شەهیدانی شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش

خوێنی لاوەكانمان بە نەخشەی سەرفرازیی كوردستانەوە

11:38 - 2024-09-23
ڕاپۆرت
96 جار خوێندراوەتەوە

ئاوات كۆكەیی

هەمیشە نرخی پاراستنی خاك و نەتەوەی كوردستان، خوێنی رۆڵەكانی بووە. 
بەدرێژایی مێژووی شۆڕشەكانی كورد كە دژی داگیركاری و ستەمی دەوڵەت و نەتەوە سەردەستەكان بەرپاكراون، هەر خوێن و ژیانی گەنجەكان دەبووە ئاوی ئاشی شۆڕشەكە، ئەگەرچیش قوربانی زۆر درا، بەڵام پیلانی دوژمنانیان لە گۆڕدەنا، پیلانی چۆڵكردنی خاكی كوردستان لە خەڵكەكەی، سڕینەوەی بە شێنەیی شوناسی كوردبوون و تێكەڵكردنی هەموو بەهایەكی نەتەوەیی خەڵكی كورد لەگەڵ نەتەوەی سەردەستەدا، دواتریش ونكردن و توانەوە و نەهێشتنی، بەڵام لە ئەنجامی سەرهەڵدانی شۆڕشەكاندا، دوژمن كات و زەمینەی ئەو پیلانەی نەدەما و سەرقاڵ دەبوو بە شەڕ و هێرشەكانییەوە بۆسەر شۆڕشگێڕەكان، راپەڕینی 1991یش ئەو خەونەی دوژمنی بە یەكجاری بەتاڵكردەوە و كورد لە بەرامبەر بەرگریی و شەڕی مانەوەدا، پایەكانی دەوڵەتداریی دامەزراند و رۆژ دوای رۆژ زیاتر گەشەی پێدەدا.
ئیتر كە دوژمن پیلانە بنەڕەتییەكەی شكستی هێنا، كەوتەخۆ بۆ تێكدان و گێچەڵ دروستكردن، هەر لە ئابڵوقەی ئابووری و داخستنی هەموو دەروازەكان، تا ناردنی كەسانی بەكرێگیراو بۆ كوردستان بۆ كردەی تەقینەوە و پشێوی نانەوە، لەوەش زیاتر دروستكردنی گروپی تیرۆریستی و هاندانیان بۆ تێكدانی هەلومەرجی نوێی كوردستان.
بەڵام دیسان رۆڵەكانی كوردستان، هەروەك جاران لە گیانبەخشین نەسڵەمینەوە و لەبەرامبەر پارێزگاریی قەوارەی هەرێمدا، خوێنی خۆیان كردە شاباش و مۆری سەركەوتن.
سەرهەڵدانی گروپی تیرۆریستی داعش و پەلامارەكانیان بۆ سەر ناوچەكانی كوردستان، لە چوارچێوەی هەمان بەرنامە و پیلاندا بوو، بەڵام بە جۆرێكی تر و بە رێگەیەكی جیاواز و لەلایەن سەرە گەورەكانی دوژمنی تەوەی كوردەوە.
لە شەڕی سەختی ئەو تیرۆریستانەدا، كورد قارەمانانەتر لە جاران بەرگریی كرد و هەر بە تەقەی تفەنگی شەرەف، زەماوەندی بە چۆكداهێنانی دوژمنی گێڕا و دەستە دەستەش رۆڵەكانی كورد، خوێنی خۆیان لەو زەماوەندەدا دەكردە شاباش.
لەو سەدان رۆڵە قارەمانەی كورد كە لە شەڕی تیرۆریستانی داعشدا شەهیدبوون و میدالیای جوامێریی تێكشاندنی دوژمنیان بە بەرۆكدا كرا، شەهیدان ئەشرەف ئێناخی و نیازی رەئوف بوون.
شەهید ئەشرەف ئێناخی
شەهیدی فەرماندە  ئەشرەف غەفار ئاغا ئێناخی، لە دایكبووی ساڵی 1971ی گوندی سازانی پارێزگای هەڵەبجە یە.
خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی لەو شارە تەواو كردووە، بنەماڵە و عەشیرەتەكەی رۆڵی دیاریان لە شۆڕشەكانی كوردستان بە تایبەتی شۆڕشی نوێ و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا بینیوە، ژمارەیەكی زۆر لە رۆڵەكانیان لەو رێبازەدا شەهیدبوون، شەهید ئەشرەفیش لە ژێر كاریگەریی ئەو واقیعەی تێكۆشەرانی عەشیرەت و شەهیدەكانیان، هەر لە سەرەتای لاوێتیدا هەمان رێبازی گرتەبەر و لە سەرەتای راپەڕینی 1991ەوە لە ریزەكانی یەكێتیدا، چەكی پێشمەرگایەتیی كردەشان.
بە درێژایی ساڵانی پێشمەرگایەتی، رۆڵەی بە هیممەت و دەستكەرەوە و خاوەن ئیرادە و سەرمەشقی بەرپەرچدانەوەی ساتە سەختەكان بوو، ئەو سەختییانەی روویدەكردە وڵات و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان.
ساڵی 1998 خولی ئەفسەرانی تەواوكردووە و دوا پلەی موقەدەم بوو.
بەداخەوە، بەرەبەیانیی رۆژی 4/9/2014، لە ناحیەی یەنگیجە-قەزای دوزخورماتوو، لەشەڕی روبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعشدا، شەهیدكرا.
شەهید نیازی رەئوف رەشید
شەهید نیازی رەئوف رەشید، لە دایكبووی ساڵی 1985ی شاری هەڵەبجەیە، ساڵی 1988 خێزانەكەیان كەوتوونەتە بەر هێرشەكانی كیمیابارانی هەڵەبجە و دوای ئەوە ئاوارەی ئێران بوون، پاش گەڕانەوەیان بۆ عیراق، بە خێزانی دەستگیر كران و شەش مانگ لە زیندانی نوگرەسەلمان بەندكران.
شەهید نیازی وەك پێشمەرگەیەكی قارەمان بەردەوام لەناو سەنگەری مەردایەتیدا بووە و بە گیانی خۆی بەرگریی لە ژیان  و ئارامیی خەڵكی كوردستان كردووە، چەندینجار لەگەڵ فەرماندەكەی (شەهید ئەشرەف ئێناخی)، لەكەناری مەرگدا بینراون و بوێریی زۆریان نواندووە.
رۆژی 4/9/2014 كە ئەشرەف ئێناخی شەهید دەكرێت، ئەمیش هەوڵی دەربازكردنی تەرمەكەی دەدات، بەڵام بەداخەوە ئەویش شەهیدكرا و بووە دووەمین شەهیدی خێزانەكەی.

بابەتە پەیوەندیدارەکان