 

* ئەگەر راشكاوانە پرسیارێك بكەم و ئێمە وەكو رۆژنامەنووس زۆر رووبەڕوومان دەبێتەوە، ئەویش ئەوەیە بۆچی خوێندنگە ئەهلییەكان-یش كە سەر بەوەزارەتی پەروەردەن، ساڵانە داشكان بۆ خوێندكاران ناكەن؟ بە پێچەوانەوە بەڵگەم لایە ئەمساڵ، لەگەڵ ئەوەشدا كە باری دارایی مووچەخۆران زۆر قورسیشە، كەچی خوێندنگە ئەهلییەكان كرێیان زیاد كردووە، هەرچەندە دەزانم ئێوە وەزارەتی پەروەردە نین، بەڵام ئایا وەزارەتی پەروەردەش وەكو وەزارەتی خوێندنی باڵا ناتوانێت داشكان بكات؟ یان داوا لە خوێندنگەكان بكات داشكان بكەن؟ ئەوەندە كارێكی قورسە؟
-سەبارەت بە كرێی خوێندن لە نێوان وەزارەتی خوێندنی باڵا و وەزارەتی پەروەردە، ئەگەر بەراوردكارییەك بكەین ئەوا تێبینیەكەی ئێوە زۆر بەجێیە، جیاوازییەكە بە شێوەیەكە، كە پارەی كرێی خوێندن لە باخچەی ساوایان یان لە خوێندنگە سەرەتاییە ئەهلییەكان زیاترە لە كرێی خوێندنی دكتۆرا، ئێمەش هەستمان بەوە كردووە، بەڵام بەڕێزتان دەزانن بە پێی تایبەتمەندیی خۆمان ئێمە لە خوێندنی باڵا چی بتوانین بۆ خزمەتی گشتی و بۆ هاووڵاتیان كردوومانە و سڵمان نەكردۆتەوە، یەكێك لەو هەنگاوانەش كەمكردنەوەی كرێی تێچووی خوێندن بووە، بۆیە بەدڵنیاییەوە ئەگەر بەراورد بكەین لە نێوان كرێی خوێندن لە وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵادا، ئەوەی ئێمە كرێكەی زۆر زۆر كەمترە لەچاو هی پەروەردەدا.
پێوەرەكان زۆرن
*مەسەلەیەكی تری پەیوەست بە خوێندنی باڵا، بابەتی ئاست و (رانكین)ە، بۆ زانكۆ حكومییەكان و ئەهلییەكانیش، رانكین بایەخی زانستی و ئەكادیمی چییە؟ پێوەرە زانستییەكانی ئەم رانكینە چیین؟ كە ئێمەی خەڵكی ئاسایی لەوانەیە لێی تێنەگەین؟
-سەبارەت بە رانكینی زانكۆكان، بەدڵنیاییەوە باشترین شێوازە كە لەماوەی رابردوودا لەبەرچاو گیراوە، بوونی رانكینی زانكۆكان گرنگە، هەم لایەنی ئەرێنی هەیە، هەم لایەنی نەرێنی، لایەنە ئەرێنییەكەی ئەوەیە كە پێشبڕكێیەكی شەریفانەی زانستی دروستدەكات لە نێوان ناوەندەكانی خوێندندا، جا لە كەرتی گشتی بێت یان كەرتی تایبەتی، ئەمە كارێكی باشە و ئاستی زانستیی زانكۆكان دەردەخات كە كێ‌ لە پێش كێیەوەیە. بەڵام بەڕێزتان دەزانن كە ئەو پێوەرانەی كە دەریدەخەن زانكۆیەك پلەی یەكەمە و زانكۆیەكی تر لە پلەیەكی دیكەدایە زۆر زۆرن، بۆ نموونە پێوەر تەنها بوونی مامۆستا نییە، یان بوونی توێژینەوەی زۆر نییە، تەنها رووبەری زانكۆكە نییە، بەڵكو پاراستنی لە رووی ژینگە و باخچە و چەندین پێوەری تریش هۆكارن بۆ دەستنیشانكردنی رانكینی زانكۆكان، ئەم كارەش بە شێوەیەكی ئینتەرناشناڵ ئەنجامدەدرێت نەك ئێمە لە كوردستان لەخۆمانەوە ئەنجامی بدەین. 
خاڵی نەرێنی رانكین-یش لەوەدایە، كە بۆ نموونە بەراوردكردنی زانكۆكانی سلێمانی و سەڵاحەدینی هەولێرە بە زانكۆكانی چەرمۆ و زاخۆ، چونكە ئەم دوو زانكۆیەی دوایی زۆر تازەن بەرامبەر بە زانكۆكانی سلێمانی و سەڵاحەدین، لە رووی مامۆستا و بیناو رووبەر و ئەنجامدانی توێژینەوە و لە رووی توانای داراییانەوە، كە ئەمەش زۆر نەرێنییە و ناكرێت ئەو 16 زانكۆ حكومییەی هەمانە لە هەرێمی كوردستان هەموویان بخەینە یەك تای تەرازووەوە.
 بە بۆچوونی خۆم ئەم بەراوردكارییە جۆرێك لە نادادپەروەری تێدایە، بۆیە دەكرێت تەنیا زانكۆكانمان لە رووی جیهانییەوە كێبڕكێ‌ بكەن بۆ مەسەلەی رانكین لەوانەیە باشتر بێت.
بڕیارەكان كاریگەریی باشیان هەبوو
* بەو پێیەی بەڕێزتان بەڕێوەبەری گشتیی كاروباری كارگێڕی و دارایی هەموو وەزارەتن، تا چەند لە رووی داراییەوە هاوكاری دامەزراوەكانی خوێندنی باڵان، یان بۆ نموونە كاتی خۆی شتێك هەبوو ناوی (سندوقی داهاتی زانكۆ) بوو، ئەمەش بریتی بوو لە گەڕانەوەی داهاتی زانكۆكە بۆ خۆی و بەكارهێنانی بۆ راییكردنی كاروبارەكانی خۆی، ئەمە ئێستا چۆنە؟
-سەبارەت بە مەسەلەی داهات، ئەو بڕیارانەی وەزیری خوێندنی باڵا، بۆ داشكاندنی كرێی خوێندن، كاریگەرییەكی باشی هەبوو لەسەر داهاتی زانكۆكان، بە شێوەیەك بە هەوڵی جەنابی وەزیر و بە هاوكاری ئەنجومەنی وەزیران لەم كابینەیەدا بڕیاردرا %45ی داهاتی دیوانی وەزارەتی خوێندنی باڵا، وەزارەت بتوانێت بۆ كاروبارەكانی خۆی خەرجی بكات كە ئەویش زۆربەی بۆ كاروباری زانكۆكان بەبێ‌ جیاوازی خەرجدەكرێت، هەروەها %70ی داهاتی زانكۆكان خۆیان بتوانن خەرجی بكەن.
داهاتی زانكۆكان كەم نییە، بەڵام خەرجییەكانیشیان زۆر زۆرە، بۆیە ئەوەندەی من ئاگادارم بەو پێیەی كە بەڕێوەبەری گشتیی كارگێڕی و داراییم و تایبەتمەندم بەو كارە، دەزانم كە خەرجی زانكۆكان زۆر زیاترە لەو داهاتەی كە دەستیان دەكەوێت، بەڵام داهاتەكە وەكو پاڵپشتییەكی دارایی وایە دەتوانن ئیشوكارەكانیانی پێ‌ راییبكەن. 
هەروەها ئەو داهاتی %45ی دەگەڕێتەوە بۆ دیوانی وەزارتیش دیسانەوە بەپێی پێداویستی و لەسەر داوای زانكۆكان بۆیان خەرجدەكرێتەوە كە لە 10 ملیۆنەوە دەستی پێكردووە تا 500 ملیۆن دینار رۆیشتووە ئەویش بەپێی زەرورەت.
ئۆفیسی كراوە و بەرپرسی خاكی
*دوا پرسیارم، كەمێك جیاوازە، چونكە پەیوەندیی بە خودی بەڕێزتانەوە هەیە، لەم رۆژانەدا چەند مامۆستایەكی زانكۆ لە تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان، چەند پۆست و كۆمێنتێكیان نووسیبوو، كە تێیدا ستایشی بەڕێزت دەكەن، دەڵێن مەسئولێكی خاكیت، نە سكرتێر و نە پرسگەت نییە و بەردەوام دەرگات لەسەر پشتە؟ بۆ ئەمە دەڵێی چی؟ (بۆ زانیاری خوێنەران من خۆم وەكو رۆژنامەنووس ئەمەم بەچاوی خۆم دیوە)؟
-سەبارەت بەم پرسیارەت، سەرەتا سوپاسی تۆش دەكەم كە سەردانت كردووم و خۆت راییكردنی ئیشوكارەكانی هاووڵاتیانت بینیوە لە ئۆفیسەكەی من، هەروەها سوپاسی هەموو ئەو كەسانەش دەكەم چ لە رێی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، یان لە كۆڕ و كۆبوونەوەكاندا باسی منیان كردووە كە سكرتێر و بەڕێوەبەری نووسینگەم نییە. چونكە ئەوەی راستی بێت من خۆم باوەڕم بە پۆست و پلە و پایە نییە ئەگەر بۆ خزمەتی خەڵك نەبێت، بە تایبەتی كە من چەند پۆستێكم بینیوە و دەزانم هەمووی بۆ خزمەتی خەڵكە كە تۆ لەو شوێنەی. جگە لەمەش من نامەوێت لە رێگەی سكرتێر و بەڕێوەبەری نووسینگەوە كاروباری خەڵك راییبكەم، بەڵكو من هەردەم دەرگام لەسەر پشتە بۆ خزمەت و پێشوازیكردن لە هاووڵاتیان و مامۆستایان و خوێندكاران. بۆ زانیاری خوێنەرانیش سروشتی ژوورەكەی من وایە كە دوو دەرگای هەیە، بەردەوام هەردوو دەرگا كراوەتەوە بۆ هاووڵاتیان و لە خزمەتیاندام. تەنانەت من رۆژانی شەممەش دەوام دەكەم بۆ ئەوەی ئیشە كەڵەكە بووەكان راییبكەم، چونكە ئەو خەڵكە رێگایەكی زۆر دەبڕن تا كارەكەیان بۆ راییبكرێت و هەموو ئەوانەی دێنە لاشم وەك كەسی خۆم رێزیان دەگرم و بەپێی یاسا و رێنماییەكان ئەوەی پێم بكرێت بۆیان دەكەم، ئەمەش بە ئازایەتی نازانم، بەڵكو بە ئەركی خۆمی دەزانم.

بابەتە پەیوەندیدارەکان